ئا: كوردەوان محەمەد سەعید
ئەو ئاگرەی لە مانگی كانونی دووەمی ئەم ساڵدا لە دەوروبەری لۆس ئەنجلۆسی سەر بە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمریكا كەوتەوە، جگە لەوەی بووە هۆی گەیانلەدەستدانی دەیان كەس و بێ ماڵ و حاڵبوونی سەدان هەزار كەس، زیانی ماددی گەورەشی بە دواوە بوو، هەزاران خانوو و دامەزراوە بوونە سوتماك و 37 هەزار فەدان دارستانیش سووتان، ژمارەیەكی زۆریش لە هونەرمەندە بەناوبانگ و خاوەن سەرمایەكان، كە لەو ناوچانەدا ڤێلای گرانبەهایان هەبوو، ڤێلاكانیان سووتان و هەزاران ئۆتۆمبێل و ئامرازی هاتوچۆش بوونە خۆراكی ئەو ئاگرە بەهێزە، كە بەهۆی هەڵكردنی باوە زۆر بە خێرایی پەرەی سەند.
تێكڕای زیانە داراییەكانی ئاگرەكەی لۆس ئەنجلۆس بە 250 بۆ 275 ملیار دۆلار مەزەندە كراوە، ژمارەی ئەو دامەزراوانەی بە ئاگرەكە سووتان گەیشتە 12 هەزار دامەزراوە و نزیكەی 150 هەزار كەس بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشت و خانووەكانیان سووتا، 37 هەزار فەدان دارستانیش ئاگرەكە لەگەڵ زەویدا تەختی كردن.
ماڵی هونەرمەندانیشی گرتەوە
ئاگرەكە ناوچەكانی باسیفیك، بالیسادیس، هێرست و سانست ولی گرتەوە و تێكڕا 10.36 هەزار كیلۆمەتر دووجای لە ناوچە نیشتەجێكانی دەوروبەری لۆس ئەنجلۆسی گرتەوە، یەكێك لەو هونەرمەندە بەناوبانگانەی ڤێلاكەی لەو ئاگرەدا سووتا، میل گیپسن-ی خاوەنی خەڵاتی ئۆسكار بوو.
میل گیپسن لە لێدوانێكدا رەخنەی لە گافین نیوسۆم-ی حاكمی ویلایەتی كالیفۆرنیا گرت و بەوە تۆمەتباریكرد، كە وەك پێویست كاردانەوەی نەبووە بەرامبەر بە كارەساتێكی لەو جۆرە و وتیشی: پێشتر گافین نیوسۆم بەڵێنی دابوو كە گرنگیی بە دارستانەكان بدات، بەڵام هیچی نەكرد و ئەو هەموو باجەش كە دابوومان بەفێڕۆ چوو.
جگە لە میل گیپسن، هونەرمەندانی دیكەش خانوو و ڤێلایان لەو ناوچانە هەبوو، ئاگرەكە لەگەڵ زەویدا یەكسانی كردن، لەو هونەرمەندانەش: ئێد هاریس، جیفەر برێدج، باریس هیڵتۆن ئادەمبرۆی و زۆری دیكەش.
جەزیرە نێت