رەحیم حەمید عەبدولكەریم*
دیاردەی كەمبارانی، كە لە زۆربەی ساڵەكاندا لە هەندێك مانگی زستاندا روو دەدات، دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە نەشونماكردن و بەرهەمهێنانی بەرهەمەكانی دانەوێڵە، بە تایبەتیش كاریگەریی زۆری لەسەر گەنم دەبێت
بە پێی پێگە جوگرافییەكەی، ناوچەی گەرمیان دەكەوێتە باشووری خۆرهەڵاتی هەرێمی كوردستانەوە و نزیكە لە ناوچەكانی ناوەڕاستی عیراق و ئەو ئاووهەوایانەی كە دەبنە هۆی دابارین تیایدا زۆرتر پشت بە ئاووهەوای دەریای سوور دەبەستێت و كەمتر بەوەی دەریای سپیی ناوەڕاست، بۆیە وەكو پێویست رێژەی بارانبارین تیایاندا روونادات و هەر ساڵێك رێژەكە كەم بێت ئەوا لێرە و لەوێ و لە رێگەی میدیاكانەوە هەر زوو ئاماژە بە روودانی (وشكە ساڵی) لە ناوچەكەدا دەكرێت، بەڵام لە راستیدا جیاوازییەكی زۆر لە نێوان (وشكەساڵی) و (كەمبارانیدا) هەیە، وشكەساڵی بریتییە لە كەمبارین لە ناوچەیەكدا، هاوكات لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و زۆربوونی بەهەڵمبوون و ..هتد بە رێژەیەكی ئەوتۆ كە دەبنەهۆی كەمیی لەوەڕگا و ئاوی ژێر زەوی و بەرهەمی دانەوێڵەی جۆراوجۆر و ..هتد، وەكو ئەوەی كە لە ساڵی 2008دا زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە.
بە تایبەتی گەنم
بەڵام ئەوەی من لێرەدا مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم دیاردەی كەمبارانییە كە لە زۆربەی ساڵەكاندا لە هەندێك مانگی زستاندا رێژەیەكی یەكجار كەم باران لە گەرمیاندا دەبارێت و لە وەرزی بەهاراندا باشتر دەبارێت، هەندێك جاریش بە پێچەوانەوە دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە نەشونماكردن و بەرهەمهێنانی بەرهەمەكانی دانەوێڵە لەو شوێنانەی كە پشت بە باران دەبەستێت واتا لە پشتاوەكاندا، بە تایبەتی لە بەرهەمهێنانی گەنمدا كاریگەریی زۆرتر دەبێت، بۆ نموونە ئەم ساڵ تا ئێستا لە كەلار بڕی 124ملم باریوە و بڕە زۆرەكەی لە مانگی یانزەدا باریوە و لە مانگەكانی 12 و یەكدا كەمترین بڕی باران باریوە، پێشبینیش دەكرێت بۆ مانگەكانی سێ و چوار رێژەكە باشتر بێت، ئەمەش بێگومان دەبێتە هۆی شڵەژان لە نەشونماكردنی بەرهەمی دانەوێڵەدا، بەتایبەتی گەنم.
ئاودانی تەواوكاری
باشترین چارەسەر بۆ ئەو گرفتە ئەوەیە، كە جووتیار تەنها پشت بە باران نەبەستێت بۆ بەرهەمهێنانی دانەوێڵە، بەڵكو هانا ببات بۆ بەكارهێنانی (ئاودانی تەواوكاری) بۆ ئەو كاتانەی باران نابارێت و ئامێرەكانی ئاودێریی بە (پرژاندن) و (دڵۆباندن) بەكاربهێنن و ئەوەش پێی دەوترێت (ئاودانی تەواوكاری)، كە خۆشبەختانە ئەمڕۆ چەندین جۆر لەو ئامێرانە لە بازاڕەكاندا بەردەستن و لە زۆربەی وڵاتانی دراوسێ و هاوشێوە لە رووی كەشوهەواوە زۆر بە بەربڵاوی بەكاردەهێنرێن، بۆیە بە مەبەستی پەرەپێدان بەو جۆرە ئاودێرییە پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی دەزگاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری و بانكی كشتوكاڵییەوە هاوكاری و پاڵپشتی جوتیاران بكات و بە نرخێكی پاڵپشتكراو و بە پێدانی قەرزی درێژخایەن ئەو ئامێرانە بۆ جووتیاران دابین بكرێت، كە هەم دەبێتە هۆی دەستگرتن بە ئاوەوە لە لایەك و لە لایەكی ترەوە دووردەكەونەوە لە پشتبەستن تەنها بە باران و بەرهەمهێنانی دوو بەختییەوە.
*ئەندازیاری كشتوكاڵی