هونەرمەند حەسەن زیرەك سێ جار سەردانی شاری هەولێری كردووە

11:14 - 2025-01-29
دووتوێ
170 جار خوێندراوەتەوە
میرزا کەریم و حەسەن زیرەک لە هەولێر

ئا: رەوەست نەوزاد

 

 

باسوخواسێك هەیە كە دەوترێت هونەرمەندی گەورەی كورد حەسەن زیرەك، چەندجارێک هاتۆتە شاری هەولێر و بۆ ماوەیەك لەو شارە ژیاوە و كاریكردووە، لەو ماوەیەدا پەیوندییەكانی لەگەڵ هونەرمەندانی ئەوكاتەی شارەكە و تەنانەت كەسایەتی و خاوەن دیوەخانەكانیش بەهێزكردووە، باس لەوەش دەكرێت زیرەك لەسەردانی یەكەم و دووەمی بۆ هەولێر بە مەبەستی کاری هونەری نەهاتووە، تەنانەت زۆر ناسراو نەبووە، بەڵكو بە هۆكاری جیاواز رووی لە هەولێر و شارەكانی كەركوك و بەغداش كردووە.

تاهیر کرمانج

 
لەوبارەیەوە تاهیر كرمانج هونەردۆست و ئەرشیفپارێز بەكوردستانی نوێی راگەیاند: زیرەك لە ساڵی 1953دا هاتۆتە شاری هەولێر، لەو سەردەمەدا زیرەك كەسێكی ئاسایی بووە، بەهۆی ئەوەی لە ئێران بە ئۆتۆمبێلەكەی منداڵێكی شێلاوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە، بۆیە رایكردووە و هاتۆتە شاری هەولێر، لەوكاتەشدا كەسی نەناسیووەو هیچ دەزگایەكی هونەریش لەو شارەدا بوونی نەبووە تا گۆرانی تۆمار بكات. بەڵام تائێستاش نازانرێت كێ رێگای بۆ خۆشكردووە بچێتە بەغدا، لەوێ كەسێك بەناوی كامل كاكەمین كە ئامادەكاری بەرنامەكانی رادیۆی بەغدا بووە، هاوكارییەكی زۆری زیرەكی كردووە.
وتیشی: خوالێخۆشبووان ئەبو سەباحی وێنەگر و میرزا كەریمی نووسەر، كە دوو هاوڕێی حەسەن زیرەك بوون، لە تۆمارێكی دەنگیدا دەڵێن: هاتنی زیرەك بۆ شاری هەولێر بۆیەكەمجار، کاتێک بووە کە گۆرانیبێژ نەبووە، ئەوکاتە  هاتۆتە دیوەخانی سەعید ئاغای عومەر ئاغای سەید ئەحمەد نەقیب، كە ئەو پیاوە لە ئاغاكانی بنەماڵەی نەقیبی ئەشرافی هەولێر بووە و خاوەن قۆناغ دەبێت لە قەڵای هەولێر، بۆیە زیرەك لەوكاتەدا لە دیوەخانەكەی ئەو بنەماڵەیە قاوەچی بووە و جێگای خۆی لە دڵی ئەو ئاغایە كردۆتەوە و وەكو كوڕی ماڵەكەیان هەڵسووكەوتیان لەگەڵ كردووە.
تاهیر كرمانج باس لە هاتنی دووەم جاری زیرەك بۆ هەولێر لە ساڵی 1958 و دەستگیركردنی دەكات و دەڵێت: لە دوای بەرپابوونی شۆڕشی 14 ی تەمموز زیرەك بۆ جاری دووەم دێتە هەولێر و وەك میوان چەند مانگێك لە ماڵی سەعید ئاغای نەقیب ماوەتەوە و دۆستایەتی بەهێزی لەگەڵ فازڵی كوڕی سەعید ئاغا هەبووە، بەرپرسانی ئەوكاتەی عیراق، حەسەن زیرەك بەهۆی دوو تۆمەت دەستگیر دەكەن، كە ئەوكاتە حەسەن زیرەك لە كەركوك دواتر موسڵ بەند دەكەن، پاشان كەسێكی چاكەكار بۆ ئازادكردنی، پەیامێك بۆ سەعید ئاغای سەید عومەر ئاغای نەقیب دەنێرێت، بۆیە سەعید ئاغا خۆی دەچێت حەسەن زیرەك لەبەندیخانە ئازاد دەكات.
زیرەكی هونەرمەند بۆ سێیەم جار دێتە هەولێر و سەردانی چەند كەسایەتییەك دەكات، لەوبارەیەوە ئەو ئەرشیفپارێزەی هەولێر دەڵێت: لەناوەڕاستی شەستەكان كە لەوانەیە لە ساڵی 1967 ی سەدەی رابردوو بێت، حەسەن زیرەك جارێكی تر دێتەوە هەولێر، دووبارە دەچێتەوە ماڵی سەعید ئاغا، كە لەوكاتەدا لەگەڵ فازڵ ئاغای كوڕی سەعید ئاغای نەقیب سەردانی شێخ لەتیف بەرزنجی و مەلا عەبدوڵڵا ناسراو بە (مەلا ماتۆر)یان كردووە، بەڵام ئەمجارە زیرەك هونەرمەندێكی ناسراو بووە، بۆیە لە ماڵی فازڵ ئاغای نەقیب، كاسێتێكی گۆرانی بەتێپی بەكرەی خڕ، كە ماوەكەی یەك سەعات و نیو دەبێت، بەبێ موزیك تۆمار دەكات و بڵاویشی دەکاتەوە، زۆربەی شیعری گۆرانییەكانی ئەو كاسێتە، لەسەر شاری هەولێر و قەڵاكەی و شاری شەقڵاوە و گەڕەكی تەیراوە بووە.
روونیشی كردەوە: میرزا كەریمی هاوڕێی ئەوەشی ئاشكرا كرد، كە حەسەن زیرەك زۆربەی هونەرمەندەكانی ئەوكاتی کوردستانی ناسیووە، لەوانە: هونەرمەندان تاهیر تۆفیق و باكووری و شەماڵ سائیب و عەلی مەردان و رەسول گەردی بینیووە، هەرلەوكاتەدا زیرەك گۆرانی (یەڵا شوفێر)ی هونەرمەندی كۆچكردوی شاری هەولێر (محەمەد ئەحمەد ئەربیلی) گوێ لێدەبێت و ئەویش دەیڵێتەوە.

#كوردستانی نوێ- هەولێر

بابەتە پەیوەندیدارەکان