کۆلارەی نامەبەر

01:12 - 2025-01-16
ئەدەب و هونەر
189 جار خوێندراوەتەوە

کاروان عومەر

 دەی هاوڕێم زیاتر بەرز بەرەوە، ئەوەندەی خەون و خەیاڵەکانی من و دایكم بڕۆ، تا قوڵایی هەموو چینەکانی ئاسمان، تا ئەودیو سنووری فەنابوون، تا ئەو شوێنەی مرۆڤەکان تێیدا نامرن و کەس ناکوژرێت، تا ئەو جێگایەی هیچ شتێک نامێنێت بەناوی نیشتمان، دوو دڵ مەبە و مەوەستە و مەترسە. دەزووەکە قرچۆک نییە وەک بەختی من و ئاڵۆزیی و کەرتوو پەرت بوونی رۆژەکانی دایکم.
ساڵانێکە دڵی دایکم بۆتە گۆڕ و تەرمێکی لەناودایە، ئەو نەیتوانی پر بە دڵ بۆنی ژنێتیی خۆی بکات، بۆ جارێکیش پرچی لەبەر ئاوێنەی خۆشبەختیدا شانە نەکرد، هاورێم ئەمەی بۆت باس دەکەم قسەی ئەوە: ئێوارە بوو، کەشوهەوا فێنک و زەویـــش نۆبەرەی بارانی کردبوو، لەبەردەم قاپیی کۆڵان، لەســـەر یەکێک لە پلیکانەی بەردەم ماڵەوە دانیشتبووم، بەچاوی پر لە خۆزگەوە سەیری هاورێکەمم دەکرد، چۆن پاسکیلەکەی لێ دەخوڕیی، دوو دڵیی نە زۆر گەورە و نە زۆر بچووک، کە لە فسفۆڕی سوور دروستکرابوون بە ویلەکانیەوە توندکرابوون، تا خێرا و خێراتر پایدەری لێبدایە، دڵە باغەکان جوانتر دەردەکەوتن و وەک پشکۆی ناو ئاگردان زیاتر دەدرەوشانەوە، دڵی منیش لەو کاتەدا خەریک بوو دەبوو بەئاو، بۆ یەک تۆز لێخوڕینی پاسکیلەکە، لەناکاو لەوسەری کۆلانەکەوە باوکی دەرکەوتوو، ئەویش هاواری کرد.. باوکم هاتەوە، بەرەو لای باوکی پایدەری خیراتری لێدەدا، منیش بەهێمنیی وەک هەمیشە بەبێ چاوەڕوانیی باوکم دەرگام داخست، راستەوخۆ چووم لەتەنیش دایکمەوە دانیشتم، بەبێ ئەوەی پێش وەختە خۆم، بۆ ئەو پرسیارە ئامەدە کردبێت پرسیم: باوکم بۆ کۆتاجار کەی بوو گەڕایەوە بۆ لامان و کەی شەهید بوو؟  ئاوەها دەستی بە گێڕانەوەی چیرۆکەکە کرد.. کۆتا رۆژی مانگی گەلاوێژ بوو، تۆ لە باوەشمدا بەدەم شیرخواردنەوەوە خەوت لێ کەوتبوو، تووند دەستە بچووکەکانت لە مەمکم گیر کردبوو، وەک ئەوەی بزانی ئەمە کۆتا ژەمە شیرم بخۆیت، نە دەمت و نە دەستت لە مەکم بەرنەدەدا. وتیشی: هەر واش بوو ئیدی، هەموو شتێک وشکی کرد، شیر، باوەشی باوکت و پێکەنین و زۆر شتی تریش، تەنانەت  درەختی حەوشەکەمان و گوڵی ناو تابلۆکەش وشکیان کرد.
 لە پڕ برا بچووکەکەی دایکم بە شپرزەیی خۆی دەکات بە ژوردا و بەزمانە فسەکەی هەواڵی شەهید بوونی مێردەکەی پێ دەڵێت، دڵنیاشی دەکاتەوە جەنازەکەی  بۆ مزگەوت براوە. دەشی وت؟ ئەگەر چی خۆم ئەو ساتەوەختەم بە تەواویی نایەتەوە بیر، بەڵام هەموو کات خاڵم دەڵێت: ئەو کاتەی پێم وت، قیژەیەکی کرد، مەگەر تەنها لە دۆزەخدا بیسترابێت. وەک ئەوەی پەرداخێک شەربەتی مێوژبم بەدەستییەوە، لەگەڵ بیستنی ئەو هەواڵە تاڵە، منداڵەکەی کە منم لە باوەش دەکەویت و بەرەو مزگەوتەکە رادەکات. لەگەڵ کەوتنم سەرم دەکەوێت بەزەویدا و خراپ ئەزێتم پێ دەگات، بۆ ماوەی شەش هەفتە بێهۆش دەبم و بەیانییەک وەک پەرچوو چەند کۆکەیەکم، پزیشک و پەرستارەکان دەخەنە پێکەنین و جارێکی تر دەگەڕێمەوە بۆ ژیان، ئا لەوێوە دەسپێکی رۆژە رەشەکانم دەست پێ دەکەن، بەهۆی کەمخۆراکیی و بێ ڤیتامینیی، مەمکی دایکیشم  وشک دەکات.  سەرەڕای ئەو هەموو قۆرتەی دەکەونە سەر رێگامان  نەبوونییش دەستی خستبووە بیناقاقامان، خەریک بوو دەیکوشتین، بۆیە هەرچۆنێک بێت دایکم فێری خواردنی تریتم دەکات. ئیتر لەوێوە خۆشترین خواردنم دەبێتە تریتی نان و چا، لەگەڵ تریتی بسکیت.
دەی هاوڕێم تا زیاتر بەرزبێتەوە، نزیکتر دەبیتەوە لە باوکم. من دڵنیام ئیستا دەزانێت تۆم بۆ دیتنی ئەو ناردووە، کە گەیشتیتە لای باوکم نامەکەی بەرێ و پێشی بلێ لە کوڕەکەتەوە بۆت هاتووە:
 سڵاو بابە گیان، دڵنیام ئیستا تۆ ئێمە دەبینیت، دڵنیام ئەو راستیەشت بۆ دەرکەوتووە، نیشتمان ئەو خانمە شۆخ و شەنگە دڵڕفێنە بێ وەفایە بوو، خۆت کرد بە قوربانی. سەریشت لە من و دایکم شیواند بۆ ئەو. بابە... ئەمەت پێ ناڵێم تا دڵگرانت بکەم، بەڵام دوێنێ گوێم لە دایکم بوو، کاتێک خەریکی دروستکردنی نانی ئێوارەبوو، لەبەرخۆیەوە دەیگوت، دەمێکە گۆشتمان نەخواردووە، من لە پشتییەوە وەستابووم، نەیزانی گوێم لە گلەیی و گازندەی راگرتووە، بینیم دەستی برد بۆ دەموچاویی زانیم نایەوێت فرمێسکەکانی ببینم. رێک بەهێمنیی ژوورەکەم بەجێ هێشت.
 باوکە ئەوەی لەدەستی من هات بۆ دایکمی بکەم ئەم بیرۆکەیە بوو، کاتێک خواردنەکەی دانا، من لەسەر کاغەزێک بەگەورەیی نووسیبووم: گۆشت، لە نێوانی برنج و شلەی تەماتەکەدا دامنا، وەک ئەو (و )ەی، کە لە نێوان رستەی شەهید نامرێ(و) هەمیشە زیندووە دایە!.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان