دیداری / ئه‌یاز هه‌ركی
سۆزان خەیری، رۆماننووس و پارێزەری کوردی ئێزدی لە ساڵی 1998 لە گوندی خانەسۆری سه‌ر به قەزای شەنگال لەدایکبووە، دەرچووی کۆلێژی یاسایه لە زانکۆی دهۆک، ئێستا پارێزەر و نووسەرێکی دیاری پارێزگای دهۆکە، هەروەها چالاکوانی كه‌یسی کچان و ژنانی ئێزدییه له بادینان و كار بۆ ناساندنی جینۆسایدی ده‌ڤه‌ری شنگال ده‌كات له ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپا.
سۆزان خەیری رۆمانێکی بە ناوی (تینوێتی) بڵاوکردووەتەوە، کە باس لە چیرۆکی کچێکی ئێزدی تەمەن پێنج ساڵان دەکات کاتێک له ساڵی 2014 دا بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن داعشەوە شەهید دەکرێت.
سۆزان سه‌باره‌ت به رۆمانه‌كه‌ی ده‌ڵێت: ناوه‌ڕۆكی رۆمانەکەم باس لە خێزانێكی ئێزیدیی دەکات کە لە ساڵی 2014 دا لە گوندی کۆچۆ ده‌ژین، بەڵام دوای شه‌هیدكردنی پیاوه‌كه‌یان لە 15ی ئابی 2014 دا لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ژنەکە له‌گه‌ڵ دوو منداڵەکەی دەکەونە دەستی داعش، دوای ئه‌وه‌ی ژنه‌كه بە چەند دەستێک دەفرۆشرێت، دواجار لەگەڵ چەکدارێکی داعشی عیراقدا لە فەلوجە نیشتەجێ ده‌بێت، بەڵام دواتر کچە پێنج ساڵانەکەی بە شێوەیەکی دڕندانە لەلایەن پیاوە داعشەکەوە لێی دەدرێت و بە پەنجەرەی خانووه‌كه‌یانه‌وه دەبه‌سترێته‌وە، بێ ئاو و خواردن بەجێیدەهێڵن تا له برسێتی و تینوێتیدا بە بەرچاوی دایکییەوە گیان لەدەست دەدات.
سۆزان خەیری بۆ کوردستانی نوێ :
کۆبوونەوەمان لەگەڵ کۆنگرێسمانانی ئەمریکا سازکردووە، لەسەر كه‌یسه جیاوازه‌كانی شنگال، بۆ ئاشكراكردنی چارەنووسی کچان و ژنانی ئێزیدی
وتیشی: ئەمە دووەم رۆمانی منه دەربارەی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و ئاواتم ئەوەیە هەمیشە وەک پارێزەرێك بەرگریی لە ئێش و ئازاری نەتەوەکەم بکەم، چونکە گەلەکەمان بە درێژایی مێژوو چەوسێنراوه‌ته‌وه، بۆئەوەی بتوانم بە شێوەیەکی ئەکادیمیی ئێش و ئازاره‌كانی جێنوسایدی خه‌ڵكی شنگال و گەلی کورد به‌گشتی تۆمار بكه‌م، وەک نامەیەک بۆ هەر نووسەر و خوێنه‌رێكی جیهان و ناوه‌نده‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی تایبه‌ت به پرسی كورد له جیهاندا بۆیان ئاشكرا بكه‌م.
کتێبەکەی لە ئەمریکا چاپکراوە
سۆزان خه‌یری ده‌ڵێت: كتێبه‌كه‌م به زمانی ئینگلیزی به‌ناوی (تینوێتی) لە مانگی ئازاری ساڵی 2024 دا لە واشنتۆنی پایته‌ختی ئه‌مریكا چاپ و بڵاوكرایه‌وه و لە 100 لاپەڕە پێکهاتووه، هه‌روه‌ها خوێنەرێکی زۆری هەیە، بە تایبەت لە ماڵپه‌ری ئەمازۆن و لە کتێبخانەکانی ئەمریکا به‌رده‌ستن.
سۆزان خەیری سەبارەت بە ئامانجی خۆی وتی: ئامانجم کارکردنە لەسەر مافی مرۆڤ و گرنگیدانە به کەیسی کچان و ژنانی کوردی ئێزیدیی و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی چیرۆکەکانیانە بە جیهان، تا وڵاتانی جیهان جینۆسایدی خەڵکی شنگال بزانن و ئاگاداری دۆخیان بن، هاوكات باسی لەوەش کرد کە ساڵی 2019 له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێیه‌كی سەردانی ئەمریکایان کردووە و چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ کۆنگرێسمانانی ئەمریکا سازکردووە، لەسەر كه‌یسه جیاوازه‌كانی خەڵکی شنگال، بەتایبەتی ئاشكراكردنی چارەنووسی کچان و ژنانی ئێزیدیی کە تا ئێستاش به‌شێكی زۆریان بێسەروشوێنن، هەروەها پەیوەندی بەردەوامیان لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە کوردستان هەیە، داواش لە ئه‌مریكا و وڵاتانی جیهان دەکەن ئەو کچ و ژنانەی ماون لە دەستی داعشدا رزگار بکرێن و دادگایه‌كی تایبەت بکرێتەوە بۆ دادگایی‌کردنی چەکدارانی داعش و بە فەرمی ناساندنی جینۆسایدی قه‌زای شنگال.
پێویستە کار بۆ نووسینەوەی بەسەرهاتەکانیان بکەین
دواجـــــار ســـــۆزان وتی: بەپێی زانیارییەکانمان بێت زیاتر لە 600 کچ و ژنی کوردی ئێزدیی لە کەمپی هۆڵ له پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان نیشتەجێن، پێویستە کار بۆ نووسینه‌وه‌ی چیرۆک و سه‌رهاته کارەساتبارەکانیان بکەین، بێگومان ئەمە دوا بەرهەمی من نابێت، ئامانجم ئەوەیە بەردەوام بم لە تۆماركردنی چیرۆك و به‌سه‌رهاته‌كانی کچان و ژنانی کورد و بیانکەم بە رۆمان و بە زمانه‌كانی عەرەبیی و ئینگلیزیی لە وڵاتانی جیهاندا بڵاویان بکەمەوە.