لە یادی 33 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی كوردستانی نوێ و داگیرساندنی مۆمی 34 ساڵەیدا، رۆژنامەی كوردستانی نوێ دوێنێ شەممە 11/1/2025، دوو چالاكی لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ سازكرد.
سەرەتای دوو مەراسیمەكە، د. عەدالەت عەبدوڵڵا سەرنووسەری كوردستانی نوێ، لە وتەیەكدا ئاماژەی بەو گۆڕانكاری و نوێگەرییانە كرد كە لە ماوەی ساڵی رابردوودا هاتۆتە ئارا، كە بۆتە هۆكاری ئەوەی رۆژنامەكە زیاتر و بەرفراوانتر بچێتە ناو خەڵكەوە، وەكو تەرخانکردنی لاپەڕە بۆ بەشەکانی تری کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان و کێشەی خاڵک، فراوانكردنی تۆڕی پەیامێنران و هێنانی چەندین نووسەر و قەڵەمی نوێ و باش بۆ رۆژنامەكە كە رۆژانە بەوتارەكانیان رۆژنامەكە دەوڵەمەندتر دەكەن، لەگەڵ دەركردنی چەندین پاشكۆ و دووتوێی تایبەت بە شار و ناوچە جیاجیاكان، لەگەڵ بوونی بەرنامەی تر بۆ گەشەپێدانی زیاتر رۆژنامەكە، كە لەئاست ئەو گەورەییە بێت كە 33 ساڵە كوردستانی نوێی بۆ دامەزراوە.
پاشان، مەراسیمی بەخشینی مەدالیای رێزلێنان بۆ دوو نووسەر و رۆژنامەنووسی هاوكاری كوردستانی نوێ بەڕێوەچوو، كە ئەوانیش هەریەك لە رۆژنامەنووسان (لەتیف فاتیح فەرەج) و (د. نەوزاد عەلی ئەحمەد) بوون، كە ساڵانێكە لە بواری نووسین و رۆژنامەنووسیی خزمەت بە كوردستانی نوێ و وشەی كوردی دەكەن.
كە بۆ هەریەكەیان ڤیدیۆیەكی تایبەت لەبارەی ژیان و بەرهەم و كۆششەكانیان پێشكەشكرا، دواتر مەدالیای رێزلێنانی كوردستانی نوێ لەلایەن سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی، پێشكەش بە نووسەر و رۆژنامەنووس لەتیف فاتیح فەرەج كرا، دواتر لەلایەن باڵیۆز محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی، پێشكەش بە نووسەر و رۆژنامەنووس و ئەكادیمی د. نەوزاد عەلی ئەحمەد كرا.
بڕگەی دووەمی چالاكییەكە، كۆڕێك بوو بۆ ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبێك لە نووسینی مام جەلال تاڵەبانی بەناوی(حول المشكلة الكردیة في العراق) كە بەزمانەكانی كوردی و عەرەبییە و لە ئامادەكردنی د.نەوزاد عەلی ئەحمەدە و لە بڵاوكراوەكانی كوردستانی نوێ-یە سەرەتا لەلایەن ئامادەكارەوە قسەی لەبارەوە كرا، ئاماژەی بەناوەڕۆك و بایەخی كتێبەكە كرد چ لەسەردەمی خۆی و چ بۆ ئێستاش كە لەلایەن سیاسەتمەدارێكی گەورەی وەكو سەرۆك مام جەلال نووسراوە. پاشان كتێبەكە بە دیاری بەسەر ئامادەبووان دابەشكرا.
بڕیارە ئەمڕۆش لە رۆژی دووەمی یادەكە، كە دەكاتە یەكشەممە 12/1/2025، سەعات 10ی بەیانی بۆ 12.30 نیوەڕۆ مەراسیمی پێشوازی لە میوانانی كوردستانی نوێ بەڕێوەبچێت كە بە مەبەستی پیرۆزبایی سەردانی بارەگای رۆژنامە دەكەن. پاشان سەعات 12.30 بۆ 1 نیوەڕۆ مەراسیمی دابەشكردنی رێزلێنان بۆ رۆژنامەنووس و كارمەندانی كوردستانی نوێ بەڕێوەدەچێت، لەپای ئەو ئەرك و خزمەتەی پێشكەش بە رۆژنامەكەیان كردووە، وەكو یەكەمین رۆژنامەی رۆژانەی دوای راپەڕینی 1991 كە تا ئێستا بەردەوامە و زیاتر لە 9000 ژمارەی لێدەرچووە.
شایانی باسە، بە بڕیاری رەوانشاد سەرۆك مام جەلال رۆژنامەی كوردستانی نوێ، لە 12/1/1992 ژمارە (0)ی دەرچووە كە ئەو كات بارەگای سەرەكی لە شاری هەولێر بوو، لەو رۆژەوە تائێستا بەشێوەی رۆژانە بەردەوامە لە دەرچوون و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەریدەكات.
كۆمار مەسعود
فۆتۆ: حەمە عومەر