پێنان بە سێبەردا

10:49 - 2025-01-30
ئەدەب و هونەر
147 جار خوێندراوەتەوە

 

عامر ئەلتەیب 


لە عەرەبییەوە:
تەیب جەبار  



 
1. شیعرێک گۆرانی بۆ بەرد دەڵێت
کتێب دەخوێنینەوە و دیسان..
توشی خۆشەویستی دەبین.
هەرچەند باش نییە، شتی وا رووبدات.
دەنگوباسی جیهان خراپە،
کێشەی ئاو و دڵەڕاوکێی.. روودانی شەڕی گەورە.
پەنا دەبەینە بەر.. خواردنەوەی مەی،
پەنا دەبەینە بەر.. ستایشی رابردووی وڵاتان،
پەنا دەبەینە بەر.. دروستکردنی یاریگای تۆپی پێ..
لە شوێنی گۆمی وشککردوودا.
رۆژگارمان ئاوا بەڕێدەکەین،
کتێب دەخوێنینەوە،
بەڕاستی توشی خۆشەویستی دەبین،
بەیەکجاریی پەنا دەبەینە بەر..
شیعرێک گۆرانیی بۆ بەرد بڵێت.
 
2. ستەمکار لە ساڵی یەکەمی خوێندندا
هەموو منداڵان حەزیان دەکرد
ببن بە پزیشک یاخود جووتیار..
یاخود هونەرمەند یاخود هیچ.
تەنها یەکێکیان نەبێ،
ڕاستگۆیانە وتی:
«حەز دەکەم ببم بە ستەمکار»
«چونکە ستەمکاران تەمەنیان درێژە»
بەو شێوەیە پاساوی هێنایەوە.
منیش نەمویست وەڵامی بدەمەوە،
بەڵام لێی دەترسام،
هەموو شەوێک بیرم دەکردەوە،
سەرکردایەتی کودەتایەک دەکات و
تۆڵەم لێ دەسێنێت،
چونکە پێشتر رۆژێک لێمدابوو،
دوایی داوای لێبوردنم لێکرد.
وتم ئەمە بەس نییە..
یارمەتیم دا بۆ ئەوەی دەرچێت،
دوایی لە رۆژی لەدایکبوونیدا
دیارییەکم پێشکەش کرد،
لە ئاهەنگەکەیدا بەشدار بووم.
وا هاتە بەرچاوم ئەم مناڵە..
سمێڵێکی پڕ و دوو چاوی جوانی هەیە،
سەری سوڕدەما کە من ستایشم دەکرد و..
شکۆیم بەرز دەکردەوە.
تارمایی ئەو لێم دوور نەدەکەوتەوە،
بیرم کردەوە بیکوژم.
ئایا ئەمە منیش ناکاتە ستەمکار؟
پێویستە دووبارە داوای لێبوردنی لێبکەم،
چونکە من بیرم لە کوشتنی کردەوە،
ستەمکار چرپەئش دەبیستێت،
بە ئەزموون ئەو شتە دەزانم،
فێڵ نەما بیری لێنەکەمەوە
بۆ ئەوەی نە‌هێڵم ئەو منداڵە..
خەونەکەی بهێنێتە دی.
دەستدرێژیم کردە سەر ترسی خۆم،
بەتەنیا لەگەڵ ئەو هاوسۆزییم گۆڕییەوە،
تەنانەت ترسام لە کۆتاییدا..
شکست بهێنێ و ببێتە هونەرمەند.
 
3. پێم نا بە سێبەرەکەیدا.. گریا
هەموو رۆژێک زانیارییەک.. 
لەسەر عاشقان کۆدەکەمەوە.
بۆ ئەوەی گۆرانییەکەم بنووسم.
پێم نا بە سێبەری یەکێکیاندا،
ئاگادار بووەوە.
پەڕێکم دایە دەست.. سەرچاوەکەی زانیی.
شیعرێکم بۆ خوێندەوە.. کە پێویست نەبوو،
بۆی تەواو کردم.
ئاماژەم بۆ کۆتایی رێگاکە کرد
هاوڕام بوو.
پێم لەسەر سێبەرەکەی هەڵگرت،
دەستی کرد بە گریان.
 
4. دەمانچەی پیاوێکی دەسخەڕۆ
 بێزار بووم لەو کەسەی..
رۆژی چوار جار دەڵێت:
دەمانچەیەکی بچوەکم هەیە
بێ ئەوەی یەک فیشەک بنێ..
بە پاسێکی پڕ لە سەرنشینەوە،
هەموویان دادەبەزن،
بێ ئەوەی کەسیان بەرکەوتبێ.
دوایی دەستیان رادەوەشاند،
بۆ ئەو پیاوەی.. دەمانچەکەی لە پشتیا شاردەوە.
پیاوە دەسخەڕۆکە.. لەبری فیشەک پێوەنان،
بە دەنگ فیشەکی دەنا بە سێبەری خەڵکەوە.
 
5. شیعر بەشێوەی فریشتەی مەرگ 
شیعر هات بۆلام،
بەشێوەی پیرەمێردێکی ریش درێژ،
لە نزیکی وەستام.. 
بێ ئەوەی دەستم بەری بکەوێ.
هات بۆلام، بەشێوەی باڵدارێک
بەقەد لەپی دەست، چەپڵەم بۆ لێدا،
تاکو پەرە بدات بە فڕین.
هات بۆلام، بەشێوەی فریشتەی مەرگ،
بەدرێژایی ژیانم رووخسەتیدام،
تاکو بیدۆزمەوە.
نەک هەر ئەمڕۆ، چەند جارێک هات بۆلام،
بەشێوەی دەرگایەک، منیش پێمەوە دا.
هات بۆلام، لە شەقامێکی بەر خۆرەتاوەوە،
وەک هەرکەسێک بیەوێ..
مێژووی تاریکی ماڵێک بشیوێنێت.
 
 عامر ئەلتەیب: شاعیرێکی گەنجی عێراقییە، ساڵی 1990 لە پارێزگای واست لەدایکبووە. تا ئێستا هەشت کۆمەڵە شیعری بڵاوکردووەتەوە. لەوانە: (بەتەنیا دەوەستێت وەک دوو درەخت)، (خڕۆکە سەوزەکانی خوێن)، (ئاسمانێکی دوور وەک گۆڕێکی کراوە) و (تەنیا لەپێناو 'تشواتگ تسوو' نا) و هتد. لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤار و سایتە عەرەبییەکاندا شیعرەکانی بڵاوبوونەتەوە. بەشێک لە شیعرەکانی وەرگێڕدراون بۆ زمانەکانی: ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی و کوردی و فارسی.    

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان