ئا/ رۆزا دڵشاد مەریوانی
د. پاڤێ جەمیل بۆ کوردستانی نوێ : ساڵی پار زانکۆی سلێمانی نزیکەی 200 بۆ 270 چالاکیی جۆراوجۆری کردووە، لەسەر ئاستی زانکۆ و کۆلێژەکان، ئەم چالاکییانە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی چەندین بابەت و توێژینەوەی زانستیی گرنگ
د. پاڤێ جەمیل راگری کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی سەبارەت بە پێگە و کار و چالاکییەکانی زانکۆی سلێمانی لە ماوەی ساڵی رابردوودا، بۆ دیجیتاڵ میدیای کوردستانی نوێ، وتی: زانکۆی سلێمانی یەکێکە لەو زانکۆیانەی ناوەندێکی مەعریفی گرنگە، بەڕاستی جێی خۆشحاڵییە بۆ شاری سلێمانی و هەرێمی کوردستانیش، دیارە زانکۆی سلێمانی لەم چەند ساڵەی رابردوودا چەندین چالاکی جۆراوجۆری کردووە، کە خۆی دەبینێتەوە لە چالاکیی زانستیی، هەروەها ئەو چالاکییانەی پەیوەندییان بە کۆمەڵگە و تاکەوە هەیە، بەجۆرێک زانکۆی سلێمانی ئامانجی ئەوە بووە هیچ دیوارێک لەنێوان زانکۆ و کۆمەڵگەدا نەبێت، بۆیە دەستی بردووە بۆ زۆرێک لەو بابەت و پرسە گرنگانەی تایبەتن بە کۆمەڵگە، واتا کرانەوەی زانکۆ بووە بە رووی کۆمەڵگەدا.
کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان
د. پاڤێ لەبارەی ئەو چالاکییانەی زانکۆی سلێمانی بەگشتی و کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان بەتایبەتی کردوویانە وتی: زانکۆی سلێمانی چەندین پرسی گرنگی تاووتوێ کردووە لە رێگەی کۆنفرانس و چالاکی جۆراوجۆرەوە لە شێوەی سیمنار و دیدار و..هتد کە بە شێوازی زانستیی لەلایەن کەسانی پسپۆرەوە بەڕێوەچوون، بەتایبەتی بۆ ئەو پرسە گرنگانەی پێشتر کاریان لەسەر نەکراوە.
ئێمە وەک زانستە مرۆڤایەتییەکان بە هاوبەشی لەگەڵ ناوەندی دیکەی زانستیی و رێکخراوەکاندا چەندین پرسی گرنگمان لە ساڵی رابردوودا تاووتوێ کرد، بۆ نموونە یەکێک لەوانە پرسی ژن بوو کە کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی بۆ سازکرا بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆی جیهاندا.
لە هەمانکاتدا پرسی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت یەکێک بوو لەو پرسە گرنگانەی چەندین ساڵ بوو ئێمە ئاواتمان بوو بەشێوەیەکی زانستیی و لە رێگەی توێژینەوەی زانستییەوە باسی لێوە بکرێت، ئەوەش بە هاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی خاوەن پێداویستی تایبەتی هەڵەبجە بەڕێوەچوو، هەروەها کۆنفرانسێکمان لەسەر (زاگرۆس لە هەزارەی یەکەمی پێش زایین) بە هاوکاریی لەگەڵ زانکۆی ساپێنزای ئیتالیدا سازکرد.
کاری کۆمەڵایەتیی
د. پاڤێ باسی لەوەش کرد کە چەندین چالاکیی دیکەی جۆراوجۆریان کردووە، لەوانە دۆزینەوەی (دێ کۆن) یەکێک بوو لە چالاکییە گەورەکانی بەشی شوێنەواری کۆڵێژی زانستە مرۆڤایەتییەکان لە زانکۆی سلێمانی، کە نزیکەی هەشت بۆ نۆ ساڵ دەچێت کاری لەسەر دەکرێت کە ئەمانە هەمووی دۆزینەوەی زۆر گرنگن، نەک تەنها بۆ هەرێمێک یان ناوچەیەک، بەڵکو بۆ هەموو مێژووی مرۆڤایەتی.
د. پاڤێ جەمیل دەڵێت: جگە لەم چالاکییە زانستییانە دەستمان بردووە بۆ چەندین بابەتی دیکەی وەک کاری کۆمەڵایەتیی لەگەڵ رێکخراوی سید بۆ نموونە چەندین چالاکیی و کۆنفرانسمان سازکردووە لەسەر ماددەی هۆشبەر، هەروەها چالاکیمان کردووە لەسەر ئەنفالکراوان و قوربانیدان و هەڵەبجە، واتا لەو جۆرە چالاکییانەی تایبەت بوون بە کۆلێژەکەی ئێمە کە یەکێکە لە چالاکترین کۆلێژەکانی زانکۆی سلێمانی.
بەرەوپێشچوونی گرنگی بەخۆیەوە بینیووە
دواجار د. پاڤێ وتی: بێگومان من لێرەدا مشتێ لە خەروارێکم باسکردووە و ساڵی پار زانکۆی سلێمانی نزیکەی 200 بۆ 270 ئەگەر زیاتر نەبێت چالاکیی جۆراوجۆری کردووە، لەسەر ئاستی زانکۆ و کۆلێژەکان، ئەم چالاکییانە خۆی دەبینێتەوە لە پێشکەشکردنی چەندین بابەت و توێژینەوەی زانستیی گرنگ، بێگومان ئەمانە هەمووی کاریگەرییان هەبووە لەوەی خۆشبەختانە زانکۆی سلێمانی یەکەم بێت لەسەر ئاستی رانکین و پلەیەکی بەرز بەدەستبێنێت، بێگومان ئەمە شەونخونی ستافە دڵسۆزەکەی زانکۆی سلێمانی و خودی سەرۆکی زانکۆ پ.د. کۆسارە بەڕاستی لەم چەند ساڵەی دواییدا، پشتیوانێکی گەورەی هەموو ئەو چالاکییانەی زانکۆ بووە کە گرنگن بۆ زانکۆ ئینجا بۆ کۆمەڵگەش، بەدڵنیاییشەوە لەگەڵ کۆی ستاف و ئەو بەڕێوبەرایەتی و کۆلێژانەی هەماهەنگ بوون لەو بارەیەوە.
بۆیە زانکۆی سلێمانی چەندین بەرەوپێشچوونی گرنگی بەخۆیەوە بینیووە، هیوادارم ئەو پێشکەوتنانە بچنە ئاستی بەرزتر و باشتر، ئەوەش بەدڵنیاییەوە شەونخونی و لێبوردەیی و دڵسۆزیی زۆری دەوێت، کە سەرەڕای ئەو هەموو قەیران و کێشانەی بەردەوام بەرۆکی کۆمەڵگەی گرتووە کە زانکۆی سلێمانیش بەدەر نەبووە لە کاریگەرییە خراپەکانی ئەو قەیرانانە، بەڵام بەهۆی لێبوردەیی و پشوودرێژیی مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکارەکانی، توانیوێتی ئەو ئاستە بەرزە بەدەستبێنێت کە بە جۆرێکە خۆشبەختانە ببێتە ناوەندێکی مەعریفی گەورە.