بۆ یەكەمجار لە سلێمانی بەشێكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی هەناسەدان بۆ منداڵان دەکرێتەوە

10:54 - 2025-01-27
ڕاپۆرت
128 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ یەكەمجار لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری كۆئەندامی هەناسەدان، بەشێكی تایبەت بە نەخۆشییەكانی  كۆئەندامی هەناسەدانی منداڵانی كردەوە.
لەوبارەیەشەوە د.پشدەر عەبدوڵڵا پزیشكی پسپۆڕی كۆئەندامی هەناسەدانی منداڵان بە كوردستانی نوێی رایگەیاند: لە چەند رۆژی رابردوودا  بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری كۆئەندامی هەناسەدان، بەشێكی تایبەت بە چارەسەری هەناسەدانی منداڵان كرایەوە.
وتیشی: ئێستا هەموو رۆژانێكی چوارشەممە ئەو منداڵانە دەبینرێن كە نەخۆشیی هەناسەدانیان هەیە، لەلایەن پزیشكی پسپۆڕی تایبەتەوە سەرپەرشتی دەكرێت و لە داهاتووشدا سەرجەم ئەو ئامێرانەی بۆ دابین دەكرێت كە پێویستن بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان وەك رەبو و هەناسەتوندی و كۆكەی درێژخایەن.
 روونیشیکردەوە کە بەشێكی تایبەتی لەم شێوەیە لە نەخۆشخانەی ئەڵمانی بۆ چارەسەری نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەدان بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشیی هەناسەدانیان هەیە زۆر پێویستە، چونكە شوێنی تایبەت بەخۆیان دەبێت بۆ چارەسەركردن و باشتر چاودێرییان دەكرێت لە داهاتوودا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان