کەیسە گرنگەکانی ژینگە لەبەردەم دادگادا بۆ ساڵی 2025

11:48 - 2025-01-27
ژینگە
71 جار خوێندراوەتەوە
دوای ئاگرکەوتنەوەکانی کالیفۆرنیا، رەنگە رێسا ژینگەییەکان توندتر بکرێن

ئا: دڵان سامان

رێکەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا پشتی بە هەندێ ئیلتیزاماتی خۆبەخشانە بەستووە، کە ناتوانرێت بە زۆر بسەپێنرێت بەسەر وڵاتاندا

 

ساڵی رابردوو بۆ مەسەلەکانی ژینگە زۆر گرنگ بوو، بەهۆی ئەوەی هەندێ سەرکەوتنی ژینگەیی تێدا تۆمار کرا، بەڵام لەبەرامبەردا هەندێ سیاسەتی تایبەت بە ژینگە هەیە دەبنە هۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بۆ نموونە لە مانگی نیسانی رابردوودا دادگای ئەوروپی بۆ مافی مرۆڤ داوایەکیان بەرزکردەوە بەهۆی ئەوەی سیاسەتە لاوازەکانی سویسرا بۆ ژینگە بوونەتە هۆی پێشێلکردنی مافی هاووڵاتیانی، ئەم داوایە رێگەخۆشکەر بوو بۆ بەرزکردنەوەی کەیسی لەو جۆرە لە دادگاکاندا لە نزیکەی 50 وڵاتدا.
نوێترینیشیان دادگای باڵای مۆنتانایە لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە 16 چالاکوانی ژینگەیی گەنج داوایەکیان بەرزکردووەتەوە دژی دەوڵەت، بە تۆمەتی ئەوەی مافی پێشێل کردوون بە دەستبەرنەکردنی ژینگەیەکی پاک، بەڵام لە بەرامبەریشدا هەندێ شکست هەبووە وەک هەوڵەکانی کۆمپانیای «شێڵ» بۆ نەوت کە سەرکەوتوو بوو لە دەربازبوون لە بنەمایەک ناچاری دەکرد لێچوونی گازی کاربۆن بەشێوەیەکی زۆر کەمبکاتەوە.

پێکهێنانی بنەما نێودەوڵەتییەکان بۆ ژینگە
رای دادگای دادوەریی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە هەندێکجار پێی دەوترێت «دادگای جیهان» لە کەیسی ژینگەدا کاریگەریی زۆری هەیە لە هەڵگەڕانەوەی داوا ژینگەییەکان و لێرەدا دوو پرسیاری سەرەکی هەیە: 
*چ بەرپرسیارێتییەک دەکەوێتە سەر شانی وڵاتان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی ژینگە؟
*وڵاتان رووبەڕووی چ سزایەکی یاسایی دەبنەوە ئەگەر خیانەتیان لەو بەرپرسیارێتییانە کرد بەشێوەیەک زیانی بۆ ژینگە هەبێت؟ 
راستە ئەو دادگایە بەرامبەر ئەو کەیسانە بەپێی یاسا ناتوانێت وڵاتان پابەند بکات، بەڵام کاریگەریی هەیە لە پێکهێنانی رێسای یاسای نێودەوڵەتیی، کە رێخۆشکەر دەبێت بۆ دادگا گرتن دژی ئەو لایەنانەی دەستی باڵایان لە زیادبوونی گازی کاربۆن و تەشەنەسەندنی قەیرانی ژینگەدا هەیە. 
بۆ نموونە دەوڵەتی (فانواتو) لە ئۆقیانووسی ئارام داوایەکیان بەرزکردووەتەوە کە ئەمە گەورەترین کەیسی ئەو دادگایەیە، لە کۆتایی ساڵی 2024 دا بەڕێوەچوو ماوەی دوو هەفتەی خایاند، لیژنە دادوەرییەکە لە 15 ئەندام پێکهاتبوو، گوێیان لە شایەدیی نزیکەی 100 دەوڵەت و چەندین پسپۆر و کۆمەڵە گرت، کە لە بەرژەوەندی کەیسەکە و لە دژی ئەو لایەنانەی بنەما نێودەوڵەتییە نوێیەکان بۆ ژینگە دەبەزێنن قسەیان کرد، بۆ سزادانی ئەو لایەنە گەورانەی بەرپرس و هۆکارن بۆ لێچوونی گازی ژەهراویی کە هۆکارە بۆ زیادبوونی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرما و ئاستی گەرمبوونی جیهانیی.  
وڵاتە هەژارەکان داوا دژی دەوڵەمەندەکان بەرزدەکەنەوە
*کەیسی یەکەم: ژمارەیەک لە وڵاتە هەژارەکان و دوورگە بچووکەکان ئیدیعای ئەوە دەکەن کە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەرپرسن لە زۆربەی زۆری ئەو گازە ژەهراوییانەی دەبنە هۆی دیاردەی پەنگخواردنەوەی گەرمای جیهانیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتانی جیهانی سێ کە بەڕێژەیی کەمترین گازی ژەهراویی بەرهەمدێنن، ئەوان خراپتر رووبەڕووی کاریگەرییەکانی گۆڕانی ژینگە و کەشوهەوا دەبنەوە. 
تەنانەت رێکەوتننامەی پاریس بۆ کەشوهەوا پشتی بە هەندێ ئیلتیزاماتی خۆبەخشانە بەستووە، کە ناتوانرێت بە زۆر بسەپێنرێت بەسەر وڵاتاندا، بۆیە پێویستە بنەما و رێسای نێودەوڵەتیی توندتر هەبێت، بە یاسا پاڵپشتیی لێ کرابێت بۆ چارەسەرکردنی زیادبوونی هەڕەشەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرمای جیهان.
لە بەرامبەردا وڵاتە دەوڵەمەندەکان و لەنێویاندا وڵاتە ژینگە پیسە سەرەکییەکان وەک ئەمریکا و چین و ئوستورالیا، بە پێچەوانەوە جەخت لەوە دەکەنەوە کە رێسا ژینگەییەکانی ئێستا گونجاوە و پێویست بە رێسای نوێ و توندتر ناکات، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت دادگای ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان رای راوێژکاریی خۆی لەمساڵدا رابگەیەنێت.
کەیسێکی وڵاتە یەکگرتووەکان دژی ژینگە
*کەیسی دووەم: هەڕەشە لە وەبەرهێنانی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی دەکات، ئەویش داوایەکی یاسایی وڵاتە یەکگرتووەکانە دژی هەندێک لە گەورە بەڕێوەبەرانی دارایی لە جیهاندا، لەلایەن 11 ویلایەتەوە کە کۆمارییەکان بەڕێوەی دەبەن بەرزکراوەتەوە، بە تۆمەتی پیلانگێڕیی بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خەڵوزی جیهانیی و بانگەشەکردن بۆ ئەجیندای ژینگەیی بە سیاسییکراو. 
ئەم داوا یاساییە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا دژی کۆمپانیا وەبەرهێنەکانی (بلاک رۆک، ستیت ستریت کۆربورەیشن، فانگارد گروپ) بەرزکرایەوە، کین باکستۆن داواکاری گشتیی ویلایەتی تەکساس نوێنەرایەتی ئەو داوایە دەکات و دەڵێت: «کۆمپانیاکان یاریی بە بازاڕی خەڵوز دەکەن بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوەکانی وزە بە دەستی ئەنقەست و بەرزکردنەوەی نرخەکانیان».  
لە راستیدا ئەم داوایە ئەوەی پێیدەوترێت ستراتیژەکانی وەبەرهێنانی ژینگەیی و کۆمەڵایەتیی و حوکمڕانیی دەکاتە ئامانج، کە ئەو سێ گروپی وەبەرهێنەرانە دەستپێشخەرییان تێدا کردووە، بۆ سنووردانان و کەمکردنەوەی لێچوونی ئەو گازانەی دەبنە هۆی پەنگخواردنەوەی گەرما و گەرمبوونی جیهانیی و گەیشتن بە رێژەی سفر لە ساڵی 2050 دا. 
کەیسێک لە دژی دامەزراوەکانی دابینکردنی وزە
*کەیسی سێیەم: شارۆچکەی کاربۆرۆ لە ویلایەتی کارۆلینای باکوور داوایەکیان بەرزکردووەتەوە لە دژی کۆمپانیای (دیوک ئینێرژی) بە تۆمەتی شاردنەوەی مەترسییە ژینگەییەکانی پەیوەستن بە سوتاندنی سوتەمەنی بەردین لە جەماوەر و دەسەڵاتی سیاسیی و دەڵێن: «ئەو هەڵمەتی هەڵخەڵەتاندنەی ئەم کۆمپانیایە کردوویەتی، بووەتە هۆی دواکەوتنی گۆڕینی تەواوەتی بەکارهێنانی وزە، دوور لە سووتەمەنی بەردین و دواجار تەشەنەسەندنی قەیرانی ژینگە بەشێوەیەکی بەرچاو».   
ئەوەی جێی سەرنجە لەم داوایەدا کۆمپانیای نەوتی سەرەکیی نەکراوەتە ئامانج، بەڵکو داوا لە دژی کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی وزەی وەک کارەبا دابین دەکەن بەرزکراوەتەوە، بەوەش فشارەکان لەسەر کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکان لە زیادبووندایە بۆ گۆڕێنی وزەی بەکارهاتوو لە وزەی سووتەمەنی بەردینییەوە بۆ وزەی پاک و نوێبووەوە. 
لە کاتی بردنەوەی ئەم داوایەدا دەبێت کۆمپانیاکە ژێرخانی ئەو شارۆچکەیە چ زیانێکی بەرکەوتووە چاکبکاتەوە، تەنیا شارۆچکەکە نزیکەی 60 ملیۆن دۆلار وەک قەرەبوو وەردەگرێت.
پڕۆژەکانی هێڵی شەمەندەفەر
*کەیسی چوارەم: هەڕەشەیە بۆ ژینگە، چونکە ئاسانکاریی دەکات لە وەرگرتنی مۆڵەت بۆ بنیادنانی هێڵی شەمەندەفەر کە لە رووی ژێرخانی ژینگەییەوە وێرانکەرە، دادگای باڵای ژینگە لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوێ لە پێشنیاری دروستکردنی هێڵێکی شەمەندەفەر دەگرێت بە درێژیی 88 میل لە ویلایەتی یۆتا-ی ئەمریکا کە ئەگەر جێبەجێبکرێت کاریگەری ژینگەیی خراپی دەبێت، چونکە ئەم هێڵە رێژەی زەبەلاح لە نەوت دەگوازێتەوە بۆ کەناری کەنداوەکان. هاوکات ئەم داوایە پێداچوونەوەی پێداکراوە، لەبەرئەوەی ئەو لایەنانەی ئەو پڕۆژەیەیان پێشکەشکردووە، کاریگەرییەکانی بۆ ژینگە و کەشوهەوایان لەبەرچاو نەگرتووە، وەک رژاندنی نەوت و دەرچوونی شەمەندەفەرەکە لە رێڕەوی خۆی و کەوتنەوەی کارەساتی وەک ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان. 
دواجار بەپێی یاسای سیاسەتی ژینگەیی نیشتمانی (NEPA)، پێویستە دەزگا فیدڕاڵییەکان هەڵسەنگاندنی ژینگەیی بۆ پڕۆژەکانی ژێرخانی وەک ئەم داوایە بکەن، بەڵام دادگای باڵای ژینگە رەنگە تەنها بڕیار لەسەر کاریگەرییە ژینگەییە راستەوخۆکانی خودی پڕۆژەکە بدات، بەڵام پێویستە لایەنەکانی وەک بەکارهێنانی زەوی و کوالێتی ئاو-یش، لەبەرچاو بگیرێت بۆ پەسەندکردنی پڕۆژەکە.
پێوەرەکانی هەوای پاک لە کالیفۆرنیا
*کەیسی پێنجەم: پێوەرەکانی هەوای پاک لە کالیفۆرنیا دەکاتە ئامانج، چونکە دادگای باڵای ژینگە بیر لەوە دەکاتەوە ئایا گروپە بازرگانییەکانی وەک (کۆمپانیاکانی سووتەمەنی بەردین) دەتوانن تەحەدای بەرنامەی لێخۆشبوون بکەن کە رێگە بە کالیفۆرنیا دەدات یاسای تایبەتی خۆی سەبارەت بە دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێلەکان دابنێت.
ئەم لێخۆشبوونە کە لەلایەن دەزگای پاراستنی ژینگەوە دراوە، رێگەی بە ویلایەتەکە داوە رێسای توندتر بۆ دەردانی گازی ژەهراوی ئۆتۆمبێلەکان دابنێت لە چاو ئەوانەی لە حکومەتی فیدراڵییەوە سەپێنراون، ئەمەش کوالێتی هەوا باشتر دەکات، هەروەها نزیکەی دەیان ویلایەتی دیکەش ستانداردەکانی کالیفۆرنیا پەیڕەو دەکەن لەگەڵ بەشێک لە کۆمپانیا گەورەکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێلیش، ئەمەش وایکردووە ئەو لێخۆشبوونە ببێتە ئامرازێکی بەهێز لە سنووردارکردنی پیسبوونی زیانبەخش و هاندانی کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل بەرەو دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی.
بێگومان دواجار هەموو ئەمانە دوای ئاگرکەوتنەوەکانی کالیفۆرنیا دەگۆڕێن کە 40 ساڵە ئاگری وا گەورە لەو ویلایەتەدا نەکەوتۆتەوە، رەنگە رێوشوێنە ژینگەییەکان توندتر بکرێن.
سەرچاوە: الشرق الاوسط

بابەتە پەیوەندیدارەکان