ئا: دڵان سامان
د. هاونیاز سامی بۆ کوردستانی نوێ : ئەو وانانەی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەخوێندرێن، زۆربەیان پێویستیان بە ئەبدەیت و خۆ گونجاندنە لەگەڵ بازاڕی کاردا
د. هاونیاز سامی، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی میدیایی، لەبارەی بەیەکەوە بەستنەوەی ئەکادیمیا و بازاڕی کار بۆ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ وتی: ساڵانە ژمارەیەکی زۆر خوێندکار وەردەگرین، دەبێت ئەمانە بەرهەمی خوێندنەکەیان بچننەوە، بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆیان و کارکردن لە بوارەکەی خۆیاندا، لەبەرئەوەی ئێستا ئەو حاڵەتەمان هەیە کەسێک لە بوارێکدا دەخوێنێت، بەڵام لە بوارەکەی خۆیدا کاری دەستناکەوێت یان رەنگە ئەو ئاست و کوالێتییەی ئەو خوێندوویەتی لە بازاڕی کاردا نەتوانێت سوودی لێ ببینێت.
دەتوانم بڵێم زۆربەی ئەو وانانەی لە ناوەندە ئەکادیمییەکاندا دەخوێندرێن پێویستیان بە ئەبدەیت و خۆ گونجاندنە لەگەڵ بازاڕی کاردا، بۆ نموونە کەسێک کە لە میدیادا دەخوێنێت دەبێت بزانین بازاڕی کاری ئێستای میدیا چییە، راستە رۆژنامەی کاغەزیی رۆڵی خۆی هەیە، بەڵام کاری میدیایی ئێستا لە رۆژنامەدا ناوەستێت و میدیای دیجیتاڵیی هەیە هەروەها تەلەفزیۆن..هتد، بێگومان بە هەردوو لایەنی تەکنیکی و رۆژنامەوانییەکەیەوە، چونکە ئەمانە تەواوکەری یەکترین و ناتوانم بڵێم بەشێکی میدیا دادەنێم تەنیا فێری لایەنی تەکنیکییان دەکەم وەک مۆنتاژ و دیزایین و کامێرا و ..هتد، نەخێر دەبێت ئەو بابەتانەیان فێر بکرێت، هەروەها دەبێت وانەشمان هەبێت بۆ بواری نووسین و فیکرییەکان، چونکە لە راستیدا لە کەناڵەکاندا ئەو دوو بابەتە یەکتری تەواو دەکەن، بۆیە زۆر گرنگە بواری ئەکادیمیا ئەبدەیت بکەینەوە و لەگەڵ بازاڕی کاردا بیگونجێنین.
خوێندن بە شێوازی سەردەمییانە
هەروەها د. هاونیاز وتی: ئەگەر پێشتر خوێندکارمان فێرکردبێت مۆنتاژی تەلەفزیۆنیی بکات، لە مەودوا پێویستمانە ئەو وانەیە هەبێت، بەڵام وانەش هەبێت فێری مۆنتاژی بکەین لە رێگەی ئەو سۆفت وێرانەوە کە لە رێی مۆبایلەوە مۆنتاژی پێدەکرێت، راستە رەنگە کەسێک هەبێت بڵێت دەتوانم لە رێگەی ئینتەرنێت و یوتیوبەوە فێری ئەو وانانە ببم، بەڵام ئەوە فێربوونێکی سەرەتاییە، ئەگەر ئێمە بمانەوێت بە چڕی فێری بکەین بە لایەنە زانستیی و ئەکادیمییەکە فێرببێت، لە ناوەندە ئەکادیمییەکان و بەشێوەی سەردەمییانە بخوێندرێ.
بەڵام هەندێکجار لەم شێوازە نوێیانەی خوێندن و ئەکادیمیادا کێشەمان بۆ دروست دەبێت، چونکە هەندێک لەو مامۆستایانەی وانەکان دەڵێنەوە خۆشیان پێویستیان بە ئەبدەیتە، راستە مامۆستا هەیە بیست ساڵە لە بوارێکدا وانە دەڵێتەوە، بەڵام نەهاتووە زانیارییەکانی خۆی نوێبکاتەوە و ئەبدەیتی خۆی بکات، بۆئەوەی لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا خۆی بگونجێنێت، بێگومان ئەمە بۆ هەموو بوارە ئەکادیمییەکان دەگونجێت، چونکە تۆ خوێندکار ماندوو دەکەیت وانەی پێ دەڵێیتەوە و ئەرکی دەدەیتێ وانەکان ئەبدەیت دەکەیتەوە لەگەڵ بازاڕی کاردا دەیگونجێنیت، بەڵام زۆر گرنگیشە بپرسین کێ ئەو پەیامە دەگەیەنێت؟ بۆیە زۆر گرنگە مامۆستای زانکۆ و پەیمانگەکان خۆیان ئەبدەیت بکەنەوە، ئینجا ئەمە لە رێی هەوڵی تاکە کەسییەوە بێت یاخود لە رێگەی ناوەندە ئەکادیمییەکان و ئەو خولە تایبەتانەوە بێت کە بۆ مامۆستایان فەراهەم دەکرێت.
ئەزموون لەگەڵ پسپۆرییدا گرنگە
هاوکات د. هاونیاز باسی لەوە کرد ئەو کەسانەی ئەزموونیان هەیە، چۆن لەگەڵ ئەکادیمیادا تێکەڵی بکەنەوە، ئەو کەسانەی ئەزموون و شارەزاییان هەیە گرنگە لەگەڵ پسپۆرییدا تێکەڵەیەک دروست بکەن، بۆئەوەی سەرکەوتووتر بن، من بە نموونەیەک قسەکانم چڕ دەکەمەوە، ساڵی 1999 چوومە رۆژنامەی کوردستانی نوێ و سەرەتا وەک تایپێست پاش چەند مانگێک وەک دیزاینەر دەست بەکار بووم و ئەو کاتە لەسەر سۆفت وێرێک خۆمان فێریی دیزایین کرد و کاری دیزاینەرم هەڵبژارد، لە هەمانکاتدا خوێندکاری ئامادەیی بووم، کاتێک چوومە زانکۆ بەشی میدیام هەڵبژارد، بۆچی ئەمەم کرد، چونکە هەستم بەو بۆشاییە دەکرد راستە من ئەزموون و شارەزاییم هەبوو، بەڵام پێویستم بە ئەکادیمیا و لایەنە زانستییەکە بوو پێکەوە گرێیان بدەم، بۆیە دەبینین ئەو کەسانەی لە بواری میدیادا کار دەکەن سەرکەوتووتر دەبن ئەگەر لایەنی ئەزموون و شارەزایی گرێبدەنەوە بە لایەنە ئەکادیمییەکەوە.
بە هەمانشێوە ئەو کەسەی تەنیا لایەنە ئەکادیمییەکەی هەیە و دەڵێ من بڕوانامەیەکم هەیە، لە میدیادا ئەمە هەموو شتێک نییە راستە هەندێ لایەنی کارەکەی لە خوێندنەکەیدا فێردەبێت، بەڵام ئەرزی واقیع و جێبەجێکردنی شتێکی دیکەیە، بۆیە ئەوانیش گرنگە ئەزموون وەربگرن، ئەوەی لە بازاڕی کاردا هەیە فێری ببن و گرێی بدەنەوە بە لایەنە ئەکادیمییەکەوە، بۆئەوەی بتوانن لە بوارەکەی خۆیاندا سەرکەوتوو بن.