ئا/ دیاری سابیر
وێڕای بەردەوامبوونی بۆردومانەكانی روسیا بۆ سەر خۆرهەڵات و باشووری ئۆكرانیا، بە سەرپەرشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێوەندگیریی توركیا، دوو وەفدی مۆسكۆ و كیێڤ لە ئەستانبوڵ كۆبوونەوە و تیایدا رێكەوتن لەسەر هەناردەكردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا لە بەندەرەكانی سەر دەریای رەشەوە.
نەتەوە یەكگرتووەكان بەرپرسیارە
رێكەوتنەكەی نێوان هەردوو وەفدی روسیا و ئۆكرانیا بە گرنگ و پڕبایەخ دادەنرێت، كە بە سەرپەرشتیی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و نێوەندگیریی سەرۆكی توركیا بەڕێوەچوو.
دوای ئیمزاكردنی رێكەوتنەكەش، ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكرنیا بە ئۆنلاین، رایگەیاند: نەتەوە یەكگرتووەكان بەرپرسیارە لە هەناردەكردنی دانەوێڵەی وڵاتەكەی، چونكە رەنگە روسیا هەوڵبدات ئاستەنگ بۆ رێكەوتنەكە دروست بكات، بۆ ئەوەی گومان لەسەر راستگۆیی هەوڵەكانی ئۆكرانیا و جیهانیش دروست بكات، بەڵام ئێمە متمانەمان بە نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە و ئەركی ئەوانیشە كە جێبەجێكردنی مسۆگەر بكەن.
هەروەها دیمیتری كۆلیبا وەزیری دەرەوەی ئۆكرانیا رایگەیاندووە: وڵاتەكەی متمانەی بە نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە، نەك بە روسیا. بەڵام سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگریی روسیا رایگەیاندووە، كە كات لەبەردەستدایە بۆ جێبەجێكردنی رێكەوتنەكە لە چەند رۆژی داهاتوودا.
پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنیدا
لای خۆشیەوە، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سوپاسی روسیا و ئۆكرانیای كرد و رایگەیاند: ئەو دوو وڵاتە توانییان ناكۆكییەكانیان تێپەڕێنن بۆ دەرفەتدان بە دەستپێشخەریی خزمەتی هەموان و پێویستە ئەم رێكەوتنە بێ وێنەیە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت.
هەروەها سەرۆكی توركیا هیوای خواست كە رێكەوتنەكە ببێتە ئومێدێك بۆ سنووردانانێك بۆ جەنگی نێوان روسیا و ئۆكرانیا، كە دوو گەورەترین بەرهەمهێنی دانەوێڵەن لە جیهاندا.
هەروەك جۆزیپ بۆریل وەزیری دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپاش پێشوازیی لە ئیمزاكردنی رێكەوتنەكە كرد و بە هەنگاوێك بە ئاراستەی دروستدا وەسفیكرد، داواشیكرد پەلە بكرێت لە جێبەجێكردنیدا.
سەبارەت بە كاریگەریی هێرشە موشەكییەكانی روسیا بۆ خۆرهەڵات و باشووری وڵاتەكەی، ئۆلیكساندەر كۆپرامۆڤ وەزیری ئابووری ئۆكرانیا رایگەیاند: وێڕای هێرشە موشەكییەكانی روسیا بۆ سەر بەندەری ئۆدیسا، بەڵام لە ئامادەكارییەكانیان بەردەوامن بۆ هەناردەكردنی دانەوێڵە لە بەندەرەكانی سەر دەریای رەشەوە. هەروەها راوێژكاری ئابووریی سەرۆكی ئۆكرانیا ئاماژەی بەوەداوە، كە ئەگەر بەندەرەكانیان ئابڵوقە نەدرێن، ئەوا وڵاتەكەی دەتوانێت لە ماوەی هەشت بۆ نۆ مانگدا بڕی 60 ملیۆن تۆن دانەوێڵە هەناردە بكات، بەڵام هێرشە موشەكییەكەی روسیا بۆ سەر بەندەری ئۆدیسا، ئاماژەیەكە بۆ ئەوەی پڕۆسەكە ئاسان نەبێت.
سەرچاوە/ ئاژانسەكان