گۆرانی گوند پایەیەكی سەرەكیی هونەری عیراق

09:56 - 2022-07-23
کەلتور
518 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئیدریس جەبار

هونەری گۆرانی لە عیراقدا بەبی ناوهێنانی گۆرانی گوندی (ریفی) نابێت كە بە كۆڵەكەیەكی سەرەكی دادەنرێت، بەو پێیەی هەڵگری هەست و نەستێكی دەگمەنە، هەرچەندە ئەو جۆرە گۆرانییە كە لە زۆنگاوەكان و لەنێو هەناوی دانیشتوانی باشووری وڵاتەوە سەریهەڵداوە و پێگەیەكی گەورەی لە نێو كۆمەڵگەدا بۆ خۆی داگیركردووە، ئێستا خەریكە بەرەو لەناوچوون دەڕوات، بەهۆی گۆڕانكاریی رەوشی كۆمەڵایەتی و ئەو وەرچەرخانە سیاسییەی ئێستا رووی لە عیراق كردووە. 
گۆرانیی ریفی وەك بە ناوەكەیدا دەردەكەوێت، گۆرانی گوندنشینەكان و دانیشتوانی زۆنگاوەكانی باشووری عیراقە كە قەسیدەی گۆرانییەكان بە شێوەزاری سادەیی باشوور و شێوازیی میوزیكی تایبەت ئاوێتەی یەك دەبن كە زۆر جار لەگەڵ ئامێرە سادەكانی وەك نەی و تەپڵ دەوترێت و پێكەوە وێنەیەكی تەواو ئاوێتەبووی ژیانی سادەی گوند  و چیرۆكی عیشقە بێگەردەكان دەنەخشێنن. 
تروسكەی مۆمی ئەم جۆرە گۆرانییە رۆژ لە دوای رۆژ خەریكە لە عیراقی نوێدا بەرەو كوژانەوە دەچێت و گۆڕەپانی عیراقی جۆرە نوێیەكانی گۆرانی ریفی بەخۆوە نابینێت، هۆكارەكەشی وەك پێدەچێت بۆ زۆرێك لەو گۆڕانكارییە كۆمەڵایەتیانە دەگەڕێتەوە كە بۆ ماوەی چەندان ساڵە لە وڵاتدا روودەدەن. 
سەلیم سالم، ئاوازدانەری عیراقی لەو بارەیەوە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە: «گۆرانی ریفی كاریگەر و دەركەوتوو نەماوە لە زۆربەی میدیا بینراو و بیستراوەكاندا، ئەوەی هەیە تەنیا لە هەندێك یانەی شەوانە و ئاهەنگی تایبەتدا لێرەو لەوێ دەركەوێت». 
هۆكاری خامۆشبوونی ئەو جۆرە هونەرە بە بۆچوونی سالم بۆ نەبوونی بایەخی دامەزراوە پەیوەندیدارەكان دەگەڕێتەوە، لەوانە پەیمانگەی توێژینەوە مۆسیقییەكانی سەربە وەزارەتی رۆشنبیریی عیراق كە ئاوڕ لە بەردەوامبوونی ئەو هونەرە فۆلكلۆرە جوانە نادەنەوە و پارێزگاریی لێ ناكەن، لەكاتێكدا دەبوو مێژووەكەی دۆكۆمێنت بكرێت و وەك هونەرێكی فۆلكلۆری بەرهەمی هونەرمەندە كۆچكردووەكان بە زیندوویی بهێڵدرێتەوە. 
بە وتەی سەلیم سالم لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، سەرقاڵبوونی دەوڵەت بەو جەنگانەی ئەم دواییەی عیراق كە یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانیان سڕینەوەی كەلتوری عیراق بوو بە هەموو شێوە و ئامرازێك، گۆرانی ریفیش بەشێكە لەو كەلتورەی كە هەوڵ بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی دەدرێت. 
سالم لەو بارەیەوە لە كاریگەریی تەوژمی ئایینی كەم نەكردۆتەوە كە لە عیراقدا لە دوای گۆڕانكارییەكانی ساڵی 2003 وە سەریهەڵداوە و بۆتە مایەی بڵاوبوونەوەی فەتوا هەڵەكان و دوورخستنەوەی خەڵك لە زۆربەی ئەو چالاكی و سروتانەی كە سیمای ئاینییان نییە. 
سالم پێیوایە لایەنی ئەرێنی لەو رووەوە ئەوەیە كە تەوژمی ئایینی ئەو جۆرە ئاواز و سروتانەی لەگەڵ خۆیدا هێنا كە تا ئەندازەیەكی زۆر پشت بە هەست و نەستی گۆرانی ریفی دەبەستن، ئەمەش لەگەڵ زیانەكانیدا سوودێكی هەبووە و بۆتە مایەی پارێزگاریی لە مانەوەی ئەو جۆرە گۆرانییە كە كەس نازانێت لە كۆندا بۆ یەكەمجار لەلایەن كێوە وتراون، بەڵام لەنێو خەڵكە میللییەكە بە رەدات و لەتمیات ناودەبرێن».
ئەو هونەرمەندە عیراقییە دەڵێت: گۆرانیی ریفی بە چەندان شێوازیی جیاجیا دەوترێت، هەندێكیان بە شێوازێكن لەگەڵ شاردا دەگونجێن، وەك شێوازیی شەتراوی كە بە ناوی شاری شەترەوە ناوی لێنراوە، حەیاوی كە لە شاری حەییەوە هاتووە، وێڕای شێوازەكانی تر كە بە ناوی گەورە گۆرانبێژانی ریفی وەك شێوازی توێرجاوی كە ناوەكەی لە گۆرانبێژ عەبدولئەمیر توێرجاوییەوە سەرچاوەی گرتووە، لەگەڵ شێوازیی سەبا كە لە ئاینی سابیئە مەندائییەكانی عیراقەوە ناوەكەی وەرگرتووە، لەگەڵ چەند شێوازیی تر. 
هەروەها سالم دەڵێت: زۆربەی شێوازەكانی گۆرانیی ریفی لە چوارچێوەی مەقامەكانی (بەیات) و (سەبا) و (زی كردین) و (حیجاز)  و (سەبا زمزی) و (مەخالف) و (هەزام) و ئەوانیترەوە دەوترێت». 
لای خۆیەوە عەبدولڕەزاق عەزاوی»سەرۆكی كۆمەڵی میوزیك ژەنەكانی عیراق لە لێدوانێكیدا لەو بارەیەوە رایگەیاندووە: دابەزینی زەوقی گشتی و بڵاوبوونەوەی تەوژمێكی گۆرانیی نزم، كاریگەرییان هەبووە لەسەر پاشەكشەكردنی گۆرانیی رەسەنی ریفی كە زۆرجار بە ناوی گۆرانی باشوورەوە ناودەبرێت، بەو پێیەی لە ناوچەكانی باشووری عیراقەوە سەریان هەڵداوە و بڵاوبوونەتەوە، بەرلەوەی لە شوێنەكانی تردا دەربكەوێت». 
بە بۆچوونی عەزاوی: هەمان ژینگەی هونەرەكەی تێیدا لەدایكبووە، ناوەكەی پێبەخشیووە كە ژینگەی ریفییە و سات لەدوای سات لەنێو خۆیدا قەتیس بووە و تێیدا تواوەتەوە، بەو پێیەی زۆنگاوەكان وشككران لە سەردەمی رژێمی پێشوودا لە ساڵانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، زۆربەی سیماكانی تریشی لەناوبران، وێڕای ئەمەش چەندان گوند لەگەڵ پەرەسەندنەكاندا بوونە شار و كەوتنە نێو گێژاوی جیهانگیریی. هەموو ئەوانە بوونە مایەی نەمانی ئەو ژینگەیەی هونەرەكەی لە ئامێز گرتبوو». 
غەزاوی دەڵێت: ناسنامەی گۆرانی ریفی، دەبێت بە نەمری بمێنێتەوە، چونكە نیشانەیەكی پرشنگدارە و زۆنگاوەكانی باشوور و گوندەكان و زەوی بەپیت و باڵندە و سروشت و غەزەل وەبیر  گوێگر دەهێنێتەوە، لەگەڵ هەموو ئەمانەدا گۆرانیبێژ بە سۆزی ناخی ئەو جۆرە گۆرانییەی بەرجەستە كردووە». 
تەلەفزیۆنی رەسمیی عیراق لەساڵانی هەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی رابردوودا، كاتی دیاریكراوی بۆ پەخشكردنی گۆرانیی ریفی و سازدانی ئاهەنگی تایبەت بەو جۆرە گۆرانییە تەرخان كردبوو، لە هەمان كاتدا نووسینگەكانی تۆمارگە ئەهلییەكان لەو دەمەدا چالاكبوون لە تۆماركردن و دابەشكردنی زۆرێك لە ئاهەنگە ریفییەكان. 
گۆرانی ریفی بەشێكە لە هەمەڕەنگی و مۆزایكی هونەریی لە عیراق كە بە هەمان شێوەی (چاڵغی بەغدادی) كە شێوازی تایبەت بە خەڵكی بەغدا و گۆرانی بەدەوی تایبەت بە پارێزگاكانی خۆرئاوا لەخۆدەگرێت. 
ئەوەی دەمێنێتەوە، گرەوی چاودێرە مۆسیقییەكانە لە عیراق لەسەر گۆرانییە گەورەكانی وەك (یمە یایمە)ی داخل حەسەن و (لو عاشرتهم)ی  ناسر حەكیم و (عمی یا بیاع الورد)ی حزێری ئەبولعەزیز و (مرینا بیكم حمد)ی یاس خزر و زۆرێك لەوانی تر كە لەبیرناكرێن و ئیلهامبەخشن بۆ دەسپێكی نوێی ئەو جۆرە هونەرە پایەبڵندە، لە پاش گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ وڵاتی میزۆپۆتامیا و زۆنگاوەكان. 

                    

               داخل حەسەن                                                       ناصر حەکیم                                                 حضری ئەبو عەزیز

بابەتە پەیوەندیدارەکان