راپۆرتی / ئهیاز ههركی
کاتێک چەکدارانی داعش لە ساڵی 2014 دهستیان بهسهر شاری موسڵدا گرت، ناوچە شوێنەوارییەکانیان وێرانکرد، ساڵی 2015 به شۆفڵ و بلدۆزهر دەستیانکرد بە وێرانکردنی شاری مێژوویی نەمرود و پارچە شوێنەوارییەکانیان تاڵانکرد، کە بەڵگەبوون لەسەر شارستانییهتی پێشکەوتووی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری لە نهینهوا. ئێستا تیمێکی هاوبەشی شوێنەواری پارێزگای موسڵ و شوێنەوارناسانی ئەمریکی سەرقاڵی چاککردنەوە و کۆکردنەوەی كهرهسته شوێنهوارییەکانی ناوچەکەن بە مەبەستی گێڕانەوەی سیما شوێنەوارییەکەی ناوچەکە.
پارچە شوێنەوارییە دۆزراوەکان
روهید ئهحمهد بەڕێوەبەری شوێنەواری موسڵ به كوردستانی نوێی راگهیاند: دەستمان کردووە به پشكنینی میراتی ناوچهكانی شوێنهواریی له سنووری پارێزگای موسڵ به هاوكاری رێكخراوی تاری و زانكۆی سمیسۆنیای ئهمریكی كار لهسهر پڕۆژهی چاککردنەوە و پاراستنی شاری دێرینی نهمرود دەکەین.
وتیشی: تیمهكانی شوێنهواریی نزیكهی 60 بۆ 80 ههزار پارچهی شوێنهوارییان به قهبارهی جیاوازهوه كۆكردووەتەوە، سەرجەمیان لە سندوقی تایبەتدا پارێزراون، هەروەها ئامانج لە کارەکانمان پاراستنی میراتی شوێنهواریی پارێزگای نهینهوایە به گشتی و بە هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
جارەکانی تاڵانکردنی
شوێنهواری نهمرود، دەکەوێتە کەناری رووباری دیجلە و 30 کیلۆمەتر لە باشووری موسڵەوە دوورە، بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1820 لەلایەن تیمێكی شوێنەوارناسی بیانییەوە دۆزراوەتهوە دواتر كاری لێكۆڵینهوهی لهسهر كردووه، ئەم شوێنەواره لە ساڵانی 2003 ـ 2015دا، دوو جار تاڵانكراوه.
بهڕێوهبهری شوێنهواری موسڵ دهڵێت: كهسانی شارهزای شوێنهوارناس و تیمی پشکنینی شوێنهوار و میراتی نەینەوا دەستیان بە پرۆسەی رزگارکردن و پاراستنی شاری دێرینی نهمرود کردووه، بە لابردنی دار و بەرد و کۆکردنەوەی ئەو پارچه شوێنەوارییانەی ماون، هەروەها گەڕاندنەوەیان بۆ سهر شێوازی پێشووی خۆیان و دووبارە نمایشکردنەوەیان بۆ سەردانکەران و ئەو گەشتیارانەی لە ناوخۆ و دەرەوە سەردانی شوێنەوارەکە دەکەن.
کاندیدە بۆ لیستی یونسکۆ
شاری مێژوویی نەمرود پایتەختی سەربازی ئیمپراتۆریەتی ئاشووری بووە، لەلایەن شا ئاشور ناسربالی دووەمی ئیمپراتۆریەتی ئاشوورییەوە لە نەینەوا دامەزراوە، ههروهها شوێنهواری نەمرود یەکێکە لەو شوێنە مێژووییانەی عیراق کە کاندید کراوە بۆئەوەی بخرێتە لیستی میراتی جیهانیی یونسکۆوە.
ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیریی و گەشتوگوزار و شوێنەواری عیراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کاری چاککردنەوەی شاری شوێنەواریی نهمرود لە پارێزگای موسڵ لەلایەن تیمێکی شارەزای شوێنەوارییهوه بەڕێوەدەچێت.
نەمرود شارستانیەتێکی دێرینی سەردەمی دەسەڵاتی ئاشوورییەکانە لە پارێزگای موسڵ، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان شارەکە لە سەدەی 13ی پێش زایین دروستکراوە، بەناوبانگترین و گرنگترین ناوچهی شوێنەواریی وڵاتی نێوان (دوو رووبار)ە لە مێژووی میزۆپۆتامیا.