بەهەشت دڵشاد، كچە پاڵەوانێكی یاریی موای تای-ە لەسەر ئاستی عیراق و كوردستان و خەون بە سەركەوتنی گەورەوە دەبینێت و یارییەكی گرنگیش دەكات.
بەهەشت دڵشاد -ی تەمەن 12 ساڵان، ماوەی شەش ساڵە یارییەكانی كیك بۆكسینگ و موای تای دەكات، راهێنەرەكەشی باوكییەتی كە یاریزانی یانەی مواتای یانەی شێروانەیە.
بەهەشت خۆی بە قەرزاری باوكی دەزانێت و هەبوونی باوكی وەك راهێنەر بە گەورەترین هۆكاری سەركەوتنەكانی دەزانێت و دەڵێت: ״باوكم پشتیوانییەكی باشم دەكات، ئەو شەونخونی زۆری كێشاوە بۆ ئەوەی لەگەڵ هەردوو خوشكەكەی ترم پێبگەین و بەخەونی خۆمان بگەین״.
رونیشدەكاتەوە: ساڵی 2024 ساڵی خەونە گەورەكانی بووە، دوای ئەوەی بووە بە پاڵەوانی خولی بێچووە شێران و بووەتە باشترین یاریزانی خولەكە لەسەر ئاستی یانەكانی عیراق و توانیوویەتی لەو ساڵەدا دوو پشتێنی پاڵەوانیەتییەكە بباتەوە.
ئەو لە هەموو ئەو ركابەرییانەدا كە تا ئێستا لە سەرجەم شارەكانی كوردستان و عیراقدا بەشداریی تیایاندا كردووە، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە، بۆیە خەون بەوەوە دەبینێت کە لە كێبڕكێ جیهانییەكاندا بەشداری بكات و ببێتە پاڵەوانی جیهان. جەختیش لەوە دەكاتەوە كە رێگەكەی زۆر دوور و درێژە تا بەو خەونە بگات.