سەباح ساڵح سەعید؛

با گرنگیی بە یارییە تاکەکان بدرێت

11:55 - 2025-01-21
وەرزش
138 جار خوێندراوەتەوە
سەباح ساڵح سەعید

ستادیۆم

سەباح ساڵح سەعید، ئەندامی یەکێتیی ناوەندیی هێزی لەشی عیراقە و سەرپەرشتیاری هێزی لەشە لەشارەکانی دهۆک و موسڵ و هەولێر و کەرکوک و سلێمانی، سەرۆکی نوێنەرایەتیی راپەڕینی لیژنەی ئۆڵۆمپیی کوردستانیشە، لە هەمان کاتدا لێپرسراوی راگەیاندنی یەکێتیی ناوەندیی هێزی لەشی عیراقە، ستادیۆم بۆ بەسەر کردنەوەی ئەم کەسایتییە وەرزشییە ئەم پرسیارانەی ئاراستە کرد و بەم شێوەیە وەڵامی داینەوە؛

*تۆ لە وەرزشی کوردستان و عیراقدا چەندین پلەو پۆستی گرنگت هەیە، ماوەیەکی زۆریشە ئەندامی یەکێتیی هێزی لەشی عیراقیت، ئەمە چۆنە؟
- من یەکێکم لە دەستەی دامەزرێنەرانی یاری هێزی لەش لە عیراق و کوردستان، لەساڵی 2000 –ەوە تا ئێستا، پێنج جار بە ئەندامی یەکێتیی ناوەندیی هێزی لەشی عیراق هەڵبژێردراوم، شانازیش بەوەوە دەکەم کە ئەوە ئێمە بووین بۆ یەکەمجار پاڵەوانێتی کچانمان بۆ هێزی لەش لە شاری سلێمانی رێکخستووە.

*چەند جار لەگەڵ هەڵبژاردەی عیراق سەردانی دەرەوەی وڵاتت کردووە؟

-تا ئێستا چەندین جار سەرۆکی وەفدی هەڵبژاردەی عیراق بووم بۆ (ئێران و مەغریب و لوبنان)، بڕیاریشە لە ناوەڕاستی مانگی شوباتی ئەمساڵدا، سەرۆکایەتی هەڵبژاردەی عیراق بکەم لە قەتەر لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیادا.

*یەکێتییەکەتان لقی لە شارەکانی کوردستان هەیە یان نا؟
یەکێتیی ناوەندیی هێزی لەشی عیراق، لقی لە زۆربەی شارەکانی عیراق هەیە، لەوانە شارەکانی هەرێمی کوردستان و موسڵ و نەجەف و بەسرە و کوت و دیالە و بابل.

*پاڵەوانەکانی ئەم جۆرە وەرزشە لە عیراقدا لە کام شارانەن؟
-وەرزشی هێزی لەش چەندین پاڵەوانی جیهانیی و ئاسیایی هەیە، خۆشبەختانە یاریزانە کوردەکانی یانەکانی هەرێمی کوردستان پشکی شێریان هەیە.

*دوا کار و چالاکیتان چی دەبێت؟
-دوو خولی ناوبژیوانی و راهێنەرایەتیمان بۆ کوڕان و خانمان هێناوەتە کوردستان و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا، لە زانکۆی سلێمانی رێکبخرێت، جگە لەوەی چوار جار پاڵەوانێتیی هێزی لەشی عیراقمان هێناوەتە سلێمانی و جارێکیش لە هەولێر رێکخراوە.

*ئەم وەرزشە و ماددە وزە بەخشەکان چۆن لێکدەدەیتەوە؟
-یەکێتیی ناوەندیی هێزی لەش تاکە یەکێتیی وەرزشییە رێگری لە ماددە وزەبەخشەکان دەکات، لەکاتی پاڵەوانێتییەکاندا، پزیشکی پشکنەری پسپۆڕ دێنینە ناو هۆڵی پاڵەوانیەتییەکان و پشکنین بۆ سەرجەم یاریزانان دەکەین، دوای دەرکەوتنی ئەنجامی پشکنینەکە، دەربکەوێت هەر یاریزانێک ئەگەر یەکەمیش بووبێت، ماددەی وزەبەخشی بەکارهێناوە، سزا دەدرێت و پلەی یەکەمییەکەشی لێ دەسەنینەوە و ساڵێکیش لە بەشداربوون لەپاڵەوانێتییەکانی کوردستان و عیراقیش دووری دەخەینەوە.

*داواکارییەکانتان چییە؟
-داومان لە لایەنە بەرپرسەکانی وەرزشی کوردستان و عیراق ئەوەیە گرنگی بەیارییە تاکەکان بدەن و چیتر تۆپی پێ پشکی شێری پێنەدرێت و زۆرترین گرنگی پێدانی بەرنەکەوێت و مافی وەرزشەکانی تر نەخوات.

 

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان