زاراوەكانی رەخنەی رۆشنبیری

لیکۆڵینەوەی رۆشنبیری

09:23 - 2025-01-23
کەلتور
176 جار خوێندراوەتەوە

د.نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد 



ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری، شوێنێکی گرنگ لە ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆییەکاندا دەگرێت، بە تایبەتی لە بواری هونەرەکان و زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا


لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری، یان لێکۆڵینەوەی کەلتوری، Cultural Studies،(الدراسات الثقافیة)، بەشێکی گرنگە لە رەخنە بە گشتی و رەخنەی رۆشنبیری بە تایبەتی، لە سەرەتادا بە پلەی یەکەم گرنگی بە لێکۆلینەوەی رۆشنبیری دراوە و پاشان بە رەخنەی رۆشنبیری، دەتوانین بڵیین رەخنەی رۆشنبیری لە هەناوی لێکۆڵینەوەی رۆشنبیرییەوە لە دایکبووە، ئەم شێوازانە لە لێکۆڵینەوە دەرهاویشتەی گۆڕانکارییەکانی پۆست مۆدێرنیزم و پاش بونیادگەرین، کە لێکۆڵینەوەکانیان هێناوەتە سەر ئەو ئاراستەیەی لەو چوارچێوە دیارییکراوەدا نەمێننەوە کە رەخنەی ئەدەبی لە سەردەمی بونیادگەریدا دەیکرد، واتە لە سنووری فۆرم و شێواز و زمان و ئیستاتیکا و تێکستی ئەدەبی و تاکە میتۆدێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەچێتە نێو تێکستەکانی دیکەی وەک تێکستە میللییەکان و تەنانەت فیلمی سینەمایی و زنجیرەی درامی و بابەتی میدیایی و ناوەڕۆکی تێکستی فۆلکلۆری و قسەی نەستەق و تێکستی گۆرانییەکان، کە لەو چەشنە تێکستانەدا پتر «سیستمی شاراوە» دەدۆزرێتەوە.
لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری رۆڵێکی گەورەی هەبوو لە شکاندنی«بەسێنتەربوونی دەق»، بەو مانایەی دەق چیدی بەو ئەندازەیە پیرۆز نییە کە رەخنەی ئەدەبی رەواجی پێ دەدا و بە پلەی یەکەم بایەخ بە لایەنی زمان و رەوانبێژی و ئیستاتیکی بدات، بەڵکو لێکۆڵینەوە و رەخنەی رۆشنبیری دەچنە نێو گوتاری دەق و ئەو مانا شاراوانەی گوتار لەنێو خۆیدا هەڵیگرتوون، زۆرجار وەرگر نیاز و ماناکانی نێو گوتار نابینێت یان دەرکیان پێ ناکات، لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری دێت بۆئەوەی وەرگر بباتە نێو رووبەرەکانی دیکەی کەشفکردنەوە. واتە دەق بەپێی لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری شتێک نییە جگە لە ماتریاڵێکی خاو کە بەکاردەهێنرێت بۆ دۆزینەوەی ماناکان و سیستمە شاراوەکان، لێرەدا دەق بریتی نییە لە ئامانجی سەرەکی، سا ئەو دەقە ئەدەبی بێت یان کەلتوری یان ئایینی یان میللی، تەنانەت فیلم و دراما بێت یان تێکستی لیریکی، بەڵکو ئامانج بریتییە لە دۆزینەوەی ئەو سیستەمانەی کردەی رۆشنبیری و کەلتوری بەرهەم دەهێنن و ئەوانەی گوزارشت لە بیرکردنەوەی خەڵکی دەکەن لە کۆمەڵگە جیاجیاکاندا، بۆیە دەبینین لە کۆمەڵگەی پێشکەوتوو و دواکەوتوودا، هەم تێکستەکان جیاوازن، هەم سیستمەکانی بەرهەمهێنانی کولتوور.
لە سەرەتادا لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری لە کۆتایی پەنجاکانی سەدەی بیستەمدا لە کارەکانی رایمۆند ویلیامز و ریچارد هۆگارتدا پرۆسە کراوە، پاشان لە ناوەڕاستی شەستەکاندا لە بەریتانیا لەلایەن «گرووپی بێرمینگەهام»ەوە سەریهەڵدا، لە نەوەدەکانی هەمان سەدەدا بە ئەندازەیەکی بەربڵاو تەشەنەی سەند، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر رەخنەی ئەدەبیشدا هەبوو کە ناچاری کرد سنوورەکانی خۆی بکاتەوە و گرنگی بە هەموو میتۆدەکان و کەلتورەکان و چەشنە جۆراوجۆرەکانی تێکست بدات و دەروازەیەکی گەورە بۆ رەخنەی رۆشنبیری بکاتەوە، بۆیە لە لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری و رەخنەی رۆشنبیریدا سنووری گەورە لەنێوان«تێکستی باڵا» و «تێکستی نزم» نامێنێت، یان رۆشنبیریی باڵا و دەستەبژێر لەلایەک، رۆشنبیریی باو لەلایەکی دیکە، واتە جیاوازیی نێوان تێکستی ئەدەبی و غەیرە ئەدەبی، یان میللی، نامێنێت، پرۆسەی رەخنەیی بە یەکسانی تەماشای تێکستەکان دەکات و هەڵیاندەبژێرێت بۆ لێکۆڵینەوە و دیارییکردنی خەوشە مەعریفییەکان و سیستمە شاراوەکانیان، هیچ تێکستێک نامێنێت بە تێکستی نا ئەدەبی یان نزم ناوببرێت و شایستەی لێکۆڵینەوە نەبێت، بگرە هەموو تێکستێکی خوێندراو و بینراو بەرهەمی رەوتی سۆسیۆ_مێژووییە، بۆیە بە روانینی جیاواز و میتۆدی جیاواز شییان دەکاتەوە و خۆی لە چوارچێوەی گرنگیی زمان و ئیستاتیکای دەقدا ناهێڵێتەوە، تاکپسپۆری یان پسپۆریی ورد رەت دەکاتەوە، لە بەرامبەردا گرنگی بە فرە پسپۆری یان پۆست پسپۆری دەدات لە تەک فرەمیتۆدیدا، بۆیە تێکەڵ بە چەندین رەوتی دیکە دەبێت، لەوانە فێمینیزم و جێندەریزم، شوناسی تێکەڵ، پۆست بونیادگەری، پۆست کۆڵۆنیالیزم، پۆست ئۆرێنتالیزم کە رەخنە لە تێزەکانی ئیدوارد سەعید دەگرێت.
ئەمڕۆ لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری، بێگومان رەخنەی رۆشنبیریش، شوێنێکی گرنگ لە ناوەندە ئەکادیمی و زانکۆییەکاندا دەگرن، بە تایبەتی لە بواری هونەرەکان و زانستە مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتییەکاندا، بگرە لە بواری زانست و تەکنۆلۆجیاشدا، واتە لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری لە هەموو شوێنێکدا هەیە و لە هەموو کەسێکیش دەکۆڵێتەوە، بوو بە شوێنی سەرنجراکێشانی رەوتەکان بە راست و چەپیانەوە، چونکە لە بنەڕەتدا لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری بریتییە لە توێژینەوە لە کەلتور و کۆمەڵگە.
دەشێت هەندێ خاڵی جیاواز و هاوبەشی نێوان لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری و رەخنەی رۆشنبیری بەم شێوەیەی خوارەوە دیاری بکەین:
1_ لە لێکۆڵینەوەی رۆشنبیریدا بەکارهێنانی کەرەستەکانی شیکردنەوە سنووری نییە، بەڵام لە رەخنەی رۆشنبیریدا ئەو کەرەستانە بەکاردەهێنرێن کە بۆ دۆزینەوەی سیستمە شاراوەکان و خەوشە مەعریفییەکانی دەق بە کەڵک دێن، وەک(رستەی رۆشنبیری) و (توانجپۆشیی کەلتوری) و(ئایکۆن).
2_ لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری لە چەندین رووەوە گرنگی بە کۆنتێکستی کەلتوری و رەهەندە مەعریفی و فەلسەفی و مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکانیان دەدات، بەڵام رەخنەی رۆشنبیری زۆر سەرقاڵی ئەو لایەنانە نابێت.
3_ لێکۆڵینەوەی رۆشنبیری و رەخنەی رۆشنبیری لەو خاڵەدا هاوبەشن کە رووبەڕووی گوتارەکانی دامەزراوەکانی دەوڵەت دەبنەوە و تابووەکان دەبەزێنن و رەخنە دەبەنە هەموو شوێنێکەوە و ئاراستەی هەموو کەسێکی دەکەن و هەڵیدەوەشێننەوە، پتر بایەخ بە تێکستی میللی و فیلمی درامی و گۆرانی و تێکستی فەرامۆشکراو و پەراوێزخراو دەدەن کە ئەمانە کاریگەرییان لەسەر هۆشیاری زیاترە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان