چیرۆک

پیـــــــنەدۆز

10:53 - 2025-01-23
ئەدەب و هونەر
187 جار خوێندراوەتەوە

دێرین جەمال


 لە شوێنێکی بەرز دایاننابووم، هەموو رۆژێک رووخسارمیان جوان دەکرد، هەموو لاوێک حەزی دەکرد من بۆ ئەو بم، کاتێک لێم نزێک دەبوونەوە نەیاندەتوانی من  بکەن بە هاوڕێیان، لەبەر ئەوەی نرخێکی گرانیان لەسەر دانابووم.
 کات عەسرێکی درەنگ بوو، دوو لاوی رێکپۆش خۆیان بە ژووردا کرد، بێ پرسیارکردن لە نرخەکەم یەکێکیان دەستی دامێ و هەڵیگرتم، لاوەکەی تر دەستی بە گیرفانیدا کرد و دراوی بیانیی دەرهێنا، لەو کاتەدا چاکەتەکەی کەمێک لاچوو، دیقەتمدا دەمانچەیەک بە کەمەری پانتۆڵەکەیەوە بوو، بەخێرایی سەرمیان داپۆشی و منیان لەگەڵ خۆیاندا برد، گوێم لە وتووێژیان بوو، یەکێکیان بەوی تریانی گوت: بەڕاستی جوانە ئێستا ئەمەی بۆ بەرین دەستخۆشیمان لێدەکات، ئەمیش دەچێت بۆ ئاهەنگی شەوەڕەشەکان!.
ئەوان هەر بەردەوام بوون لە وتووێژی خۆیان، بەڵام من زۆر ترسام، کەوتمە پرسیارکردن لەخۆم، دەبێت ئاهەنگی شەوە رەشەکان چی بێت؟! بە هەرحاڵ دوای نیو کاتژمێر منیان برد بۆ لای ئەو کەسەی خۆیان مەبەستیان بوو، کاتێک چاوم کردەوە چیم بینی، لە ژوورێکدا بووم دەتووت بەهەشتی سەر زەمینە، دیقەتمدا پیاوێکی ناشیرین لەبەردەممدا راوەستاوە، دیاربوو رەنگی قژ و سمێڵی گۆڕیبوو، چونکە ئاسەواری رەنگ کردنەکە هێشتا بەسمێڵ و قژییەوە دیاربوو، گلێنەی چاوەکانی بچووک بووبوونەوە، وادیاربوو تاوانی زۆری کرد بوو، زۆر بە سەرسامیی لە رووخسارمی رووانی و بەدەم خۆیەوە وتی: تۆش ئەمشەو هاوڕێمی!. 
بەڕاستیی جوانیت، هەرشایەنی ناو ئاهەنگەکانیت، پاشان بەجێی هێشتم. دوو لاوەکەش هاتن رووخساری منیان ئارایشت کرد، پاش خۆ ئامادەکردن لەگەڵیان رۆیشتم، ئۆتۆمبێلێکی جامڕەش ئامادەکرا بوو، دەرگای ئوتومبێلەکەیان بۆ کردینەوە و سەرکەوتین و بەڕێکەوتین تا گەیشتینە شوێنی مەبەست. کەسێک دەرگای ئۆتۆمبێلەکەی بۆ کردینەوە و دابەزینە خوارەوە، کەسانێکی زۆر بۆ پێشوازیی وەستا بوون، پێشوازییەکی زۆر گەرمیان لێکردین . لەو کاتەدا نەمدەزانی بەرەو کوێم دەبەن، چووینە جێگایەک تەماشام کرد چەندین کاربەدەست لەو شوێنەدا کۆبوونەتەوە و مێز و کورسییان بۆ رازێنرابۆوە، بە کیژی جوان و شەرابەوە؟! لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین موزێکژەن موزیکیان بۆ دەژەندن، هەر یەک لە شوێنی خۆیان دەستیانکرد بە شەراب خواردنەوە و سەما کردن، تا بە تەواویی مەست بوون، پاشان هەریەک لە کاربەدەستەکان دەستی کیژێکی جوانیان گرت و هەریەک بەرەو ژوورێک؟!.
کاتێک لەگەڵ کاربەدەستەکە چوومە ژوورەکەوە، بۆنی عەتری ژوورەکە لەگەڵ بۆنی شەراب تێکەڵ بووبوو، کاربەدەستەکە دەستی دایە پەرداخێک شەراب و لەگەڵ ماددەی هۆشبەر تێکەڵی کرد، بە زۆر دای بە کیژێکی زۆر جوان، ئەوەندەم زانی کیژەکە لە هۆش خۆی چوو، کەوتە سەر زەوی....! 
لەو ساتەدا کاربەدەستەکە بەدەستە برسییەکانی، کە برسی بوون بە جەستەی کیژی جوان، باوەشی پێداکرد و فڕێیدایە سەر سیسەمەکە، لە خۆشیی کیژەکە ئاگای لەخۆی نەمابوو، منی فڕێدایە سوچێکی ژوورەکەوە، وەک گورگ ئامبازی کیژەکە بوو، گەورەترین سامانی کچێنی لێسەند، کاتێک خۆی تەواو ماندوو بوو، بانگی پاسەوانەکانی کرد، ئەوانیش وەک سەگی برسیی بەربوونە جەستەی کیژەکە، هێندە کاری ناشیرین و نامرۆڤانەیان کرد، نازانم چی باسبکەم. لەوکاتەدا حەزم دەکرد لە قودرەتی ئیلاهیەوە ژوورەکە ئاگری بگرتایە و من یەکەمجار بسووتامایە. پاش چەند کاتژمێرێک کیژەکە بەئاگا هاتەوە، کاتێک لەخۆی رووانیی، پڕ بە گەرووی قیژاندی و زانیی بەهاری ژینی بوو بە گەڵای پایز و هەڵوەری. بەدەم گریانەوە وتی: بۆ واتان لێکردم .. بۆ؟؟ تاوانی من چی بوو؟ ئەم هاوار کردنەی، پاسەوانەکانی توڕە کرد، هاتنە ژوورەوە و بە پرچ راکێشان و چەپۆک پیداکێشان لە جێگەی خۆی دایان نیشاندەوە و پێیان وت: تۆ شێت بوویت، هاوار بۆ کێ دەکەیت؟ تازە تۆ رزگاربوونت لێرە مەحاڵە، ئەوەی ئەمشەو روویدا هیچ نییە لە چاو ئەو شەوانەی چاوەڕێتن؟
هەرچۆنێک بێت تۆ ئەمشەوت بەبێ ئاگایی بەڕێ کرد، بەڵام لە ئەمڕۆوە چی دەکەیت؟ تۆ دەبێت هەمیشە بۆ ئاهەنگەکان خۆت بڕازێنیتەوە. کاتێکم زانی دیسان دوو کەس هاتن منیان برد، ئارایشتیان بۆ رووخسارم کرد، من و کاربەدەستەکە لەگەڵ کیژەکە بە ئۆتۆمبێلە جامڕەشەکە رۆیشتین، لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا کیژەکە هەر دەگریا، بەشێوەیەک دەگریا وا هەستم دەکرد لە جێی فرمێسک خوێن لە چاوانی دێنە خوارێ. پاش کاتژمێرێک ئۆتۆمبێلەکە وەستا و دەرگای ئۆتومبێلەکەیان بۆ کردینەوە، دوو پاسەوان وەستابوون، دەستی کیژەکەیان گرت و بەزۆر لە ئۆتومبێلەکەیان داگرت، رۆیشتینە شوێنێک وەک هەمان ئەو شوێنەی کە شەوی رابردوو، بەمێز و کورسی و کیژی جوان و شەراب رازابۆوە؟ دەستکرا بە شەراب خواردنەوە، پاشان قومارکردن، دیاربوو هەر کەسێک قومارەکەی بدۆڕاندایە، دەبوایە ئەو کیژەی لەگەڵیدایە بیدات بەوەی کە لێی بردووتەوە!.
زۆرم لەو شەوە رەشانە بینی، تەواو ماندو بووم، هەوڵمدەدا تەواوی پەنجەکانی قاچی کاربەدەستەکە ئازار بدەم، تا وازم  لێبێنێت، زۆر هەوڵمدا تا رۆژێکیان زۆر لێم بێزار بوو، بە تووڕەییەوە لە قاچەکانی دەریهێنام و فڕێیدامە سەر شەقامەکە، لەو کاتەدا ئۆتۆمبێڵێک بە سەرمدا رۆیشت و رووخساری شێواندم، پیاوێکی هەژار منی هەڵگرتەوە و هێنامی بۆلای تۆ، تا چاکمبکەیتەوە. منیش بۆیە هاوارم لێکردیت تا گوێ بۆ ئەم چیرۆکەم بگریت، تکات لێدەکەم لەسەر دەزگاکەت دامبگرە و چاکم مەکەرەوە، با رووخسارم هەر وابێت، بەو جۆرە هەمیشە زەردەخەنە لەسەر روومە کە رزگارم بووە، پینە دۆزەکە بەبیستنی ئەم چیرۆکە زۆر دڵتەنگ بوو، فرمێسک بە دەموچاوە ماندووەکەیدا هاتە خوارێ و بە پێڵاوەکەی وت: بەڕاستیی تۆ، زۆر لەو جۆرە کاربەدەستانە شەریفتریت.

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان