هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن

09:34 - 2022-07-24
کوردستان
458 جار خوێندراوەتەوە

هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، شكست بە پیلانی دوو گروپی تیرۆریستی دەهێنن، ئەندامانی ئەو دوو گروپەش دەستگیر دەكرێن كە مەرامیان بوو كردەوەی تیرۆریستی لە هەولێر بكەن  و پیلانی  تیرۆركردنی چەند كەسایەتییەكیشیان داڕشتبوو.
بەگوێرەی دانپێدانانی دەستگیركراوەكان، پیلانیان دانابوو  هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان بكەنە ئامانجی كردەوەكانیان. 
بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەكان، ئۆپەراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی دروست و پشتڕاستكراوەی دەستكەوت لەسەر هەر دوو گروپە تیرۆریستییەكە لە هەرێمی كوردستان، كە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە كەوتوونەتە ژێر كاریگەریی فیكری تیرۆریستیی داعش و بە دوو ئاراستەی جیاواز پیلانیان دانابوو مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن.
پاش لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد، سەرەداو ئاشكرابوو، شوێن و جێگە و جووڵەی تۆمەتباران دەستنیشانكران و خرانە ژێر چاودێریی وردەوە.
دوای رەزامەندیی دادوەری لێكۆڵینەوە، بە بڕیاری سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی / هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دەزگای ئاسایشی هەرێم، لە چەند ئۆپەراسیۆن و هەڵمەتێكی سەركەوتووی جیاجیادا، ژمارەیەك تیرۆریستی داعشیان دەستگیركرد، كە پیلانیان هەبوو دوای جێبەجێكردنی مەرامەكانیان، هەڵبێن و پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن.

«ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی وەك هەمیشە سوپاسی بێپایانمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەردەبڕین كە هاوكار و پشتیوانی سەرخستنی كارەكانمانن»

دانپێدانانی تیرۆریستان 
تیرۆریست (ع ، ح) تەمەن 28 ساڵ، دانیشتووی قەزای خەباتە لە پارێزگای هەولێر، خێزاندارە ‌و خاوەنی دوو منداڵە، لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لە خشتە دەبرێت و پەیوەندی بە تیرۆریستانی داعشەوە دەكات و  پیلان دادەنێت چەند كردەوەیەكی تیرۆریستی لە چەند شوێنێكی گشتیی هەولێر بكات، بەڵام پێشوەخت لە سلێمانی لە رۆژی 1/6/2022 دەستگیركرا.
تیرۆریست (ئ، ئ) تەمەن 23 ساڵ، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، لە ساڵی 2019 بەیعەت بە تیرۆریستانی داعش دەدات و لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێكەوە دەكات. دوای ئەوەی پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن و هەڵبێن، 2/7/2022 لە سنووری هەڵەبجە بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور  دەستگیركرا.
تیرۆریست (غ ، س) تەمەن 23 ساڵ، دانیشتووی ئاكرێ، لە ساڵی 2020 بە هەمان شێوە لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی بیری توندڕەوی  و بانگەشە بۆ داعش دەكات، دواتر پەیوەندی لەگەڵ چەند تیرۆریستێكی تر لە شارەكانی هەرێم دەبەستێت و  داوای لێدەكرێت بێتە سلێمانی و سەرباری كاركردنی، بەردەوام لە هەوڵی فراوانكردنی گروپەكەیاندا دەبن و لەگەڵ چەند هاوەڵێكی  پیلان دادەنێن پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن. بەڵام  8/7/2022 دەستگیركرا.
تیرۆریست (س ، ت) تەمەن 21 ساڵ، دانیشتووی سلێمانی، ساڵی 2020 لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە فریو دەدرێت و فیكری داعش وەردەگرێت، دواتر لە سۆشیال میدیا چەند تیرۆریستێكی تر دەناسێت و پەیوەندییەكانیان رێكدەخەنەوە و مەرامیان بووە پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن،  بەڵام پێش جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، لە 10/7/2022 لە سلێمانی دەستگیركرا.
تیرۆریست (ز ، م) تەمەن 20 ساڵ، دانیشتووی سلێمانی، لە ساڵی 2019 لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە دەكەوێتە ژێر كاریگەریی فیكری توندڕەوی داعش و پەیوەندی بە چەند تیرۆریستێكی ترەوە دەكات و دوای چەندین كۆبوونەوە، پیلان دادەنێن هەڵبێن و پەیوەندی بە چەكدارانی داعشەوە بكەن، بەڵام لە 15/7/2022 دەستگیر دەكرێت.

لەپێناوی ژیانی خەڵك و ئۆقرەیی هەرێمدا
هەر پەیوەست بە هەوڵەكان، بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئارامیی خەڵك، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین تیرۆریست دەستگیر كراون و رووبەڕووی یاسا كراونەتەوە و لەبەر سەلامەتیی لێكۆڵینەوەكان و پاراستنی ئاسایشی ئابووری و كۆمەڵایەتی، زانیارییەكان بە نهێنی هێڵراونەتەوە.
ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی وەك هەمیشە سوپاسی بێپایانمان بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان دەردەبڕین كە هاوكار و پشتیوانی سەرخستنی كارەكانمانن و لە خەمی ئارامیی هەرێمدان، كە ئەمە سوورترمان دەكات پەرۆشتربین بۆ زیاتر راپەڕاندنی ئەركەكانی سەرشانمان و بێ پشوو لەپێناوی ژیانی خەڵك و ئۆقرەیی و ئاسایشی هەرێمی كوردستاندا كاربكەین و تۆمەتبار و هەڵهاتوان لە یاسا و سەرپێچیكاران و هەموو ئەوانەی دادگا داوایان دەكات، راپێچی بەردەم دەسەڵاتی دادەوەری بكەین.

بۆ بنەبڕكردنی فیكری توندڕەوی
ئەوەی جێگەی هەڵوەستەی جددی و تێڕامانە، ئێستا تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و پلاتفۆرمەكانی سۆشیال میدیا یەكێكن لە هۆكارە سەرەكییەكانی لە خشتەبردنی گەنجانی هەرێمی كوردستان و وەك سەكۆیەك بەكاردەهێنرێن بۆ بانگەشەكردنی فیكری توندڕەوی داعش و جێبەجێكردنی مەرامەكانیان، كە ئێمە لە پەرۆشیمانەوە بۆ رێگریكردن لەم دیاردەیە و پارێزگاریكردن لە ژیانی گەنجان و پاراستنی داهاتوویان، كە برا و كوڕ و كەسوكاری ئێمەن و سەرمایەیەكی گرنگی هەرێمەكەشمانن، داوا لە مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، پەروەردەكاران، توێژەرانی كۆمەڵایەتی ‌و دەروونی، راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسان و خاوەن قەڵەم و نووسەرانی بەڕێز دەكەین، لەسەر ئەم پرسە كە پەیوەندی بە تاك بە تاكی كۆمەڵگەكەمانەوە هەیە، ئامادەییان هەبێت لە هۆشیاركردنەوە و هاوكاربن بۆ بنەبڕكردنی فیكری توندڕەوی، كە لەپاڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا دەیانەوێت مەرامەكانیان جێبەجێ بكەن، چونكە ئایینی ئیسلام بێبەرییە لە تیرۆر و ترس و تۆقاندن و ئایینێكە بۆ پێكەوەژیان و برایەتی و چاكەكاری.

بەڕێوەبەرایەتیی
 ئاسایشی پارێزگای سلێمانی
23/7/2022

#هێزەكانی ئۆپەراسیۆن

بابەتە پەیوەندیدارەکان