گوڵاڵە نوری: شیعر هاوڕێمە و هەرگیز نائومێدی ناکەم

10:58 - 2025-01-23
ئەدەب و هونەر
422 جار خوێندراوەتەوە

رزگار شوانیی- کەرکوک


 گوڵاڵە نوری - ی شاعیر، لە گەڕەکی ئیمام قاسمی شاری کەرکوک لەدایکبووە، پێنج کۆمەڵە شیعری هەیە و نووسەر و چیرۆکنووسیشە، دکتۆرای لە ئەدەب و وەرگێڕاندا هەیە و ئەدەب و زمانی کوردیی و رووسیی خوێندووە، لە  زۆر وڵات ژیاوە، هاوسەرگیریی کردووە و لە ئەمریکا نیشتەجێیە. ساڵانێک لە بواری رۆژنامەگەریی و تەلەفزیۆن و وانە وتنەوەدا کاریکردووە. گوڵاڵە نوری بە شاعیرێکی کورد و نووسەرێکی عيراقیی دادەنرێت، شیعرەکانی وەرگێڕدراوەنەتە سەر چەند زمانێک و لە گۆڤار و رۆژنامە بیانییەکاندا بڵاوکراوەنەتەوە. مەدالیای ئەندامێتی لە لیژنەی هۆميرۆس بۆ هونەر و شیعر لە برۆکسل بەدەستهێناوە، یەکەم شاعیرەی کوردە ئەم خەڵاتە وەربگرێت. هەر لەبەر ئەم هەوڵانەی لێم پرسیی:
 *خۆت لە کوێی جیهانی شیعردا دەبینیتەوە؟
- ژیانم و رێچکەکەی و وردەکارییەکانی رۆژانەی، ئاویتە و یەکانگیرن لەگەڵ شیعرەکانم، بەجۆرێک وام لێهاتووە  جیاوازیی لەنێوان جیهانی شیعر و نا شیعریی کە تێیدا دەگوزەرێم نەزانم، هێندە تێکئاڵاون، تەنانەت کێشەکانم تێیدا وەك تروسکەیەکی شیعریی وەهان. هەموو ئەمانە وام لێدەکەن بە رێچکەیەکی تایبەت بە خۆم بنووسم، هەروەها تایبەت بە ژیانم و هەڵچوون و ململانێ و بەرەنگاریی و سەرسوڕمان و بەرکەوتە و پەرتەوازییەکانم.

* ئایا باوەڕت وایە کە شیعر دەتوانیت جیهان بگۆڕێت؟
- نەخێر باوەڕ بەوە ناکەم، من کاتێک هەرزەکار بووم بەوجۆرە بیرم دەکردەوە یان لەبەرئەوەی لە ژینگەیەکی خێزانیدا گەورە بوو بووم نرخێکی دەروونیی بە شیعر و شاعیران دەبەخشی، ئێستا ئەوەی جیهان دەگۆڕێت لە هەموو بوارەکاندا، زاناکان و گەشەپێدەرانی تەکنەلۆژیا و ئابووریی و سیاسەت و سیاسەتمەدارانن، واقیع دەڵێت شاعیران زۆربەیان بەدبەخت و هەژارن و قورئانیش دەفەرموێت «لە هەموو دۆڵێکدا سەرگەردانن.» رەنگە شیعر تەنانەت سەرکەوتوو نەبێت لە گۆڕینی خودی شاعیریشدا.

*زۆربەی شیعرەکانت بوێرانەن، سەبارەت بەمە دەتەوێت چی بڵێیت؟
- شاعیر دەبێت بوێر بێت لە خستنەڕووی بیرۆکەکانیدا، ئایا شاعیرەکان بوێرن؟ ئەم پرسیارە بۆ سەردەمی ئێستامان گونجاو نییە لەکاتی قسەکردندا لەگەڵ شاعیرێک، لەبەرئەوەی ئەگەر بوێریی شاعیرەکان لەگەڵ زۆرێک لە بلۆگەر و فاشینیستەکان بەراورد بکەین، زەرەر دەکەین. خۆئەگەر تێگەیشتنی من بۆ پرسیارەکەت راست بێت، سیفەتی بوێریی  لە شیعردا و لای شاعیرانیش گۆڕاوە.

* دوای ئەم ئەزموونە دوور و درێژە لەگەڵ شیعر، شیعر بۆ تۆ چی دەگەیەنێت؟
- شیعر هاوڕێمە لە خەمەکانم گلەییم لێکردووە و یارمەتیی داوم لە ترسەکانم رزگارببم، پاڵپشت بووە لە گرژییەکانمدا و منی کۆکردۆتەوە لەگەڵ کەسانی ئازیز و بیرمەند و لەگەڵ رۆحەکان، کاتێ کە باشنابم هاوبەشی خۆشییەکانمە، شیعر نووسین پڕۆژەیەکی دەروونیی و خۆییە، بەڵام گرنگە بۆ خاوەنەکەی.

*واتە نووسینەکانت هەریەکەیان تایبەتمەندییەکی لە ویژدانتدا هەیە؟
- هەموو شیعرەکانی خۆم خۆشدەوێت، هەر یەکەیان چیرۆکێکیان هەیە کە لەبیری ناکەم، تەنانەت ئەگەر ئێستا لە هەندێک شیعردا بەرهەڵستیی خۆم بکەم، هێشتا سوپاسی دەکەم چونکە ئەو خولیاکانی منی هاوبەش کرد لەگەڵ خوێنەرەکانمدا و هەندێک جار پێدەکەنم و سەرسام دەبم بەو گۆڕانەی بەسەر بیرکردنەوەکانمدا هاتوون، ئیدی ئاوایە قۆناغەکانی ژیان قسەی خۆیان هەیە.
*کەی شیعرییەکانت دێن و بەرجەستەیان دەکەیت؟
- وەک گوتم شیعر هاوڕێمە، لەبەرئەوە هەرگیز نائومێدی ناکەم.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان