راپۆرتی / ئەیاز هەركی
لە 47 –ەمین ساڵیادی شەهیدی سەركردە (ئارام) دا، هاوڕێ و هاوسەنگەرانی رۆژانی خەبات لە دەڤەری بادینان باس لە سەرەتای پەیوەندیی و خەباتی سیاسیی خۆیان دەكەن لەگەڵ ئەو سەركردەیەدا.
مستەفا باجلوری: شەهید ئارام سەركردەیەكی هێمن و خاوێن و رۆشنبیرێكی گەورەبوو، باوەڕێكی پتەوی بە دۆزی نەتەوەكەی هەبوو
مستەفا باجلوری، هەڤاڵێكی دێرینی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان و پێشمەرگەی باڵی مەكتەبی سیاسیی پارتی، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: سوپاس بۆ كوردستانی نوێ كە دەرفەتی پێدام تا هەندێك لە یادگارییەكانم لەگەڵ سەركردە، شەهید (ئارام)دا بگێڕمەوە.
پاشان وتی: مانگی تەممووزی ساڵی 1968 كۆنگرەی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە كەلار بەسترا و لەوێوە پەیوەندیم لەگەڵدا دروستكرد، دواتریش دوای بەیاننامەی 11ی ئازاری 1970، سەرۆك مام جەلال لە بارەگای مەكتەبی سیاسی بە زنجیرە وانەی رۆشنبیرییان بە كادران و رۆشنبیران دەوتەوە، منیش زۆرجار لەگەڵ شەهید ئارام بەشداریمان لەو كۆڕانەدا دەكرد، ئەمەش بوو بە بناغەی دامەزراندنی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان.
وتیشی: ساڵی 1974 كاتێك شەڕ لەگەڵ رژێمی ئەوكاتەی عیراق دەستیپێكردەوە، بووم بە پێشمەرگە لە دەڤەری حاجی ئۆمەران و سەردانی میر تەحسین بەگی ئێزدی و چیای دێوالی ئاغای دۆسكیم كرد، هەروەها لە گۆڕەپانی ئازادیی نێوان حاجی ئۆمەران و چۆمان گوێم لە كەسێك بوو بانگی دەكردم، كە ئاوڕم دایەوە، بینیم كاك ئارامە، بە گەرمی سڵاوم لێكرد و نزیكەی سەعاتێك پێكەوە قسەوباسمان كرد، باسمان لە دۆخی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستان كرد لە دەڤەری بادینان، ئەو زۆر پێداگریی لەسەر بەهێزكردنی رێكخستنەكانی كۆمەڵە دەكرد لە بادینان، ئیتر بەداخەوە ئەوە دوا دیداری من و ئەو بوو، شەهیدكرا و نەمبینییەوە.
لەكۆتاییشدا مستەفا باجلوری وتی: شەهید ئارام سەركردەیەكی هێمن و خاوێن و رۆشنبیرێكی گەورەبوو، باوەڕێكی پتەوی بە دۆزی نەتەوەكەی هەبوو.
بەڕاستی شەهیدبوونی ئارام خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ نەتەوەی كورد و شۆڕشی گەلی كوردستان و بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و كۆمەڵەی رەنجدەران بە گشتی و بەتایبەتیش بۆ دەڤەری بادینان.
زەینەڵ دۆسكی: کاک ئارام پێی وتم مام جەلال سڵاو و رێزی بۆ ئێوە هەیە، وتییشی: پێش هەولێر و سلێمانی سەردانی بادینانم كرد، چونكە بەهێزكردنی رێكخستنەكانمان لەو دەڤەرە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە
هەر بۆ ئەو یادە، هەڤاڵ زەینەڵ دۆسكی كە ئەویش هەڤاڵێكی دێرینی رێكخستنەكانی كۆمەڵەی رەنجدەرانی كوردستانە لە پارێزگای دهۆك، وتی: دوای دامەزراندنی كۆمەڵە لە رۆژی 10/6/1970، سەرەتا شەهید ئارام لەگەڵ عەبدوڵڵا قەرەداغی سەردانی پارێزگای دهۆكی كرد و چاوی بە من و چەند هاوڕێیەكی دیكە كەوت و پێی وتم: مام جەلال سڵاو و رێزی بۆ ئێوە هەیە، وتییشی: پێش هەولێر و سلێمانی سەردانی بادینانم كرد، چونكە بەهێزكردنی رێكخستنەكانمان لەو دەڤەرە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە.
دیارە ئێمە كۆمەڵێك هاوڕێ بووین لە بادینان، هەر لەسەرەتای دامەزراندنی كۆمەڵەوە پەیوەندییمان كردبوو و ببووینە ئەندام لەو رێكخراوەدا، دواتریش یەكێتی و تائێستاش بەردەوامین.
وتیشی: پێش ئەوەش و لە ساڵی1967دا لەگەڵ شەهید ئارام دۆست و ئاشنای یەكتری ببووین، ئێمە بە باڵی مەكتەبی سیاسی- جەلالی ناسرابووین لە بادینان.
شەهید ئارام سەركردەیەكی ژیر و هێمن و خەمخۆر بوو، رۆژنامەنووسێكی چالاك بوو، لە رۆژنامەی هاوكاریدا بابەتی دەنووسی.
ئەو سەركردەیە پێویستییەكی گەورە بوو، بۆ هێڵی چەپی كوردستان و بۆ شۆڕشی نوێی گەلی كوردستان، بەگشتی رۆڵێكی گەورەی لە شۆڕشەكانی باشووری كوردستاندا هەبوو.
ئەو هاوڕێیەی شەهید ئارام وتیشی: بەداخەوە شەهیدبوونی ئارام زیانێگی گەورەی بە كۆمەڵە و یەكێتی و شۆڕشی نوێ گەیاند.