پلان و بەرنامەی لە بوارە جیاوازەکاندا ئاشکرا دەکات

قایمقامی خانەقین: بچووکترین گەندەڵی هەبێت دژی دەوەستینەوە

09:46 - 2025-01-28
دیدار
89 جار خوێندراوەتەوە

قایمقامی خانەقین: بەرنامەی درێژخایەنمان هەیە بۆ ئاوەدانی و گەشەکردنی شارەکە

ئەندازیار جواد فەیزوڵڵا ماوەی كەمتر لە سێ مانگە بووەتە قایمقامی شاری خانەقین، هاووڵاتیان بەچاوێكی پڕ لە هیواوەوە لێی دەڕوانن، لەم دیدارەیدا لەگەڵ کوردستانی نوێ پلان و بەرنامەی بۆ زیاتر ئاودانکردنەوەی شارەکە دەخاتەڕوو.

دیداری/ سامان یاروەیس 

جواد فەیزوڵڵا  بۆ  کوردستانی نوێ    :  30 پڕۆژەمان پێشكەش بە ئیدارەی پارێزگای دیالە كردووە، هەمووی بنەڕەتین و كاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاوەدانیی شارەكە  دەبێت


*بەگشتیی بەرنامەتان بۆ ئاوەدانی زیاتری خانەقین چییە؟
-خانەقین شارێكی ماندووە و ململانێكان زیانی زۆریان پێگەیاندووە، بەرنامەی درێژخایەنمان هەیە بۆ گەشەپێدانی، رووبەڕووی زۆر كۆسپ دەبینەوە هەمووی لەپێش چاومانە، بەڵام هاوکاری هەموانمان دەوێت، هاووڵاتیان، حزب، رێكخراوەكان، چالاكوانان، رۆژنامەنووسان، كەسایەتییەكان، پێویستمان پێیانە و دەمانەوێت چاوساغمان بن، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری فەرمانگە و دەزگا حكومییەكان کۆبووینەتەوە و دەرگامان كراوەیە بۆ هەر پێشنیاز و رەخنەیەك کە ببێتە هۆی ئاوەدانی زیاتر.

*چ كۆسپێكتان لە بەردەمدایە و دەتانەوێت زاڵبن بە سەریدا؟ 
- لەناو سەرجەم قائیمقامەكان تەنها من كوردم، سەرجەم پارێزگار و جێگرەكانی سەردانی تەواوی ناحیەكانیان كردووە تەنها خانەقین نەبێت ئەمە وەك سەرەتایەك، كارەبا خراپە، بەشی زۆری گەڕەکەکان ئاوەڕۆیان نییە کۆنکرێت نەکراون ئەمانە گرفتی بنەڕەتین.

*زۆرینەی هاووڵاتیان گلەییان لە خراپیی کارەبای نیشتمانی هەیە، پلانتان چییە؟
-سەرەڕای ئەوەی كێشەی كەمی كارەبا هەیە، هاوكات كێشەی دیکەش هەیە، باجی كارەبا لەسەر هاووڵاتیانی خانەقین دوو هێندەی شار و ناحیەكانی دیکەیە، بۆ نموونە ئەگەر لە بەعقوبە 25 هەزار دیناربێت بۆ دوومانگ، لە خانەقین 50 هەزارە بۆ دوو مانگ، هاوکات هاووڵاتیان زیاتر لە 10 ملیار دینار قەرزی كارەبایان لایە، هەروەها خانەقین فەرمانگەی كارەبای نییە ئەمانە هەمووی کێشەیە و پێویستە رێکبخرێنەوە.

*بۆ ئەمساڵ دۆخی خانەقین لە پڕۆژە و ئاوەدانیدا چۆن دەبێت؟ 
- 30 پڕۆژەمان پێشكەش بە ئیدارەی پارێزگای دیالە كردووە، هەمووی بنەڕەتین و كاریگەریی گەورەیان لەسەر ئاوەدانیی شارەكە دەبێت، لەگەڵ پارێزگار و جێگرەكانی قسەمان كردووە،  هەریەك لە سوزان مەنسور لە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەوس ئیبراهیم لە ئەنجومەنی پارێزگای دیالە لەلای خۆیانەوە لەسەر هێڵن و داكۆكی سەخت لەو پرۆژانە دەكەن، پرۆژەكان لە بواری رێگەوبان، ئاوەڕۆ، كۆنكرێت، سەوزایی، باخچە و زۆر بواری دیکەدایە.
هاوکات بەم نزیكانە كۆنكرێتكردنی سێ گەڕەك دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەروەها لەگەڵ كۆمپانیای جوجێتی چینی بۆ دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت لە دەوروبەری خانەقین كاردەكات قسەمان كردووە، بۆئەوەی چەند پرۆژەیەک لە شارەکەدا جێبەجێ بکەن.

* زۆر گلەیی لە بوونی زیادەڕەوی دەکرێت لە شارەکەدا، پلانتان چییە؟
- ئەمە كێشەی زۆربەی شارەكانە و چارەسەرکردنی بڕیاری دەوێت، ئیدارەی شار دەبێت  بەپێی یاسا رێگری بكات، بۆ لەمەودوا بەهیچ شێوەیەك رێگە نادەین بەرژەوەندی تایبەتیی زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنێت و یاسا پێشێل بكرێت. لە ماوەی رابردوودا حەوزی ماسی، باخچە، خانوویەک بە زیادەڕۆ دروستکرابێت روخاندومانە، ئەوەشی ماوە دڵنیات دەكەم نامێنێت، بۆ ئەم کارە پێویستمان بەوەیە هەموان پابەندی یاسابن.

*تۆ لەلایەن حزبەوە دانراویت، قسە دەكرێت كە رەنگە بچیتە ژێر كاریگەری و خواستی حزبەكەت؟ 
-من كادیری حزبەكەی خۆمم و سەرم پێی بەرزە، پشتیوانی ئەوانە لەم پۆستەدام، بەڵام بەیانیان كە دەگەمە لای دەرگای قائیمقامیەت بەرگری حزبی دادەنێم بە رێزەوە بەرگی حكومەت و خزمەت لەبەر دەكەم و بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو لایەك دەكەم، حزبەكەم خۆی چاودێرە بەسەرمەوە كە یاسا بۆ هیچ كەسێك نەشكێنم و خۆشم بەهیچ شێوەیەك رێگە بەخۆم نادەم بچمە ژێر ئەو كاریگەرییەوە، بابەتەكە یاسا و بەرژەوەندی گشتییە، حزبەكەشم ئەوەی پێخۆشە ئەو دوو چەمكە بپارێزم.

* دوو خاڵی سنووریی دەكەونە خانەقینەوە، ئەمە كاریگەریی هەبووە لەسەر خزمەتكردنی شارەكە؟ 
- ئەو بابەتە دوو دیوە، دیوێكی بووەتە سەرچاوەی کار بۆ بەشێک لە خەڵکی شارەکە، دیوەکەی دیکەی سەرچاوەی داهاتە بۆ حکومەت، کە دواتر وەك پڕۆژە و جۆرەكانی دیکەی خەرجی بەكاردەهێنرێت و بێگومان لەو لایەنەشەوە سوودی دەبێت.

*گلەیی زۆر لە رێگەوبانی شارەكە دەكرێت بەتایبەت رێگەی خانەقین – كەلار؟ 
-زۆر راستە، لەگەڵ برا و خوشكانم لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و ئەنجومەنی پارێزگای دیالە، پڕۆژەمان پێشكەش كردووە، لە وەزارەتەوە رەزامەندی لەسەر دراوە، گەیشتووەتە پارێزگای دیالە رێگەی خانەقین – كەلار بكرێتە دوو ساید و لەسەر هێڵین بۆئەوەی هەرچی زووە جێبەجێ بكرێت، ئەو رێگەیە ستراتیژییە بە دڵنیاییەوە هەوڵی زیاتری بۆ دەدەین.

*رەخنەیەكی زۆر لە فەرمانگەی كارتی نیشتمانی خانەقین دەگیرێت بەهۆی رۆتیناتەوە بەرنامەتان هەیە بۆ کەمکردنەوەی؟ 
- بۆ ئەوەی گەندەڵی و رۆتینات ئاشكرا بكەیت، پێویستیت بە بەڵگەیە، تائێستا هیچ بەڵگەیەكمان پێشكەش نەكراوە، لێرەوە رایدەگەیەنم بچووكترین بەڵگە هەبێت و هاووڵاتی پێشكەشی بكات، بێ دوو دڵی دژی دەوەستینەوە و لیژنەی راستەوخۆی بۆ دەردەكەین و لێپرسینەوە دەكەین، بەڵام بە قسە نابێت و ئێستا ئێمە چاودێریانین.

*تاچەند گرنگیدان بە زیادکردنی رووبەڕی سەوزایی لە بەرنامەتاندایە؟ 
-ژمارەیەك باخچە لە شارەكەدا دروستكراون، خۆشی كۆمەڵێك باخی تێدایە، بەڵام بەپێی پێویست نین، بە تایبەت خانەقین سەوزایی زۆری پێویستە، سەرەڕای ئەوەش بەردەوام ژمارەی دانیشتووان و ئۆتۆمبێل روو لە زیادبوونە، لەگەڵ شارەوانی و ژینگە بەرنامەی وردمان داناوە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و کاری لەسەر دەکەین.

*نەخۆشخانەی خانەقین چەند گرفتێکی هەیە تا چەند ئاگادارن؟
-لە هەوڵداین کێشەکانیان چارەسەر بکەین بە تایبەت نەبوونی پسپۆڕی كۆئەندامی دەمار، لەگەڵ بەڕێزان لە نەخۆشخانەی گشتیی خانەقین هەماهەنگیمان هەیە بۆ چارەسەركردنی سەرجەم کێشەکان و لە هەوڵداین پڕۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی بخەینە بواری جێبەجێكردنەوە.

* ئەو بەشە سووتەمەنییەی بۆ شارەكە دێت بەش دەكات؟ 
-هیچ كێشەیەكی سووتەمەنیمان نییە، چ لە رووی بەنزین، نەوت یان گاز، لەبەرئەوەی بڕی پێویست رەوانەی شارەكە دەكرێت، لە هەوڵداین بەنزینخانەیەكی دیکەی حكومی بكرێتەوە، بۆ ئەوەی گرفتی قەرەباڵغی و سەرەگرتن نەمێنێت.

# خانەقین

بابەتە پەیوەندیدارەکان