راپۆرتی/ ئارۆ سامان
بە سەرپەرشتی مەڵبەندی 8ی خانەقینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی هەینی 31-1-2025 بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر لە هاوڕێ و هەڤاڵان و هاوسەنگەران و بەرپرسانی حزبی و حكومی ناوچەكە، مەراسیمی دەیەمین ساڵیادی شەهید لیوا حسێن مەنسور لە گۆڕستانی خدر زندەی خانەقین بەڕێوەچوو.
سەرەتای مەراسیمەكە، بە داگیرساندنی 10 مۆم وەك هێما بۆ دەیەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لیوا حسێن مەنسور و دانانی تاجە گوڵینەی مەكتەبی سیاسی و تاجە گوڵینەی هەریەك لە مەحمود سەنگای و دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد و تاجە گوڵینەی لایەنە سیاسی و حكومییەكان دەستی پێكرد.
دواتر هەریەك لە مامۆستا عەزیز یاوەر و هەڤاڵ ئەحمەد كەلاری وتارێكیان لەبارەی رۆڵ و پێگەی شەهید پێشكەش كرد، پاشان كوڕی شەهید كەڕاڕ حسێن مەنسور بەناوی بنەماڵەوە وتەیەكی پێشكەكرد و تیایدا بەردەوامبوونی لەسەر رێبازەكەی باوكی دووپات كردەوە و وتی:" سوپاس بۆ تەواوی خەڵكی كوردستان لە ساتی شەهیدبوونی باوكمانەوە تائێستا وەك كوڕ و براو خوشكی خۆیان لەگەڵمان بوون و پشتیوانمانن".
بەشێكی دیکەی مەراسیمەكە خوێندنەوەی پەخشانێك لەلایەن مامۆستا عەلی پەرلەمان و مامۆستا شیرین خانەقینی بوو، دابەشكردنی كتێبی ژیاننامەی شەهید و پێشكەشكردنی سروودی ئەی شەهیدان لەلایەن بەشی رووناكبیری مەڵبەندی خانەقینەوە كۆتا بڕگەكانی مەراسیمەكەبوون.
كوڕەكەم بە سەرپەرزی شەهیدبوو
دایە فاتمە، دایكی شەهید لیوا حسێن مەنسور بۆ كوردستانی نوێ وتی: كوڕەكەم بە سەربەرزی شەهیدبوو، سەری ئێمەی بەرزكردەوە، تەماشاكەن ئەو هەموو خەڵكە چۆن لەگەڵمان هاوخەمن.
وتیشی: ئەو عاشقی رێبازی پیرۆزی یەكێتی و مام جەلال بوو، بۆ چركەیەكش نەیتوانی بەرەكانی جەنگ چۆڵ بكات، لەبەر خۆشەویستی بۆ خاك و نیشتمان، ئەو لە خوێندنگەی یەكێتی فێری كۆڵنەدان بوو، بۆیە بە سەربەرزییەوە شەهید بوو.
داعش بەزێن بوو
دكتۆر خەسرەو گوڵ محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و نوێنەری سەرۆك بافڵ تاڵەبانی، لە بارەی شەهید حسێن مەنسورەوە وتی: هەر لە سەرەتای شەڕی داعشەوە بەرەكانی شەڕی جێنەهێشت ، تاكو ئاڵای كوردستانی لەسەر جەلەولا هەڵنەكرد كۆڵی نەدا".
وتیشی:" لە خانەقینەوە خۆی گەیاندە كەركوكی قودسی كوردستان و خۆی لەپێناو پیرۆزی و پاراستنی ئەو شارەدا كردە قوربانی، شەهید لیوا حسێن مەنسور بە مانا داعش بەزێن بوو".
جێگەی پڕنابێتەوە
تێكۆشەری دێرین، كەسایەتی دیاری گەرمیان مەحمود سەنگاوی كە لە مەراسیمەكە ئامادەبوو، وتی: ئەبو عەلی، خۆنەویست و نیشتمان ویست بوو، نەیتوانی بوەستێت و ببینێت خانەقین و كەركوكی قودسی كوردستان بریندار دەبێت، بۆیە دواجار لەم رێگەیە شەهیدبوو.
رونیشكردەوە: رۆڵێكی بەرچاوی هەبوو لەریزەكانی هێزی پێشمەرگە، بە مانا فەرماندەبوو، بۆیە بەئاسانی شوێنی پڕ ناكرێتەوە و نابێتەوە.
لەبەر باوكم هەمووان لەگەڵمانن
كەڕاڕ كوڕی شەهید حسێن مەنسور دەڵێت: سەرەڕای ئەوەی رۆژێكی ماتەمە بۆ ئێمە، ئەستەمە ئەم برینە بە ئاسانی سارێژبێت، بەڵام دڵخۆشییەكەی لەوەیە بەهۆی سەربەرزی باوكمانەوەیە ئەم هەموو خەڵكە لە هەموو شوێنێكی كوردستان و عیراق لەگەڵمانن.
وتیشی: باوكم لە رۆژێكدا شەهید بوو كە میللەت و خاك و نیشتمان پێویستی بەخوێن بوو، بە راستەقینەی خەبات و خوێنی ئەویست، ئەو گیانی خۆی كردە قوربانی.
تاسەمان لەباوكمان نەشكا
عەلی كوڕە بچووكی شەهید حسێن مەنسور، بەدڵی پڕەوە بۆ كوردستانی نوێ وتی:" تاسەمان لە باوكمان نەشكا، ئەو هێندەی خەمی نیشتمان و منداڵی گەلەكەی هەبوو كە بەبێ ترس و لەرزین و بەبێ برسیەتی بژین، هێندە نەدەهاتەوە، تاكو پڕ بەدڵ تاسەمان لێی بشكێت.
وتیشی: خوێنی باوكم و سەربەرزی باوكم، وادەكات لەسەر ئەم رێبازە زیاتر بەردەوام بین و سوربین لەسەر پاراستنی شكۆ و خەباتی باوكمان.
خەڵك بە وەفابوون
برای شەهید ئەبو عەلی، ستایشی رۆڵی خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت: هەر لە یەكەم چركەی شەهیدبوونیەوە تائێستا خەڵك لەگەڵمان بوون، بەوەفابوون بە خوێنی شەهید ئەبو عەلی، ئەمڕۆ بەختەوەری ئەبو عەلی لەوەدایە كە لەهەمان رۆژی (شەهید ئارام) دا شەهید بووە".
باسی لەوەشكرد: شەهیدبوون بەرزترین شكۆی پارێزراوی هەر میللەتێكە، هیچ سنوورێكی تر لەپشتیەوە نییە، ئێمە وا راهێنراوین كە وەك ئەبو عەلی خوێنمان لەپێناو گەل و نیشتمانمان بكەینە قوربانی، ئەمڕۆ دڵمان تەنگە كە ئەبو عەلیمان لانییە، دڵمان خۆشە براكەمان بە سەربەرزانە شەهیدبوو، لە رۆژێك و شوێنێك شەهیدبوو خەونی هەر شۆڕشگێرێكە" .
رووبارێك لە هاژە ناكەوێت
مامۆستا عەلی پەرلەمان تێكۆشەر و نووسەر لە مەراسیمەكەدا پەخشانێكی بۆ یادی 10 ساڵەی شەهید حسێن مەنسور پێشكەكرد، دەقی پەخشانەكە:
"هەرگیز رووباری خوێنی شەهید لە لرفە نەوەستاوە! ئەوە 10 ساڵە رووباری خوێنەكەی حسێنیش لە هاژە نەكەوتووە، هەمیشە بەناو دەماری یادەوەرییەكانماندا دەڕوا، داستانی گیانبەخشینی دەگێڕێتەوە، هێشتاش وا دەزانین حسێن بەسەر تانكێكەوەیە بەرەو ناو گەڕەكەكانی جەماهیر و تەجنید و بورجەكە هەڵمەتدەبا، ئێستاش وا دەزانین لە خوارووی كەركوكە دبێژێ هێزی پشتیوانیی وریای شارەكەی كەركوك بن!
ئێمە سەدان حسێنمان بە كوردستان بەخشیوە، وەلێ دوو حسێنمان لە گۆڕەپانی ناوداریدا وەكو ئەستێرەی ئاسمانی ساف دەدرەوشێنەوە، حسێنی هەزاركانیی پەنجەی نەئی بەرانبەر بەعس راوەشاند و قایل نەبوو تەنیا خۆی و خێزانەكەی لە سووتانی تەنووری زیندەبەچاڵكردنی ئەنفال دەربازبن، دەیویست یان هەمووان ئازادبكرێن یان ئەویش وەكو ئەوانیتر بەرەو توونی مەرگ دەچێ و نەترسا! حسێن مەنسوورەكەی خانەقینیش لەهەر كوێ فیشەكێكی دوژمن بتەقێنرایە لەوێ سینگی دادەكوتا، هەرگیز نە لە بەعس ترسا و نە لە داعش سڵەمییەوە!
حسێن لە فرە دەڤەر ئاڵای ئامادەبوونی چەقاندبوو، ئاگری لە خەرمانی لاشەی دوژمن بەردەدا، ئەو خۆی بۆ بەرەكانی جەنگ تەرخانكردبوو، نەیدەتوانی بسرەوێ و هاوڕێ پێشمەرگەكانی لەناو هاڵاو و تەپوتۆزی شەڕدا بن، وەكو هەورەبرووسكە تاییندەبوو، بە خۆی و هێزەكەیەوە ورەیان دەبەخشی و تابلۆی سەركەوتنیان بە چۆڕاوگی ئارەقە و خوێن دەنەخشان!
حسێنی هەللاج لەپێناوی راستییا تاریكیپەرستان لەسێدارەیاندا، تكتك خوێنەكەی دەچۆڕا و دەینووسی من هەقم.. حسین مەنسوورەكەی ئێمەش لەپێناوی پارێزگاریی لە نیشتمان، لە كەركوكە بریندارەكەمان دڵۆپدڵۆپ خوێنی تكا!
10 ساڵە حسێن جانتای گەشتێكی لەشاندایە، لەناو بیلبیلەی دیدەمانا هەر رێدەكا، هەوراز و تەختایی دەبڕێ و ماندوونابێ، هەمیشە لە كامیرای هەست و رەوانمانا دەردەكەوێ، وەكو هاژەی ئاو هیلاكنابێ! هەمیشە لە كۆختی دڵی هەموومانا سەردەكێشێ و بە بێدەنگیی سڵاوێكی پێشمەرگانە دەكات!
ئای حسێن چەندە بیری تووڕەییەكانت دەكەین، بە تاسەوەی دڵسۆزییەكانتین، پەرۆشی ئەو گیانی كوردپەروەرییەتین.. ئەو بەژن و قەڵافەتە سەربازییە، ئەو ئەستێرە و نیشانانەی سەرشان هەر لە خۆت دەهات، فەرمان و هاوار و دەرپەڕینەكانت بەڵگەی فەرماندەیی و شكۆی سەربازیی بوون!
ئەی شەهیدی فەرماندە هەرگیز لەیادت ناكەین.."