گەڕانەوە بۆ باری ئاسایی یان هێشتنەوەی لەو بارەی تێیدایە

چارەسەری سروشتی، بۆ باشترکردنی تەندروستیی نەخۆش

09:58 - 2025-01-27
ڕاپۆرت
105 جار خوێندراوەتەوە
#چارەسەرکردن بە سروشتی

راپۆرتی/ محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


‎چارەسەری سروشتی زانستێکی چاودێری تەندروستییە، لەلایەن چارەسەرکارانی فیزیاییەوە پێشکەش دەکرێت، یارمەتیدەرە بۆ گەڕاندنەوەی جوڵەی جومگەکان، چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئازار و بەهێزکردن و خاوکردنەوەی ماسولکە.
عەلی محەمەد پیاوێكی تەمەن 80 ساڵی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجەیە دەڵێت: ساڵی 2023  تووشی جەڵتەی دەماخ بووم، نزیكەی دوو هەفتە لە نەخۆشخانە بێ هۆشبووم و چارەسەری پزیشكیم وەردەگرت، پاش بەهۆش هاتنەوەم پزیشكەكەم چارەسەری سروشتی بۆ نووسیم و دەستمكرد بە وەرگرتنی، لەبەرئەوەی بەهۆی كاریگەریی جەڵتەكەوە ماسولكەكانم و جومگەكانم لاوازببوون و كەم دەجوڵان.
وتیشی: رۆژانە سێ جار و بۆ ماوەی سێ مانگ بە بەردەوامی چارەسەری سروشتیم وەرگرت، وردە وردە ماسولكە و جومگەكانی قاچ و دەستم كەوتنەوە جوڵە و ئێستا بەهۆی وەرگرتنی چارەسەری سروشتی و بەكارهێنانی رێنمایی و دەرمانەكانی پزیشكەكەم دەتوانم دەست و پێیەكانم بە باشی بجوڵێنم.

‎جۆرەکانی چارەسەری سروشتی
بە وتەی چارەسەرکارانی سروشتی، ئەو نەخۆشانەی تووشی نەخۆشییەکانی ئینزیلاقی پشت و مل، سەوەفانی ئەژنۆ و بڕبڕەی پشت، جەڵتەی دەماخ، رەق بوونی شان و ئازاری ئەنیشک و خواربوونی لایەکی دەموچاو بەهۆی دەماری حەوتەمەوە دەبن، پێویستیان بە چارەسەری سروشتییە.
رابەر حەمەساڵح یاریدەدەری چارەسەری سروشتی بە کوردستانی نوێی راگەیاند: ئەو کەسانەی دەسووتێن یان تووشی بەرکەوتنێکی قورس دەبن و ماوەیەکی زۆر لە جێگەدا دەمێننەوە، یاخود منداڵن و ئۆزتیم یان شەلەل دەماخیان هەیە، بۆ باشبوونی دۆخیان پێویستیان بە چارەسەری سروشتییە.
چارەسەری سروشتی چەندین جۆری هەیە لەوانە: مەساج و دانانی ئامێری کارەبایی بۆ نەخۆش، پێدانی راهێنان لە ماڵەوە یاخود لەناو ئاودا، زیادکردنی جوڵەی جومگە و چارەسەر لە رێگەی گەرمی و ساردییەوە، یاخود دەرزی ئاژنین كە جۆری دیکەن بۆ چارەسەرکردنی سروشتی.
رابەر حەمەساڵح دەڵێت: چارەسەری سروشتی بۆ باشترکردنی تەندروستی نەخۆشەکە و گەڕانەوەیەتی بۆ باری ئاسایی خۆی، یاخود هێشتنەوەیەتی لەو بارەی کە تێیدایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان