تەیب جەبار
من منداڵیم لە لادێ و هەرزەکاریشم لە شاری کەرکوک بەسەر بردووە. ئەو ساڵانە خەڵکی لادێ و شاری کەرکوکیش بەو جووڵە و لەرزە و راتەکانەی زەوییان دەوت:(گۆمەلەرزە) یاخود(زەلزەلە). بێگومان وشەی زەلزەلە وشەیەکی عەرەبییە، لە ساڵی (1970) بەدواوە چەند رۆژنامە و گۆڤارێک لە کوردستانی عیراق بڵاوبوونەوە، لەو بڵاوکراوانەدا نووسەران بۆ ئەو دیاردەیە وشەی(بۆمەلەرزە)یان بەکار دەهێنا نەک(بوومەلەرزە)، لەناوەڕاستی هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە هەندێک نووسەر جار جار دەیاننووسیی (بوومەلەرزە). دوای راپەڕینی ئازاری ساڵی 1991 نووسەران و بەشێک لە خەڵک وازیان لە وشەی (بۆمەلەرزە) هێنا و کردیان بە(بوومەلەرزە)، من لەگەڵ ئەم وشەیەدا نیم. مامۆستا گیوی موکریانی لە (فەرهەنگی نۆبەرە)دا نووسیویەتی: (بوولەرزە = هزة ارضیة + بوومەلەرزە = هزة ارضیة). مامۆستا شێخ محەمەدی خاڵ لە (فەرهەنگی خاڵ)دا نووسیویەتی:
بووم = ساختمانی جەستە: فیسارکەس «بووم»ی باشە یان خراپە. ٢ـ بووم = خاک و زەویوزار: فیسارشوێن بەرو «بووم»ی باشە.
مامۆستا گیو وشەی «بوو» و «بووم»ی نووسیوە، واتا هێشتا وشەکە بە تەواوی لای ساغ نەبۆتەوە. مامۆستا شێخ محەمەد جارێک دەنووسێت: «بووم = پەیکەری جەستە»، جاری دووەم دەنووسێت: «بووم = خاک و زەویوزار»، کورد کە زاراوەی دوو وشەیی بەکار دەهێنێت، هەردوو وشەکە یەک شتن، بۆ نموونە (کەژوکێو، دەشتودەر، خەلەوخەرمان، سەواومامەڵە... هتد.) یاخود دوو شتی زۆر لە یەک نزیکن، بۆ نموونە (گژوگیا، ساردوسڕ، گەرموگوڕ، باوبۆران... هتد.) راستە پەیوەندییەک لەنێوان (بەر = بەرهەم) و (خاک)دا هەیە، بەڵام (بەر) و (بووم) یەک شت نین و نزیکیش نین، لەبەرئەوە من قەناعەتم نییە کە (بووم) بە واتای (خاک) بێت، بەڵکو وشەیەکی نامۆیە و زانراو نییە. بە رای من (بووم) وشەیەکی کۆنە، ئێستا میللەتی کورد بەکاری ناهێنێ، جگە لە زاراوەی (بەروبووم)دا، بۆ هیچ شتێکی تر بەکاری ناهێنێت، تەنانەت نە لە قسەکردن نە لە رستەیەکی نووسینیشدا، هەر لەبەرئەوە، من لەگەڵ ئەوەدا نیم (بووم) لەبری (خاک = زەوی = زەمین) بەکار بهێنرێت. باشە ئەگەر وشەی (بووم) بە واتای (خاک، زەوی، زەمین) بێت، ئەی بۆچی کورد یەکێک لەم سێ وشە کوردییە جوان و رەسەن و پەتییەی بەکار نەهێناوە و بڵێت:(خاکەلەرزە، زەوی لەرزە، زەمین لەرزە) کە هەر سێ وشەکە لەسەر زارن و باون لەناو خەڵکدا، بەڵام دەڕوات وشەیەکی نامۆی وەک (بووم) کە لەسەر زار و باو نییە لەناو خەڵکدا، بەکاری دەهێنێت بۆ ئەو دیاردەیە و دەڵێت: (بوومەلەرزە). بۆیە قەناعەتم بەوە نییە وشەی (بووم)، بە مانای خاک یان زەوی بێت.
سەرچاوەی هەردوو وشەی (بۆمەلەرزە) و (بوومەلەرزە) وشەی (گۆمەلەرزە)یە، کە ئێستاش لە ناوچەکانی کەرکوک و زۆر ناوچەی تری کوردستانی گەورەش، هەر وشەی (گۆمەلەرزە) بەکار دەهێنن. میللەتی کورد لە خۆڕایی ئەو وشەیەی بەکارنەهێناوە، بەڵکو لە ئەنجامی بینین و ئەزموونەوە بووە، چونکە لەرزاندنی ئاوی گۆم هیچ هێزێک نییە بیلەرزێنێ جگە لە هێزی زەمین لەرزە و زەلزەلە.
زەمین لەرزە کە روو دەدات، ئەگەر تۆ لە دەشتودەر بیت، بە چاو نایبینیت، بەڵام بە جەستە هەستی پێ دەکەیت، ئەگەر لەناو ماڵ بیت دیسان لە رێگەی جەستەوە هەستی پێ دەکەیت. لەو چەند چرکەیەدا هەندێک شت دەبینیت دەلەرێتەوە و دەکەوێت، بەڵام ئەگەر لە نزیک گۆماوێک بیت، دیسان بە جەستە هەستی پێ دەکەیت و بە چاویش زۆر بە چاکیی دەیبینیت کە ئاوی گۆمەکە چۆن دەلەرزێت و دەشڵەقێت بۆ چەند چرکەیەک یان زیاتر، بەڵکو بۆ چەندین دەقیقە لەرزین و شڵەقانی گۆمەکە بەردەوام دەبێت و دەبینرێت.لەرزین و شڵەقانی ئاوی گۆم زیاتر دەخایەنێت و دەبینرێت، بۆیە ناویان ناوە (گۆمەلەرزە) و ناویان نەناوە (زەویلەرزە)، لەبەرئەوەی هەستپێکردنی لەرزینی زەویی کەمخایەنە و بەچاو نابینرێت، بەڵام هەستپێکردنی لەرزینی ئاوی گۆم درێژخایەنە و زۆر بە چاکیی بە چاو دەبینرێت.
دە بۆ دوانزە ساڵ لەمەوپێش لە ناوچەی ورمێ، زەمین لەرزەیەک روویدا، سەیری تەلەفیزیۆنم دەکرد گرتەیەکی پیشاندا کە چۆن هەموو ئاوی (گۆمی ورمێ) دەلەرزی و دەشڵەقی، هەروەها ئەو زەمین لەرزەیەی پار لە وڵاتی (تایوان) روویدا، دیسان سەیری تەلەفیزیۆنم دەکرد، گرتەیەکی تێدابوو کە چۆن هەموو ئاوی گۆمێکی دەستکردی گەورە دەلەرزی و دەشڵەقی. دەتوانن لە ئینتەرنێتدا تەماشای ئەو دوو گرتەیە بکەن. لەرزاندنی تەواوی ئاوی گۆمێک بە مرۆڤ ناکرێت، ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت لە ئاوی گۆمێکدا بیکات، لە شڵەقاندنی رووبەری چەند سەد مەترێک دووجا زیاتر نییە و کەمخایەنە، لەبەرئەوە وەک وتمان ئاوی گۆم تەنها (بە زەمین لەرزە یان زەلزەلە) دەکرێت، بۆیە من وشەی (گۆمەلەرزە) بە راست دەزانم نەک وشەی (بۆمەلەرزە) و (بوومەلەرزە). بە قسەم دەکەن بیکەن، بە قسەم ناکەن . . .