عیراق دابەشکردنی مووجەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی دەستپێکرد

01:36 - 2025-01-19
عیراق
61 جار خوێندراوەتەوە

دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەرانی عیراق دەستیپێکرد و وەزارەتی دارایی عیراق داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکان دەکات، رێوشوێنەکانی وەرگرتنی مووچە تەواو بکەن.

وەزارەتی دارایی عیراق بڵاویکردەوە، دەست بە پارەدارکردنی مووچەی مانگی یەکی فەرمانبەران و هێزە ئەمنییەکان کراوە.
راشیگەیاند، داوا لە وەزارەت و پارێزگاو  بەڕێوەبەرایەتی و ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە وەزارەتەوە دەکەن، رێگەپێدراویان بنێرن بۆ تەواوکردنی داواکاریی پارەدارکردنی مووچەی فەرمانبەران و ئەندامانیان.
وەزارەتی دارایی عیراق جەختی لەوەشکردووەتەوە، پێویستە پابەندبوون بە خشتەی مووچەی مانگانەی پشتپێبەستراو لەبەرچاو بگیردرێت و سەرجەم داواکارییەکانی پارەدارکردن جێبەجێبکرێن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی 12ی ساڵی رابردووی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشنەکراوە.
وەزارەتی دارایی عیراق دەڵێت، پارەی موچەی مانگی 12ی ناردووە بۆ هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، بە ناتەواوی نێردراوە و ناتوانن مووچە دابەشبکەن.
شایانی باسە تاوەکو ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لە بارەی مووچەی مانگی 12ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەداوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان