کورتەچـیرۆک

دەنگە تۆماركراوەكە

11:08 - 2025-01-30
ئەدەب و هونەر
102 جار خوێندراوەتەوە

هەموو بەیانیان پێش دەرچوونی یەكەمین شەمەندەفەر، خۆی دەگەیەنێتە وێستگەكە، بەبێ ئەوەی بۆی گرنگ بێت شەمەندەفەرەكە بۆ كوێ دەڕوات، خۆی دەكات بەناو یەكێك لە ڤارگۆنەكاندا و هەر بەسەر پێوە چاوەكانی دادەخات و چەند جارێك لە كونی لووتە باریكەكانییەوە، پڕ بە سییەكانی بۆن و بەرامەی ناو ڤارگۆنەكە هەڵدەمژێت. تا ئەوكاتەی دەنگە تۆماركراوەكە سەرنشینان ئاگادار دەكاتەوە بۆ رۆیشتن، ئیدی دادەبەزێت و وێستگەكە بەجێدەهێڵێت. چەند رۆژێكی مانگی رێبەندان تێپەڕیووە، بەیانییەك شڵێوە بوو. شەقام چۆڵ، تاك تاك ئۆتۆمبێل دەهاتن و دەچوون، دووكەڵكێشی سەربانی ماڵەكان سەلمێنەربوون بۆ سارد و سەرمای ئەو بەیانییە. وەك هەمیشە خۆی دەكات بە وێستگەكەدا، دەستێكی لەناو رینكۆتە رەشەكەیدایە و دەستەكەی تریشی جار جار بە دەمی گەرم دەكاتەوە. چاوەڕێی هاتنی شەمەندەفەرەكەیە. یەكێك لە پۆلیسەكان وتی: با بڕۆین قسەی لەگەڵدا بكەین، رێگای لێبگرین لەهەر ئەگەرێك كە روو بدات، ئەوی تریان وتی: با چاوەڕێ بین و پەلە نەكەین. لەو مشتومڕەدا بوون، شەمەندەفەرەكە هات. ئەم خۆی كرد بە ڤارگۆنێكدا، پۆلیسەكانیش بە ڤارگۆنی دوای ئەودا. هەر بەسەر پێوە، بە چاوی داخراوەوە دەستیكرد بە هەڵمژینی بۆن و بەرامەی ناو ڤارگۆنەكە. لەگەڵ تەواوبوونی دەنگە تۆماركراوەكەدا ناو ڤارگۆنەكەی بەجێهێشت. پۆلیسەكان پێشیان لێگرت، خاتوونی بەڕێز ئێمە زۆر دەمێكە تۆمان خستۆتە ژێر چاودێرییەوە، لەبەر نەبوونی بەڵگەی پێویست نەمانتوانیوە لێپێچینەوەت لەگەڵدا بكەین. دەكرێت پێمان بڵێیت هۆكاری ئەم هاتنەت بۆ وێستگە هەموو رۆژێك چییە؟لە وەڵامدا وتی: ئەوەی تەواوی رۆژەكە ئاسوودەم دەكات ئەو دەنگە تۆماركراوەیە، كە سەرنشینان ئاگادار دەكاتەوە بۆ رۆیشتن. هەرگیز لێی تێر نابم. رۆژ لە دوای رۆژ عاشقتری دەبم. رۆژانە پێش ئەوەی بڕۆمە سەر كارەكەم دێم و گوێی لێدەگرم. ئاخر ئێوە نازانن ئەو دەنگە چەند ئارامبەخشە بۆ من. وەڵامەكەی وای لە پۆلیسەكان كرد، نەیاندەزانی پێبكەنن، یان كەمێك توندتربن لە قسەكردن لەگەڵیدا، یەكێكیان وتی: ناشێ عاشقی ئەو دەنگە بووبیت؟خانمەکە وتی: ئەگەر ئەو دەنگە نەبووایە دەمێك بوو مردبووم، ئەوی تریان وتی: خاوەنی ئەم دەنگە دەناسیت؟
بە نەرمیی وتی: بەڵێ، ئەوە دەنگی هاوسەرە كۆچكردووەكەمە. 

كاروان عومەر

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان