رۆژی شەممە 11/1 یارییەكانی پاڵاوتنی هەڵبژاردەكانی فوتساڵی خانمانی وڵاتانی ئاسیا لە تایلەند دەستیپێكرد و رۆژی یەکشەممەی رابردوو کۆتاییهات، لەم پاڵاوتنانەدا 18 هەڵبژاردەی خانمانی وڵاتانی ئاسیا بەشدار بوون، بەسەر 4 گروپدا دابەشكرابوون، گروپەكانی یەكەم و سێیەم، هەریەكەو 5 هەڵبژاردە و دووەم و چوارەمیش هەریەكە و 4 هەڵبژاردە بوون.
یارییەكانی ئەم پاڵاوتنە كۆتاییانهات، عیراق كە لە گروپی یەكەمدا لە بارودۆخێكی زۆر خراپدا بینرا و چوارەمی گروپەکە بوو، یەكەم یاریی لەگەڵ فەلەستین یەكسان بووە، دووەم یارییشی 5-9 بەحرەین دۆڕاند، سێیەم یارییشی 1-7 بە تایلەند دۆڕاند، واتە لەكۆی سێ یاریی تەنیا یەك خاڵی كۆكردەوە، لە چوارەم یارییدا 2-1 لە لوبنانی دوا هەڵبژاردەی گروپەكەی بردەوە و تەنیا 4 خاڵی لە 4 یارییەكەی خۆی كۆكردەوە و پاش لوبنانی دوا تیپی ریزبەندیی، چوارەمی گروپەكەی بوو، بەمەش ماڵئاوایی لە خولەكە كرد و نەیتوانی بگاتە دوا یارییەكان.
ئەم ئەنجامە خراپانەی هەڵبژاردەی فوتساڵی خانمانی عیراق لەم پاڵاوتنەدا، ناوەندی وەرزشیی عیراق بەگشتی و تۆپی پێی بە تایبەتی تووڕە كردووە، چونكە هەڵبژاردەی خانمانی عیراق، هەمیشە خاوەنی تیپێكی باش و ئەنجامی باش بووە لەسەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا، ئەم ئەنجامە خراپانەش دەگێڕنەوە بۆ لاوازی راهێنەری هەڵبژاردەكە كە خانمێكی پورتوگالییە و ناوی ڤیێرا بیتینكۆر -ە.
لەم پاڵاوتنانەوە، یەكەم و دووەمی هەرچوار گروپەكە و باشترین سێیەمی گروپەكانیش بۆ دوا یارییەكان سەردەكەون، لەگەڵ ئەماندا، چینی وڵاتی میوانداریكەر و ئێران و ژاپۆنی یەكەم و دووەمی پاڵەوانێتیی رابردوو، بەشداریی دوا یارییەكانی ئەم پاڵەوانێتییە دەكەن كە وا بڕیارە دوا یارییەكان مانگی ئایاری ئایندە لەچین رێكبخرێت.
ریزبەندیی كۆتایی گروپەكان
*گروپی یەكەم (تایلەند - 12 خاڵ، بەحرەین- 7 خاڵ، فەلەستین- 4 خاڵ، عیراق- 4 خاڵ، لوبنان- 1 خاڵ).
*گروپی دووەم (ئەندۆنیسیا - 9 خاڵ ، هۆنگ كۆنگ - 6 خاڵ، قیرغزستان- 3 خاڵ، هیندستان- 0 خاڵ).
*گروپی سێیەم (ئوسترالیا- 12 خاڵ، ئۆزبەكستان- 7 خاڵ، ، فیلپین- 7 خاڵ، توركمانستان- 3 خاڵ ، كوێت- 0 خاڵ).
*گروپی چوارەم (ڤێتنام- 7 خاڵ، چینی تایپیە- 7 خاڵ، میانمار- 3 خاڵ، ماكاو- 0 خاڵ).