د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا، پێشوازی لە محەمەد كازم ئال سادق باڵیۆزی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە عیراق، كرد و لە دیدارێكدا دوایین پێشهاتەكان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان و هەوڵەكان لەپێناوی سەقامگیری و ئاسایشی نێودەوڵەتی، تاوتوێكران.
لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار، گرنگی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و هاوكاری و هەماهەنگی هاوبەشی دووپاتكردەوە و ئاماژەشی بە گرنگی بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كرد بۆ سەرخستنی زمانی دیالۆگ و ئارامی و دووركەوتنەوە لە هەر كارێكی نەرێنی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەكە بەتایبەتی و جیهان بەگشتی.
باڵیۆزی ئێرانیش، پشتیوانی وڵاتەكەی لە هەوڵەكانی عیراق بۆ پاراستنی ئاسایش و ئاشتی و گرنگی پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە خزمەتی بەرژەوەندییە هاوبەشەكاندا دووپاتكردەوە.