دیداری: محەمەد تۆفیق نەورۆڵی
لە پارێزگای هەڵەبجە زەوی بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتەکان ئامادە دەکرێت بۆ دابەشکردن و لە سنوورەکەشدا پرۆژەی نوێ جێبەجێ دەکرێت، لە دیدارێکدا ئەندازیار خێڵان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجە بۆ کوردستانی نوێ وتی: ئەو پرۆژانەی جێبەجێ کراون بەپێی رێژەی وێرانیی شارەکە نییە.
خێڵان عەبدولڕەحمان بۆ کوردستانی نوێ :
نەبوونی سیولە لە بانکەکاندا، هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی پڕۆژەکانە، کەمیی خزمەتگوزاریی و هەلی کار، کاریگهریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ناچاری كۆچكردن بوون بۆ پارێزگاکانی دیکە
*ئامادەکاریی دابەشکرنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا لە هەڵەبجە لە چ قۆناغێکدایە؟
-سەرجەم شارەوانییەکانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان (سیروان، خورماڵ، بیارە، تەوێڵە و بەمۆ) راسپێردراون بۆ ئامادەکردنی زەوی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بەپێی لیستی ئەو داواكارییانهی بۆمان هاتووە، هەروەها چەند شارەوانییەکمان لە چەند مانگی داهاتوو زەوییان ئامادە دەبێت بۆ دابەشکردن، بەڵام زۆرکات رۆتیناتی كارهكان له بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵ هاوکارنین لەم پرۆسەیەدا، ئەوەش هۆكاره بۆ دواکەوتنی كارهكان.
* ئەو پرۆژانەی بڕیارە بۆ ئەمساڵ بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە لە هەڵەبجە کامانەن؟
-دوو پرۆژەمان هەیە، ئەوانیش قیر و شۆستەی گەڕەکی داڵانی لە قەزای خورماڵ و رێگەسازی گەڕەکی ئازادیی لە ناحیەی سیروان، کە لە وەزارەتی شارەوانی چوونەتە بواری تەندەرینەوە، هەروەها دوو پرۆژەی دیکەمان هەیە كە تەندەرینی بۆ كراوە و چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوانیش رێگەسازی چەند کۆڵان و شەقامێکە لە ناحیەی بیارە کە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها رێگەسازی شەقامە سەرەکییەکانی سنووری شارەوانی تەوێڵە لە ناحیەی بیارە کە ئەمیش تەندەرینی بۆکراوە.
لە هەمانکاتدا رێکخراوەکانبەبڕی 150 ملیۆن دینار، پرۆژەی دروستکردنی ئاوەڕۆیان لە قەزای خورماڵ و ناحیەی سیروان جێبەجێ کردووە.
*تاچەندە پرۆژەکان لە ئاستی پێویستیی شارەکەدان؟
-ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون بەپێی رێژەی وێرانیی شارەکە و قهبارهی ئهو زیانانه نییە كه بهریكهوتووه، هەڵەبجە وەک هەموو پارێزگاکانی دیکە ساڵانە بەپێی رێژەی دانیشتووان بودجەی بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام زۆرجار رەزامەندییەکە دەکەوێتە کۆتایی ساڵ، بۆیە ناتوانرێت خهرج بکرێت و دەکەوێتە ساڵی نوێ، دیسان پێویسته تەرخانی نوێی بۆ بکرێتەوە، ئەمەش دەبێتە رێگر لە بەردەم دەستپێکردنی پرۆژەکاندا و دوادەکەون.
هەروەها نەبوونی سیولە لە بانکەکاندا هۆکاری سەرەکی دواکەوتنی پڕۆژەکانە، پێویستە لەسەر حکومەت بەپێی رێژەی وێرانیی شارەکە بودجەی زیاتری بۆ دابین بکات، نەک رێژەی دانیشتووان، لەبەرئەوەی نەبوونی خزمەتگوزاری و هەلی کار کاریگهریی راستەوخۆی هەبووە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان و ناچاری كۆچكردن بوون بۆ پارێزگاکانی دیکە.
شارەوانییەکان راسپێردراون بۆ ئامادەکردنی زەوی بۆ سەرجەم وەزارەتەکان بەپێی لیستی ئەو داواكارییانهی بۆمان هاتووە
*ئەو پرۆژانەی پێویستە لە شارەکەدا ئەنجام بدرێن کامانەن؟
- چەند پڕۆژەیەکی ستراتیجی گهوره هەیە پێویستە لەسەر کابینەی نوێی حکومەت لە پارێزگای هەڵەبجە جێبەجێی بکات وەک( کردنەوەی کارگەی ریسایکلین کە راستەوخۆ کاریگەریی هەیە لەسەر ژینگە و تەندروستی خەڵک، پاککردنەوەی ئاوەڕۆی قورسی هەڵەبجە و فلتهرکردنی و دووبارە بەکارهێنانەوەی بۆ ئاودانی سەوزایی و باخچەکان، هەروەها دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی و پیشهسازی خۆراک).
هەروەها داواکارین لە کابینەی نوێدا خزمەتی زیاتری هەڵەبجە بکرێت، بە جێبەجێکردنی چەند خزمەتگوزارییەکی گشتیی لەوانە: دروستکردنی شهقامی شەست مهتری بە دەوری هەڵەبجەدا، جێبهجێكردنی رێگەی سهرهكی دهروازهی سنووری سازان، گەڕانەوەی بەشێک لە داهاتی دەروازە سنوورییەکانی وەک پشتە و شۆشمێ تەوێڵە بۆ پارێزگاکە، تەواوکردنی پرۆژهی ستراتیجی پرد و رێگەی تووە قوت لەگەڵ پردی تەنگی سەید محەمەد کە ناوچەی هەڵەبجە و شارهزوور دەبەستێتەوە بە ناوچەی تاوگۆزی و شەمێران و ناحیەی بەمۆ و گهرمیانەوە.