کەلتوری پاراستنی چاو

10:34 - 2022-07-24
کەلتور
868 جار خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

لەم سەردەمەدا «چاو»مان وەک یەکێک لە هەستە سەرەکییەکانمان و یەکێک لە ئەندامە سەرەکییەکانی جەستەمان هەڕەشەیەکی زۆر کوشندەی لەسەرە. کاتێ شارەکان گەورەتر دەبنەوە و بیناکان باڵایان بەرزتر دەبێ،  مرۆڤیش مەودای بینینی کەم دەبێتەوە. ئێمە کاتێ لەناوشاردا سەرهەڵدەبڕین تەنیا چەند مەترێک ئەولاتر دەبینین، دیوارەکان ناهێڵن چاومان دوور بڕوانێ و دوور ببینێ، ئەوەش وادەکا ماسوولکەکانی چاومان تەنبەڵ و لاواز بن و بەرە بەرە تواناکانی چاومان دابەزن.
حاڵەتێکیتر کە مەترسییەکی کوشندەترە لە حاڵەتی یەکەم، زۆر سەیرکردنی موبایلەکانمانە. ئەم حاڵەتەیان مەودای بینینی ئێمەی لەناوشار و لە دەرەوەی شاریش کۆنتڕۆڵ کردووە، یانی کاتێ دەچینە دەرەوەی شاریش سەیری دیمەن و شاخ و کێو و دەشت و دەری دەورووبەرمان کەمتر دەکەین، زیاتر بە موبایلەکانمانەوە سەرقاڵین، هەروەها خەڵکی گوندەکانیش و بە تایبەت گەنجەکان زیاتر بە موبایلەوە سەرقاڵن و کەمتر سەر هەڵدەبڕن. ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێ ئێمە لەدوای چەندین نەوە بە جێگەی ئەوەی پەرە بە تواناکانی هەستەکان و بە تایبەت پەرە بە تواناکانی هەستی بینین و چاوەکانمان بدەین، ئەوا لاوازیان دەکەین.
کەلتوری پاراستنی چاوەکان یانی کەمتر سەیری شاشەی موبایلەکەمان بکەین، رۆژانە هەوڵبدەین چەند جارێک سەیری دوور بکەین،  من خۆم جاروبار دەچمە سەربان و منداڵەکەشم لەگەڵ خۆم دەبم و شوێنە دوورەکانی نیشان دەدەم تا وای لێبکەم سەیری دوور بکا، ئینجا پێویستە شەوان زوو بخەوین و رۆژانەش هەندێ راهێنان بکەین.
لێرەدا جگە لەم راهێنانە ئاسانانەی سەرەوە، دوو راهێنانی سادەی دیکە ئاماژە پێدەکەم کە دەبێتە هۆی بەهێزبوون و بەهێزبوونەوەی بینایی چاوەکان و هەستی بینین بە باشی دەبووژێنێتەوە.
یەکەم: رۆژانە چەند جارێک بۆ ماوەی یەک خولەک دەستەکانت لەرێگەی لێکخشاندنەوە گەرم بکە و دواتر بە ئارامی چاڵاییەکەی ناو لەپی دەستت لەسەر چاوەکانت دابنێ و بۆ ماوەی دوو خولەک لەژێرەوە چاوەکانت شل بکە، هاوکات دەبێ پشتت رێک بێ و سەرت بەرز بێ.
دووەم: راهێنانی وەستان لەسەر شانەکان بکە، لە یۆگادا پێی دەگوترێ «سارڤانگاسانا». ئەم راهێنانەش دەبێ رۆژانە لە دوو کاتدا بکرێ، بەیانیان و ئێواران زۆر باشە و دەتوانی چەند جارێک دووبارەی بکەیتەوە، چەند چرکەت توانی ئەوەندە لە حاڵەتەکەدا بمێنەوە و بە ئارامی لیێ وەرە دەرەوە. ئاگاداربە نابێ تین بۆ خۆت بێنی و هەروەها دوای نان خواردن نابێ بیکەی و لانیکەم سێ کاتژمێر دوای خواردن دەبێ بکرێت.
بەم چەند رێگە ئاسانە دەتوانی کەلتوری پاراستنی چاوکان لە خۆت و خێزان و هاوڕێکانتدا پەرەوە پێبدەی و خۆت و خێزان و زۆرکەس لە مەترسی لاوازبوون و نەخۆشیی چاوەکانت رزگار بکەیت.   

بابەتە پەیوەندیدارەکان