ئیدارەی راگەیاندنی وزەی ئەمریكا رایگەیاندووە: لە هەفتەی رابردوودا عیراق لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریكا، سعودییەی تێپەڕاندووە و بۆتە سێیەم گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری نەوت بۆ واشنتۆن.
لە راپۆرتێكدا، ئیدارەکە بڵاویكردۆتەوە، تێكڕای هاوردەی نەوتی خاوی ئەمریكا لە ماوەی هەفتەی رابردوودا لە هەشت وڵاتەوە، رۆژانە پێنج ملیۆن و 722 هەزار بەرمیل بووە، ئەمەش 439 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەراورد بە هەفتەی پێشوو زیادیكردووە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە هەفتەی رابردوودا رێژەی هەناردەی نەوتی عیراق بۆ ئەمریكا گەیشتۆتە 456 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، بەمەش سعودیەی تێپەڕاند كە هەناردەی بۆ ئەمریكا رۆژانە گەیشتۆتە 242 هەزار بەرمیل.
ئەوەشی خستۆتەڕوو، زۆربەی هاوردەی نەوتی ئەمریكا لە هەفتەی رابردوودا لە كەنەداوە هاتووە کە بڕەکەی سێ ملیۆن و 481 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، دواتر مەكسیك بە پلەی دووەم دێت بە بڕی 877 هەزار بەرمیل، پاشان عیراق، كۆڵۆمبیاش بە بڕی 405 هەزار بەرمیل و سعودیە بە بڕی 242 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا، لە پلەکانی چوارەم و پێنجەمن.
ئاماژەی بەوەشداوە: بڕی هاوردەكردنی نەوتی خاو لە نەیجیریا بە تێكڕا 136 هەزار بەرمیل بووە لە رۆژێكدا، لە بەرازیلیشەوە بڕی 70 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا هاوردە کراوە.