بافڵ هیوا سەرهەنگ
هۆڵەندا
Vincent Willem Van Gogh بەناوبانگترین و دیارترین هونەرمەندی شێوەکار و نیگارکێشی هۆڵەندایە لە دوای (رامبڕاندت)، لە 1853/3/30 لە شارۆچکەی (Zundert) لە هۆڵەندا لەدایکبووە. ڤان کۆخ بەرلە خۆکوشتنی بە دوو ساڵ، تووشی رەشبینییەکی کوشندە ببوو، ئەو کاتەیش کە خۆی کوشت و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، تابووتەکەیان بە(گوڵە بەڕۆژە) داپۆشیی، چونکە زۆر عاشقی گوڵی گوڵەبەڕۆژە بوو، هەروەها کورسی و ستاند و فڵچەکانیشیان لەسەر تابووتەکەی دانا. ئەو هونەرمەندە تا لە ژیاندا مابوو نەناسراو بوو، بەڵام پاش مردنی ناودار و بەناوبانگ بوو. ئەو ژیانە درامییەی تێیدا ژیا پڕ بوو لە شێتی و ریسوایی، بەڵام رۆڵێکی باڵای هەبوو لەوەدا کە دواتر بەناوبانگ بێت و خەڵکیی بە بەرهەمەکانی ئاشنا و سەرسام بن، ساڵی 1956 لە هۆلیۆد فیلمێک سەبارەت بە ژیانی ئەو کەڵە هونەرمەندە بەرهەم هێنرا بەناوی (حەزێک بۆ خاتری ژیان)، ئەو (ڤان کۆخ )ەی لە هەموو ژیانیدا لە تابلۆیەک زیاتری نەفرۆشت، کەچی دوای خۆی تابلۆکانی بە ملیۆنان دۆلار فرۆشران و دەفرۆشرێن!
ئێستا ڤان کۆخ بە یەکێک لە گەورەترین شێوکارانی سەدەی نۆزدەهەم دەژمێردرێت. ئەو هونەرمەندە هۆڵەندی و جیهانییە لە رۆژی 1890/7/29 بۆ دواجار مالئاوایی لە ژیان کرد.