زانیاریی نوێ لەبارەی کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا ئاشکرابوو

10:26 - 2025-01-12
عیراق
49 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بە راشکاوی و توندی لەبارەی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و دواکەوتنی، بژێوی ژیانی خەڵک و شایستە داراییەکانی هەرێم  قسەی کردووە و بۆچوونەکانی بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی ئەم پرسە خستۆتەڕوو، بە روونی رووی دەمی کردۆتە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە و داوایکردووە با گفتوگۆی روون و جدی بکەین لەسەر کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم، بزانین هۆکاری سەرەکی ئەم کێشەیە چییە، چونکە نابێت چیتر مووچە و ژیانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت، چونکە بە پێی دەستوور دەبێت مووچەخۆرانی هەرێم هاوشێوەی مووچەخۆرانی عیراق مافیان پارێزراوبێت و لەیەک کاتدا مووچە بە یەکسانی دابەشبکرێت و هاووڵاتیانمان بێبەش نەکرێت لە شایستەکانیان.
بەپێی زانیارییە بەردەستەکان، هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک بافڵ رایگەیاندوە چیتر مایەی قبووڵ نییە بە ناوی پاساوی جیاجیا و سیاسییەوە مووچە دوابخرێت و دەست بخرێتە قووتی خەڵکەکەمانەوە. دەبێت لە یەک کاتدا مووچە دابەشبکرێت و ئەم کێشەیە بە تەواوەتی نەهێڵین و راستگۆبین لە خەڵک خۆمان و خەڵکەکەمان.
ئەوەش ئاشکرابووە ، پێشتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی ئەم پەیامەی بە نێردە و نوێنەری وڵات و سەرکردە سیاسییەکانی عیراق داوە تا چیتر ئەم پرسە بە سیاسی نەکرێت و خەڵکی کورستان نەکرێنە قوربانی بۆ ئەوەش داوای باپەند بوونی بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵییەوە کردووە تا موچەی مووچەخۆرانی هەرێم  بە ویستی خەڵک و سەقامگیری لە وڵاتدا چارەسەر بکرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان