ئا: ئیمان فەرهاد
لەگەڵ تێكدان و رووخانی گوندەكان و پێشكەوتنی تەكنۆلۆجیادا، خواست لەسەر كەلوپەلی كاری دەستی و بەرهەمەكانی پیشەی كۆنی كوردەواری لە هەولێر بەرێژەیەكی بەرچاو كەمیكردووە، بەتایبەتی دوای زیابوونی رێژەی هاوردەی كاڵا و پێداویستییەكان لە دەرەوە، پیشەوەران نەیانتوانی پێشبڕكێی ئەو كاڵایانە بكەن. لەوبارەیەوە كاسبكاران و خەڵكی بە تەمەنی هەولێر، نیگەرانن لەوەی بەهۆی بایەخ نەدان بە مێژووی شارێكی كۆنی وەك هەولێر، خەریكە كەلتور و كەلەپووری شارەكەمان لەناودەچێت، بەپێویستی دەزانن بۆئەوەی نەوەكانی داهاتوومان ئاشنای ژیانی باب و باپیرانیان بن، كاری دەستی و پیشەی سەردەمەكانی پێشوو بمێنێت و پارێزگاریان لێبكرێت.
فەرەیدون دارتاش، یەكێكە لە دارتاشەکانی هەولێر و كاری دەستی دەکات، كە وەك خۆی دەڵێت باب و باپیری كاری دارتاشی و پیشەی دەستیان كردووە، پێیوتین: بەهۆی ئەوەی پێشتر سەرجەم پێداویستییەكانی ناوماڵ و رۆژانەی خەڵكی گوند و دێهاتەكان لە دروستكردنی ناوخۆ بوو، بۆئەمەش چەندین بازاڕی دارتاشەكان و پیشەوەرانی دیكە لە هەولێر هەبوون، چەندین وەستای شارەزا و بەتوانا لە بواری دروستكردنی كەرەستەی لە دار و ئاسن دروستكراو كاریان تێدا دەكرد، ئەوكات خەڵكی گوندەكان داواكاری زۆریان لەسەر كەرەستە كشتوكاڵییەكان هەبوو، بەتایبەتی لە هەردوو وەرزی چاندن و دروێنەدا.
وتیشی: ئێستا لەگەڵ كەمبوونەوەی ژمارەی گوندەكان و گۆڕانكاریی لە شێوەی ژیانی جووتیاراندا، خواست لەسەر پێداویستیی كشتوكاڵی كەمیكردووە، بەشێكیشی بۆ زیادبوونی هاوردەكردنی كاڵا و پێداویستییەكان لە دەرەوە دەگەڕێتەوە، ئەمەش وایكرد كرێی دەستی و پیشەی كۆنی كوردەواری وەكو جاران خواستی لەسەر نەمێنێت، بەڵام دەكرێت بەهەرزانكردنی كرێی دوكانی پیشەوەران و لابردنی باج و رسومات لەسەر كاسبكاران، كاری دەستی و پیشە كۆنەكان زیندوو بكرێتەوە و لە فەوتان رزگار بكرێن.
زوهێر فەتاح، بەهرەدارێكی ترە لە بواری كاری دەستی پێیوتین: نەوەك هەر بازاڕی دارتاشی و كاری دەستی، بەڵكو پیشەی پەڕەچی و بەرگدرووی و ئاسنگەری و جۆڵایی و چەندانی تر لە هەولێر بەرەو نەمان دەچێت و هەندێكیان هیچ ئاسەوارێكیان نەماوە، بۆیە بەشێكی زۆر لە بازاڕەكانی هەولێر لە كاری پیشەسازی ناوخۆوە، بۆتە ناوەندێكی بازرگانی هاوردەكراو.
پێشیوابوو: هەر میللەتێك كاری دەستی تایبەت بەخۆی هەیە و دەبێتە شوناسی ئەو میللەتە، بۆیە بە نەمان و كەمبوونەوەی كاری دەستی و پیشەی كۆنی كوردەواری غەدرێكی ترە لە مێژووی شارێكی وەك هەولێر دەكرێت.
داواشیكرد: لە رێگای خوێندگا و پەیمانگاكانەوە گرنگی زیاتر بە كاری دەستی بدرێت، وەك چۆن پێشتر لە خوێندنگاكان وانەیەك دەخوێندرا، خوێندكاران رادەسپێردران هەریەكەیان كارێكی دەستی بكات، ئەمەش وایدەكرد بەهرەو توانای ئەو خوێندكارە دەربخات، لەدوا رۆژدا وەك پیشەیەك سوودی لێوەربگرێت.