رانانی کتێبی:

سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی و پرسی کوردبوون

10:22 - 2025-02-02
کەلتور
96 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

ئایدیا و چەمکی نەتەوەپەرستی یان ناسیۆنالیزمی ئەم رۆژگارە، جا هەڵگرانی کورد، عەرەب، تورک یان هەر نەتەوەیەکی تر بن، زادەی سەردەمی دەوڵەت - نەتەوەن بە جیاوازیی وردەکاریی بیرکردنەوە و رەفتاریانەوە

(2 - 2)

بێگومان وەک نووسەری کتێبەکە لە گەلێ سەری ئەم «دادگای مێژووەدا» سەڵاحەدینی هەڵسەنگاندووە و چەندین راوبۆچوونی ئەرێنی و نەرێنی لەبارەی ئەو کاراکتەرە مێژووییەوە دەهێنێتەوە و دەستی بۆ مەسەلەیەک بردووە کە بەتەواوی لە جێی خۆیدایە. ئێمە وەک لەپێشدا ئاماژەمان بۆ کرد بە ناڕەوای دەزانین کەوا کاراکتەرێکی ناودار و هەڵکەوتووی وەک سەڵاحەدینی ئەیوبی زیاد لە هەشتسەد ساڵی لەمەوپێش بە ئایدیا و باوەڕی ئەم رۆژگارە حوکم بدەین بە باش یان بە خراپ. سەڵاحەدین زادەی رۆژگارێکە کە قەڵەمڕەوی ئیمپراتۆریا یان خیلافەتی عەبباسی تەواوی سەرزەمینی جیهانی ئیسلامیی گرتبووەوە و لە سەردەمی سەڵاحەدینیشدا رکابەرەکەی، کە خیلافەتی فاتمییەکان بوو، کۆتایی پێهاتبوو. دەوڵەتی عەباسی بە ناوی ئیسلامەوە حوکمی دەکرد و رووبەرێکی بەرفراوانی گرتبووەوە کەوا گەلانی عەرەب و فارس و تورک و کورد و ئەوانیتر لە ژێر سایەیدا بوون، بێجگە لە میللەتانی غەیرە ئیسلامیش، کە بە پێی دەستوور و یاسای ئیسلام لەو زەمانەدا جزیەی خۆیان دەدا و لە سەر ئاینی خۆیان مابوونەوە. لەم دەوڵەتە ئیسلامییە سوننە مەزهەبەدا، بەدەر لەوەی کە کەلتور و یاسا و رێسای حوکمڕانیی ئیسلامیی عەرەبی زمان بوو بۆ تەواوی میللەتانی ئەم دەوڵەتە و لە ناویشیدا هەر گەل و میللەتێک تایبەتمەندیی کەلتوریی خۆی هەبووە و مەسەلەی نەتەوە و نەتەوەسازی هەر لەئارادا نەبووە. لە قۆناغەکانی دواتردا ئەم دەوڵەتە بەرەو لاوازی چووە و گەلێ میرنشین و نیمچە دەوڵەت لە پانتایی رووبەرەکەیدا دروستبووە و دەسەڵاتی خەلیفەی دەوڵەتەکە هەر بە ناو ماوەتەوە و تەنها لە نوێژی هەینیی هەرێم و میرنشین و نیمچە دەوڵەتەکانی ژێر سایەی ئەم ئیمپراتۆریایەدا ناوی هێنراوە و رەنگە بە خێری خۆیان شتێک باج و خەراجیان وەک دیاری بۆ خەلیفە لە بەغدا و دواتر سامەڕا ناردبێت، تا ئەو کاتەی کە لە ساڵی 1258دا بە یەکجاری لەسەر دەستی مەغۆل کۆتایی پێهێنرا. هەر ئەم لاوازییەی عەباسییەکان وایکردووە، کە پاپای کەنیسەی کاسۆلیکیی کریستیان و پاشاکانی ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاست، بە ناوی خاچی پیرۆزەوە لە ساڵانی 1099 بەدواوە لەشکرکێشیی بکەنە سەر بەشی رۆژاوای ئەم خیلافەتە لاوازە و بۆ ماوەی نزیکەی دوو سەدە بەشێکی وڵاتی شام و فەلەستین و لە نێویشیاندا قودس، وەک شوێنی سەرهەڵدانی ئاینی مەسیحی لە دەست حوکمڕانە موسڵمانەکان دەربێنن. لەو سەردەمەدا گەلێ دەوڵەتی وەک سەلجووقی و زەنگیی تورک و ئەیوبیی کورد هاوزەمان یان بەدوای یەکدا دامەزراون، لەگەڵ دەیان ئیمارەت و نیمچە دەوڵەتدا، بۆ نموونە لە حاڵەتی کورددا وەک عەنازی و هەزبانی و رەوادی و مەروانی و چەندینی تر، بە سوود وەرگرتن لە لاوازیی خیلافەتی عەباسی و هەر یەکەشیان بە ناوی دامەزرێنەر یان سەرۆکی بنەماڵە و خێڵەکە و ئابوورییەکەشیان دەرەبەگایەتی (فیوداڵیزم) بووە و خەرج و مەسرەفی بەڕێوەچوونی ئەم حوکمڕانانە و لەشکرەکانیان لە سەر شان و رەنجی خەڵکی ستەمدیدەی ئەو رووبەرە بووە. هەڵبەت زۆربەی ئەم میرنشین و نیمچە دەوڵەتانە هەمیشە لە شەڕدا بوون بۆ داگیرکردنی قەڵا و خاک و قەڵەمڕەوی ئەویتر. 

نکووڵیی لەو کوردبوونە نەکردووە
بێگومان دەوڵەتی ئەیوبییش لەو چەشنە بووە و هەرچەندە دامەزرێنەرەکەی کورد بووە و تا کۆتاییش نکووڵیی لەو کوردبوونە نەکردووە و زۆرێک لە فەرماندە و جەنگاوەرەکانیشی کوردی هاوڕەگەزی خۆی بوون، چ لە گرتنی  میسر و یەکخستنی هەرێمەکانی دەوڵەتەکەیدا و چ لە شەڕوشۆڕ و سەرکەوتنەکانی بە سەر خاچداراندا، بەڵام لە ناوەڕۆکیدا دەوڵەتی بنەماڵە بووە و هی کورد نەبووە وەک چۆن دەوڵەتی سەلجووقی و زەنگی هی دامەزرێنەرانی ئەو دوو بنەماڵەیە بوون و سەرباری تورکبوونیان هەر هی تورک نەبوون و تەنها گرتنی قەڵا و شاران و رووبەری خاک مەبەست بووە (تێریتۆریاڵ) نەک گەل و نەتەوە (ناسیۆناڵ) و لەسەر بناغەی گواستنەوەی دەسەڵاتیش بووە بە میرات لە باوکەوە بۆ کوڕ و لەو سەردەمەدا چەمکێک نەبووە بە ناوی نەتەوایەتی، بەم پێوەرەی ئەمڕۆ. بنەمای حوکمیش بۆ هەموویان هەر ئیسلامی بووە و بە ناو ملکەچی خەلیفەی موسڵمانانی عەبباسی بوون. ئەمە بۆ بنەماڵەکانی بوەیهی و عوسمانی و سەفەوی و قاجاری و ئەوانیتریش کە لە سەردەمانی دواتری مێژوودا هاتن هەر وابووە.

مێژوویان تەژییە لە ستەم
هەڵبەت ئایدیا و چەمکی نەتەوەپەرستی یان ناسیۆنالیزمی ئەم رۆژگارە، جا هەڵگرانی کورد، عەرەب، تورک یان هەر نەتەوەیەکی تر بن، زادەی سەردەمی دەوڵەت - نەتەوەن بە جیاوازیی وردەکاریی بیرکردنەوە و رەفتاریانەوە. بۆ نموونە ئایدیای ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەمڕۆدا و لە زەمەنی چەندین شکستیدا پێویستی بەوەیە کەوا کاراکتەرێکی مۆراڵیی وەک سەڵاحەدینی هەڵکەوتووی مێژووی سەرکەوتنی بەسەر خاچداران هەیە و دەرکردنیان لە قودس بکاتە هێمای جۆشدانی خەڵکی عەرەب و سەرکردەکانی لەشکری داگیرکاری یان فتووحاتی ئیسلامی بکاتە هێما و سیمبۆڵ، کە بەدەر لە بڵاوکردنەوەی ئاینی ئیسلام، مێژوویان تەژییە لە ستەم و کۆیلەکردنی گەلانی ئەو وڵاتانەی داگیریان کرد و گەلێ لە سەرچاوە مێژووییەکان هۆکارەکەی دەگێڕنەوە بۆ بەکەنیزەک کردنی ژنانی ئەو گەل و وڵاتانە و تاڵانکردنی ماڵ و سامانیان. لەوەش زیاتر ناسیۆنالیزمی عەرەبی لەمڕۆدا حیکایەت و ئەفسانەی زۆر کۆنتری مێژوو دادەتاشێ و شکستەکانی دەکاتە سەرکەوتن. بە هەمان شێوە ئایدیای ناسیۆنالستیی کوردیش بە دوو شێواز بیر لە سەڵاحەدین دەکاتەوە، یەکێکیان بە پەسنکردن و پیاهەڵدانی وەک پاڵەوانێکی کورد و نموونەی چاولێکردنی بۆ دەرد و شکستەکانی و ئەویتریان وەک کاراکتەرێکی نەرێنیی مێژووی نەتەوە تێیدەڕوانێت و دەیەوێت بێبایەخی بکات، چونکە نەیتوانیوە نزیکەی هەزار ساڵێک بەر لە ئێستا دەوڵەتێکی مەزن بۆ کورد دامەزرێنێت لە کاتێکدا کە تەواوی جیهانی ئیسلامی لە ژێر دەستدا بووە. رەنگە بە هەمان پێوەر سەرکۆنەی کەریم خانی زەندیش بکات، چونکە سڵی کردووەتەوە لەوەی تەخت و تاجی شاهەنشاهیی ئێران بۆ خۆی قۆرخ بکات و ئەگەر وا نەبوایە ئێمەش ئەمڕۆ خاوەنی ئیمپراتۆریای خۆمان دەبووین! هەر ئەم ئایدیایەشە کە خۆی بە خاوەنی دەوڵەتی ساسانی و ماد و زۆرێک لە ئەفسانەکانی ئێران زەمین دەزانێ و گریمان ئەگەر واش بێت (کە من خۆم ئەمڕۆ کۆسە بم بە من چی ریشی باوباپیرانم)! رەنگە هەر لەم روانگەیەشەوە بێت گلەیی و گازندە لە سەڵاحەدین بکرێت کە بۆچی لە کاتێکدا تەواوی وڵاتانی جیهانی ئیسلامیی کەوتە ژێردەست، جاڕی لە خۆی نەدا وەک خەلیفەی موسڵمانان، لە کاتێکدا کە دەسەڵاتی خەلیفەی عەبباسی لە نرخی هیچدا بوو، تەنها ناوهێنان نەبێت لە نوێژی هەینیدا، کەچی دواتر سوڵتانی عوسمانیی سوننە ئەو کارەی کرد و بۆیشی چووەسەر و شا ئیسماعیلی سەفەوییش بۆ ئێران کردی و بۆیشی  چووەسەر و خۆی و نەوەکانی دواتری بە زەبری شمشێر تەواوی ئێرانیان کردە شیعە. بەڵام کەریم خانی زەند ئەمەی نەکرد و خۆی هەر بە (وکیل الرعایا) هێشتەوە و ئەو سەڵاحەدینە مەزنەی مێژووش خۆی هەر بە وەکیلی خەلیفەی عەبباسی هێشتەوە.

خەلیفە هەر لە عەرەبی قورەیش بێت
 باشە سەڵاحەدین تۆ هەر بۆ بەرز راگرتنی ئاڵای ئیسلامی سوننەی شافیعی تێدەکۆشایت؟ کە بە پێی دەستووری ئەو مەزهەبە دەبوو خەلیفە هەر لە عەرەبی قورەیش بێت و حەرامە خەڵکی تر بیری لێ بکاتەوە با قودسی پیرۆزیشی لە دەستی خاچپەرستان دەرهێنابێت و سەدای سەرکەوتنیشی دنیای هەژاندبێت.
ئاخۆ بەرژەوەندیی خۆت و قەومەکەت لەچیدا بوو کاتێ تەواوی میسری خیلافەتی فاتمیت لە شیعەی ئیسماعیلییەوە گۆڕییە سەر مەزهەبی سوننەی شافیعی؟ هەرچەندە تۆ ئەم کارەت وەک سەفەوییەکان بە زەبری شمشیر و ملپەڕاندن نەکرد و بەشێکی بەرنامەکەت لە رێگەی مەلا و فەقیهە سوننە شافیعییەکانەوە کرد. ئاخۆ بۆچی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی ئەزهەرت لەناوبرد کە خەلیفە فاتمییەکان بە درێژایی ساڵانی حوکمیان بنیاتیان نابوو و رەنجی سەدان زانای بیرمەندی ئیسلام و نەسساخ و وەڕاقت بەبادا. ئاخۆ ئەم کارەت لە سووتاندنی کتێبخانە گەورەکەی سەردەمی گریکەکان ناچێت کە سەرکردەی ئیسلامی عەمری کوڕی عاس لە فوستات (قاهیرەی دواتر) ئەنجامیدا؟
تۆ پاشایەکی دادپەروەر بوویت و ناوبانگت بەوە رۆیشتووە لە مێژوودا، نەدەبوو پاش کۆتایی پێهێنانی حوکمی دوا خەلیفەی فاتمی ژن و پیاوەکانی بنەماڵە و خزمەکانیان زیندانی بکەیت و نێر و مێیان لێکتر جیابکەیتەوە تا ئەو ڕۆژەی دەمرن، بۆ ئەوەی نەوەیان لێ نەکەوێتەوە. هەر بە هەمان حوکمی دادپەروەریت نەدەبوو لە ساڵی 1191دا فەرمانی کوشتن بۆ شەهابەدینی سوهرەوەردیی گەنج و فەیلەسووفی سۆفیگەریی فەلسەفەی ئیشراق لە حەڵەب دەربکەیت بە پیلانی پیاوە ئاینییە ئاست نزمەکانی دەربار، لە کاتێکدا وەک باس دەکرێت کە هاوزمان بوون و دۆستی نزیکی مەلیک زاهیری والیی حەڵەب، کە کوڕەکەی خۆت بوو بە تۆمەتی زەندیقی و لە دین دەرچوون.  دەگوترێ چەندین سۆفیی تریشت لە میسر زیندانی کردووە بە هەمان تۆمەت.

مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات
مێژوو دەگێڕێتەوە کە تۆ لە پاش مەرگت لە دینارێکی زێڕ و چەند درهەمێک بەولاوە هیچ ماڵ و سامانێکت بەجێنەهێشتووە و ئەمەش هێندەی تر ناوبانگی تۆی بە بەرزی هێشتووەتەوە و کەم پاشا و حوکمڕان هەیە ئەمەی کردبێت. تۆ لە پاش خۆت حەڤدە کوڕ و کچێکت لێ بەجێماوە و پێگەی دەوڵەتێکی پانوپۆڕ و مەزنی بنەماڵەی ئەیوبیت داڕشتبوو، کە تا ئێستاش مێژوو بە شانازییەوە باسی دەکات و بەمەش ناوی کوردت شکۆدار کرد کە پێش ئەم دەوڵەتە و رۆڵی ئازایانەی فەرماندە و جەنگاوەرە کوردەکان تێیدا خەڵکی تورک و عەرەب و عەجەم بە سووک سەیریان دەکردن و بە دز و جەردە و شوانکارەی دواکەوتوو لەقەڵەمیان دەدان، کەچی پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکەیت ئەم دەوڵەتە مەزنەت وەک میرات لە نێوان کوڕ و برازاکانی بنەماڵەکەتدا دابەشکرد و دوای تۆ بوو بە شەڕ و ناکۆکییان و هەر کەسە بەشی خۆی بە کەمتر دەزانی لەویتر و کار گەیشتە ئەوەی هەندێکیان پەنا بۆ خاچپەرستەکان ببەن بێن بە هانایانەوە و تەنانەت یەکێکیشیان نزیکەی 42 ساڵ دوای شەڕە سەرکەوتووەکەی حەتین لە ساڵی 1229دا مەملەکەتی قودسی رادەست کردنەوە.
دواجار ماوەتەوە بڵێم لەم کتێبە نایابەدا «سوڵتان سەڵاحەدینی ئەیوبی و پرسی کوردبوون» د. مەجید ساڵح لە توێژینەوەکەیدا وای نووسیوە و وا دەڵێت، منیش دەستخۆشی لێدەکەم و لە گەلێ رووەوە لەگەڵ راوبۆچوونەکانیم.

بابەتە پەیوەندیدارەکان