ئاریان سەرسام

وێنەکێشی بە ئەزموونی بواری منداڵان

10:52 - 2025-01-30
ئەدەب و هونەر
129 جار خوێندراوەتەوە

 مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان


دنیای رەنگەکان دنیایەکی پڕ لە جوانی و سەرنجڕاکێش دەنەخشێنن، خۆ ئەگەر ئەو رەنگانە لە نیگار و وێنەی تایبەت بە منداڵاندا هەبن، هێندەی تر رەنگین و پڕ بایەختر دەبن، خاتوونی هونەرمەند (ئاریان عەبدولخالق سەرسام) یەکێکە لەو دەست و پەنجە بەهرەمەند و هونەرییانەی، لە دنیای ئەدەب و هونەری منداڵاندا توانیوییەتی شوێن پەنجەی خۆی بەجێ بهێڵێت و لە زۆرێک لەو کتێبانەی پرۆگرامی خوێندنی وەزارەتی پەروەردە و بەشێک لە گۆڤار و کتێبی تایبەت بە چیرۆک و شیعری منداڵاندا رۆڵی بنەڕەتیی و کاریگەر و دیاری هەیە و وێنە و تابلۆکانی سیما و شێوەیەکی تایبەت و کوردانە و رەسەنی هەیە، لە گفتوگۆیەکی کورتدا لەگەڵ خاتوو ئاریان سەرسام، بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەکانی داینەوە.

 

 -چۆن دەستتیکرد بە کاری هونەریی؟
* هەر لە منداڵیەوە ئاشنایەتیم پەیدا کردووە لەگەڵ رەنگ و کەرەستەکانی وێنەکێشان بە حوکمی ئەوەی باوکی خوالێخۆشبووم لەپاڵ ئەوەی نووسەر بوو وێنەکێشیش بوو، بۆیە هەمیشە ئەو بە مامۆستا و ئیلهام بەخشی خۆم دەزانم.
-شێوازی تایبەت بەخۆت هەیە لە وێنەکێشاندا؟
*بیگومان هەموو هونەرمەندێک ستایلێکی تایبەت بە خوی هەیە، ئەو ستایلە تایبەتەشم بریتییە لە تێکەڵکردنی ریالیزم لەگەڵ فانتازیا .
-چۆن کارەکتەرەکان هەڵدەبژێرن؟
* هەڵبژاردن و دروستکردنی هەر کارەکتەرێک یان هەر وێنەیەک پابەندە بەو بابەتانەی کە پەیوەستە بە کەسایەتی  خودی ئەو کارەکتەرەوە، وەکو شێوازی رووخسار و رەنگ و تەمەن، جلوبەرگ و شوێن و ساتی خۆی.
-هیچ کارێکت هەیە تایبەتمەنیی هەبێت؟
*شانازیی بە گشت کارەکانمەوە دەکەم بەبێ جیاوازی، چونکە هەریەک لەو کارانەم پەیامێکی گەیاندووە بۆ خزمەتی گەلەکەم بەشێوەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.
-ئێستا زیاتر لە چ بوارێکدا کاردەکەن؟
*ئیستا سەرقاڵی وێنەکردنم بۆ بەڕێوبەرایەتیی گشتیی پڕۆگرام و چاپەمەنییەکان، بازنەی یەک لەگەڵ باخچەکان بۆ هەردوو ئاست، بەدڵنیاییەوە بەرژەوەندیی منداڵان بەتایبەتی منداڵە بێنازەکانی کوردستان لە پێش هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوەیە، چونکە ئامانجی سەرەکیی من خزمەتکردنی ئەوانە لەگشت بوارەکانی ژیاندا بەبێ جیاوازیی.
-ئایا پێویستە هونەرمەند نوێگەریی ئەنجام بدات؟
*بەڵێ بێگومان پێویستە هونەرمەند بەردەوام بە دوای زانیاریی نویدا بگەڕێت سەبارەت بە پەرەپێدانی هونەرەکەی و هەمیشە لە بەرەنگاریدا بێت لەگەڵ خۆی بۆ پێشخستنی بەهرە و تواناکانی. هونەر بابەتێکی زۆر گرنگە بۆ گەشەکردنی هەست و تواناکانی منداڵ لەگشت بوارەکاندا.
-هیچ ئاستەنگێک لە کارەکانتدا هەن؟
*بەڵێ وەکو هەر مرۆڤێک لە کارکردندا ئاستەنگ و بەربەست زۆرن، بەڵام ئێمە کۆڵمان نەداوە و بەردەوامین لە کۆشش و هەوڵدان و سەرکەوتن بەسەر گشت ئاستەنگەکاندا بۆ خزمەتکردنی منداڵان و سوورتر دەبین لە جێبەجێکردنی کار و ئامانجەکانمان، هەر هونەرمەندێک لە سەرەتای ژیانییەوە دەبێت ئەوە بزانێت کە هونەر کارێکی ئاسان نییە، ماندووبوون و هەوڵدانی زۆری دەوێت و دەبێت بەردەوام بێت بەبێ دابڕان و لە سەرچاوەکاندا بگەڕێت و زانیاری کۆبکاتەوە تا باکگراوندێکی رۆشنبیریی باش بۆ خۆی دابین بکات، بۆ بەرەوپێشبردنی بەهرە و تواناکانی، مەرج نییە هونەر تەنیا پابەندبێت بەرەنگ و فڵچەوە، بەڵکو زۆر بواری تر هەن کە بتوانێ پەرە بە بەهرەکانی تر بدات وەکو دیزاینکردنی باخچە و ناو ماڵ و کاری دەستیی جۆراوجۆر.
 -هەوڵتان داوە سوود لە تەکنۆلۆژیا و ئامێرە ئەلەکترۆنییەکان وەربگرن بۆ وێنەکێشان؟
*لەم سەردەمەدا تەکنۆلۆجیا رۆڵی کارا و سەرەکیی هەیە لەگشت بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری هونەرییدا، ئێمەش وەکو هەر هونەرمەندێکی ئاسایی ویستومانە هونەرەکەمان تێکەڵ بەدنیای تەکنۆلۆجیا بکەین، بە دیجیتاڵی بکەین و لە ستایلی کلاسیکی دەربچین بۆ خزمەتکردنی کارە هونەرییەکەمان، زیرەکیی دەستکرد، پانتاییەکی باشی داگیرکردووە لە جیهاندا، بەتایبەتی لە بواری هونەری وێنەکێشان و دیزاینکردنی چاپەمەنییەکاندا بەهۆی ئەوەی کە وێنەکانی خیراترن و دیجیتاڵی و سەرنجڕاکێشن بەڵام بە بۆچوونی من، ئەوە ناگەیەنێت کە ببێتە شوێنگرەوەی هونەرمەندی راستەقینە، چونکە ئەو دەستکردی خودی مرۆڤە، بۆ هەمیشە تواناکانی مرۆڤ بێ سنوورە، هەروەها زۆر لە هونەرمەندان سەرقاڵی بە بازاڕکردنی تابلۆکانیانن لە رێگەی سۆشیال میدیاکانەوە خەڵکێکی زۆر بینەری کارەکانیانن و پەیوەندییەکی بەهێزی دروستکردووە لە نێوانیاندا، بە بۆچوونی من کارئاسانییەکی باشی کردووە رێگاکانی کورتتر کردۆتەوە بۆ ئاشناکردنی هونەر و هونەردۆستان بەتایبەتی ئەوانەی ناتوانن پێشانگاکان بەسەربکەنەوە.
بەدڵنیاییەوە تەکنۆلۆژیا شێواز و جۆری هونەری منداڵانی گۆڕێوە لە زۆر لایەنەوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەموو کەرەستە و پێداویستییە جۆربەجۆرەی کە لەناو پڕۆگرامەکاندا هەن، بۆئەوەی ئاسانکاریی لە ئەنجامدانی کارە هونەریەکاندا بکات بەشێوازێکی سەردەمییانەی پرۆفیشیناڵیی تر، زۆر پرۆگرامی بەهێز هەن بۆ فێرکردن و ئاسانکردنی وێنەکێشان یان هەر بابەتێکی هونەریی تر کە وا لە منداڵ دەکات حەز بە وێنەکێشان بکات بەبێ ئەوەی سەرقاڵ بێت بە ئامادەکردنی کەرەستەی وێنەکێشانی تەقلیدییەوە. هەروەها دەتوانێ داهێنان بکات لە شێوازی وێنەکێشان بەبەکارهێنانی هەندێک لەو کەرەستە نوێێیانەی لەو پڕۆگرامانەدا دابینکراون و وادەکات رێگای نوێتر و سەردەمیانەتر تاقییبکاتەوە و بەرەو جیهانێکی نوێ و پڕ لە داهێنان هەنگاوبنێت.

 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان