شەهیدی نەمر یاسر ئەلیاس خەڵەف، لەدایكبووی ساڵی 1987ی خێزانێكی كوردپەروەری عەشیرەتی (مەنتكا)ی ئێزدیی گوندی (كۆچۆ)یە و لە رووی خوێندنەوە دەرچووی قۆناغی ناوەندییە.
ساڵی 2007 پەیوەندیی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە لە سنووری كۆمیتەی رێكخستنی كۆمەڵگەی (تل قەساب) لە قەزای شنگال، ئەندام و هەڤاڵێكی چالاكی یەكێتی بووە لە سنوورەكەیدا.
ساڵی 2013 بووە بە پێشمەرگە لە فەوجی سێی لیوای111ی یەكەی70، لە بنكەی مەشقی هێزەكانی70 لە سلێمانی بەشداریی چەندین خول و راهێنانی سەربازیی كردووە، دواتر لە سنووری پارێزگای موسڵ و شەنگال وەك پێشمەرگەیەكی ئازا و چالاك خزمەتی كردووە.
بەرەبەیانیی رۆژی 3/ 8/ 2014، كاتێك تیرۆریستانی داعش قەزای شنگال و دەوروبەرییان داگیركرد، شەهید یاسر ئەلیاس لەگەڵ پۆلێك لە پێشمەرگەكانی یەكێتی لەكاتی بەرگریی لە خەڵكی سنوورەكە، لە نێوان كۆمەڵگەی( تل قەساب) و گوندی (كۆچۆ)، كەوتنە ناو گەمارۆی دوژمن و شەڕێكی قارەمانانەیان كرد، لە ئەنجامدا و دوای نەمانی فیشەك، لەگەڵ 13 پێشمەرگەی دیكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا، شەهید كران، كە یەكێك لە شەهیدەكان، میسرا ئەلیاسی برای بوو.
شایەنی بیرهێنانەوەیەوە، رۆژی 15/8/2014 دانیشتووانی گوندی (كۆچۆ) لەلایەن چەكدارانی داعشەوە بەشێوەیەكی دڕندانە جینۆسایدكران، كە تێكڕا 514 كەس شەهیدكران، هەروەها 75 %ی دانیشتووانی گوندی (كۆچۆ) لایەنگر و ئەندامانی رێكخستنەكانی یەكێتی بوون و زۆرێكیش لەوان لە سلكی پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش و حزب و بواری كۆمەڵایەتیدا، لە ریزەكانی یەكێتی لە ئەركدا بوون.
بەگوێرەی هەندێك سەرچاوەش ئەو راستییە دوپات كراوەتەوە، خەڵكی كۆچۆ بەهۆكاری ئاینی و باوەڕی سیاسییان كە سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بوون، جینۆسایدكران.
ئەیاز محەمەد سەلیم هەركی