ئەدەبی ژنان... شۆڕشی پیتەکان لە بەرەنگاریی داگیرکردندا

12:59 - 2025-01-16
ئەدەب و هونەر
121 جار خوێندراوەتەوە

نووسینی:
لەتیفە حەسیب ئەلقازی* 

ئا/ نەرمین عوسمان محەمەد


رەخنەی ژنانە بایەخ بە توێژینەوە لە جۆر دەدات و سەرەتاکانی لە کۆتایی شەستەکاندا بووە، رەخنەی ژنانە بووتە جێی بایەخی رەخنەگران و توێژەران لەبەرئەوەی بەدوای جیاوازییەکان و خاڵەکانی بەهێزیی ئەدەبی ژناندا، دەگەڕێت


ئەدەبی ژنان، بزووتنەوەیەکی ئەدەبیی نوێیە و لقێکە لە لقەکانی ئەدەب کە رۆڵی ئەوەیە پشت بە مەسەلە ئازادیخوازییەکەی ژنان دەبەستێت و هەمووجۆرەکانی ستەمی کۆمەڵایەتیی رەتدەکاتەوە، بۆیە ژنان توانیان لە رێگای داهێنانەکانیان و زمانەوە شوناسی خۆیان دروست بکەن و بەدوای خۆیاندا بگەڕێن، سەرباری هەموو فشارەکان و کۆژانەکانیان لە کۆمەڵگادا.
کارە ئەدەبییەکانی ژنان، بەو نووسینانە دەگوترێت کە دەربڕینی دیدە ژنانییەکانە بۆ جیهان، چونکە مەسەلەکانی وەکو توندوتیژیی دژی ژن و جیاوازیی کردنی رەگەزیی و مافی مرۆڤ و یەکسانیی نێوان هەردوو رەگەزەکە و ئازادیی تاکەکەسیی و شوناس دەخاتە روو، گومانیشی تێدانییە ئەدەبی ژنان یاریدەدەرە بۆ دروستکردنی شوناسی ژن و ناسینی مێژوو و کەلتور و رۆشنبیریەکەی وچەسپاندنی وشیاریی ژنانە و ئازادی هزر و رۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی، هەروەها ئەم بزووتنەوەیە زۆرێک لە ژانرە ئەدەبییەکان لەخۆ دەگرێت، لەنێوانیاندا شیعر و کۆرتەچیرۆک و رۆمانەکان و شانۆگەرییەکان و پەخشانی ئەدەبیی ون ووسینی رۆژنامەوانیی و هتد....
* جیاوازیی لەنێوان ئەدەبی ژن وئەدەبی ژنانەدا:
چەند جیاوازییەک هەیە لەنێوان نووسینی ژن ونووسینی ژنانەدا، ئەدەبی ژن(نووسینی ژن) بریتیە لە: کارەکانی ژنان بەبێ گوێدانە ئەو پێکهاتە و ناوەڕۆکەی کە دەربڕینە لە بزووتنەوەکە و پشتی بەستووە بە بیرۆکەی دادپەروەریی ویەکسانیی نێوان پیاو و ژن، لەبەرئەوە ئەودەقانە دەگرێتەوە کە ژن لەسەر ژن دەینووسێت و ئەو دەقانەیش کە پیاو لەسەر ژن دەینووسێت و ئەو دەقانەیش کە رەنگدانەوەی وێناکردنی ژنەکانە کە بۆ خۆیانی دەکەن و وێنای پەیوەندیی پیاو بەژنەوە دەکەن، بۆیە لێرەوە دەتوانین بڵێین ئەوەی دەقەکە کۆنتڕۆڵ دەکات یاساکانی نووسینی ئەدەبیە، بەڵام ئەدەبی ژنانە بریتییە لەو کارە ئەدەبییانەی بەرگریی لە ژن دەکەن بەبێ گوێدانە نووسەرەکەی کە پیاوە یاخود ژنە و خیتابێکە لەسەر بنەمای وشیاریی ژنانە داڕێژراوە لە رێگای خستنە رووی دۆخە کۆتوبەندکەرە سەپێنراوەکان بەسەر ژندا و گفتوگۆکردن لەسەریان و لێکۆڵینەوە لێیان، لە رێگای پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتیی یەکسانەوە، لە ئەنجامی ئەم ئەدەبەیشەوە چەندین خانمە رۆماننووسی داهێنەر دەرکەوتوون .
* نووسەرانی ئەدەبی ژنان لە جیهاندا: 
 یەکێک لە گرنگترین نووسەرەکانی ئەدەبی ژنان خانمە شاعیری فەلەستینیی "فەدوا تۆقان "ە کە لە دیوانە شیعرییەکانیدا ئەو جیهانە مرۆڤدۆستانەیەی ژنی بەرجەستە کردووە کە تینووە بۆ قووڵاییەکانی ژیان، بە هەموو رێڕەوەکانییەوە و بووە بە یەکێک لە بلیمەتەکانی بواری ئەدەب لە سەردەمەکەی خۆیدا. هەروەها خاتوو "شارلۆت بڕۆنتی" کە بەیەکێک لە داهێنەرە هەڵکەوتووەکانی ئەدەبی ئینگلیزیی لە سەدەی نۆزدەدا هەژمار دەکرێت، یاخود خاتوو "هێلین کیڵەر"ی ئەمریکیی ئەو ژنەی بە نووسەرە پەرچووەکە ناو دەبرێت چونکە وێڕای هەموو کەمئەندامییەکانی جەستەی، توانی تاریکییەکەی رێگای ژیانی خۆی وهەموو جیهان رۆشن بکاتەوە، هاوشێوەی ئەوانیش خانمە نووسەری ئەمریکیی "پیڕەڵ باک"  کە بوو بە خاوەنی خەڵاتی ئەدەبیی نۆبڵ بۆ ساڵی 1938 لە دوای نووسینی رۆمانی "خاکی بەپیت "
* رێبازەکانی نووسینی ژنانە:
لەراستیدا ژمارەیەکی زۆر لە رێبازەکانی نووسین هەن لە بزووتنەوەی ژناندا و بریتین لە مانە:
1 . رێبازی ژنانی لیبڕاڵ
2 . رێبازی ژنانی رادیکاڵ
3 . رێبازی ژنانی مارکسیی
4 . رێبازی ژنانی پاش بوونیەتگەرایی
5 . ریبازی ژنانی رەشپێست 
* رەخنەی ژنانە چییە؟
رەخنەی ژنانە لقێکە لە لقەکانی رەخنەی رۆشنبیریی، جەخت دەکاتەوە لەسەر مێژووی ژنان و مێژوونووسانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ژنان. رەخنەی ژنانە بایەخ بە توێژینەوە لە جۆر دەدات و سەرەتاکانی لە کۆتایی شەستەکاندا بووە، رەخنەی ژنانە بووتە جێی بایەخی رەخنەگران و توێژەران لەبەرئەوەی بەدوای جیاوازییەکان و خاڵەکانی بەهێزیی ئەدەبی ژناندا، دەگەڕێت. 
یەکێ لە گرنگترین خانمە رەخنەگرەکان کە هەوڵەکانی شایەنی ئاماژە پێ دانە و توێژەر و ئەکادیمیی بووە و کاریگەر بووە بە مێژووی کۆمەڵایەتیی و رەخنەی رۆشنبیریی، خاتوو(ئیلین شواڵتەر) ە کە خاوەنی کتێبی "ئازادی ژن و ئەدەبەکەی" یەتی "  هەروەها خاتوو (ماری ئەلمان) خاوەنی کتێبی "بیرکردنەوە سەبارەت بە ژن".
شایەنی باسە رەخنەی ژنانە تەنها بریتی نییە لە پەیامێکی پابەند بە خەباتەوە دژی جیاکاریی رەگەزیی، کە هەوڵ بدات بۆ هێنانەدیی یەکسانیی لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا، بەڵکو هزرێکی فەلسەفییە هەوڵ دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە مێژووی ژن و چەسپاندنی مافەکانی لە رووی جیاواز بوون و دەنگ دلێرییدا.

سەرچاوە: 
alhasad.co.uk

* لەتیفەحسێن ئەلقازی: خانمە شاعیر و چیرۆکنووس و ئەدیبێکی یەمەنی- یە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان