«تەنیا (%15)ی كۆی داهات پێكدەهێنێت»

بەدواداچوون بۆ دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەكرێت

09:55 - 2022-07-26
ئابووری
429 جار خوێندراوەتەوە
#یەكێك لە دەروازە سنوورییەكانی عیراق لەگەڵ سوریا

ئا: تەها عەبدوڵڵا - هەولێر

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرایدەكات: بەهۆی زۆری ژمارەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا، ساڵانە داهاتێكی زۆر  دەستدەكەوێت، بەڵام بەهۆی ئەو گەندەڵی و بە هەدەردانەی كە لە بەشێك لەو دەروازانەدا هەیە، تەواوی داهاتەكانی ناگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت.
جەخت لەوەش دەكاتەوە: «ئەوان وەك لیژنە تایبەتەكانی ئەنجومەنی نوێنەران، فشاری زیاتر دەخەنە سەر لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەت و چاودێرییەكانیشیان لە كاروباری داهاتی دەروازەكاندا چڕتر دەكەنەوە».

گەندەڵی و لاوازیی دەسەڵاتی كارگێڕی
د.نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی و كاروباری ئابووریی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بەگوێرەی بەدواداچوونەكانیان، كۆی ژمارەی دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەكانی عیراق بە رەسمی و نا رەسمییەوە و بە وشكانی و دەریاییەوە، دەگاتە 24 دەروازە كە سەرجەمیان تەنیا (%15)ی كۆی گشتیی داهاتی عیراق پێكدەهێنن.
وتیشی: «لەبەر چەند هۆكارێك داهاتی ئەو دەروازە سنوورییانە بە تەواوەتی و وەكو خۆی ناگەڕێنەوە خەزێنەی دەوڵەت كە سەرەكیترینیان بوونی گەندەڵی و لاوازیی دەسەڵاتی كارگێڕی دامەزراوە حكومییەكانە لەو دەروازانەدا».
بەوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، لە بەشێكی دەروازە سنوورییەكانی عیراقدا، رێگا بە هاوردە و هەناردەكردنی كەلوپەلی ماوەبەسەرچوو دەدرێت، هاوكات وەكو پێویست ئەو باج و رسوماتانە وەرناگیرێن كە بەپێی یاسا و رێنماییەكان جێگیركراوە.
ئاماژە بەوەشدەكات: ئەو بارودۆخەی لە دەروازە سنوورییەكانی عیراقدا هەیە، جێگای نیگەرانیی پەرلەمانتارانە وەك لایەنی چاودێر بەسەر كاروبارەكانی حكومەت، بۆیە ئەركی سەرەكی لیژنە تایبەتەكانی نوێنەران بەدواداچوونی چڕ دەبێت بۆ ئەو دەروازانە، بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ گەندەڵی و بە هەدەردانەكان دابنرێت، بە جۆرێك داهاتی ئەو شوێنانە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی بگەڕێتەوە.

داهاتی حكومەتی عیراق زیاد دەکات
لای خۆیەوە، د.ئیدریس رەمەزان ئابووریناس و مامۆستای زانكۆ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: یەكێك لە سەرچاوە گرنگەكانی داهاتی هەر حكومەت و وڵاتێك، دەروازە سنوورییەكانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا كە رۆژانە بەشێكی زۆر لە كەلوپەلی خۆراك و پێداویستی دیكەی هاووڵاتیان و حكومەت لە رێگەی ئەو دەروازانەوە هەناردە و هاوردە دەكرێت.
وتیشی: «ئەوەی لە عیراق دەبینرێت، بە تایبەتی لە دوای پڕۆسەی ئازادی و هەڵگرتنی گەمارۆی ئابووری، زیادبوونی ژمارەی دەروازە سنوورییەكانە لەگەڵ توركیا و ئێران و وڵاتەكانی دیكەی دراوسێ كە بێگومان داهاتی زۆریان هەیە، بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە تا ئێستا بەشێك لەو دەروازانە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە وەک پێویست كۆنترۆڵ نەكراوە و داهاتەكانی  ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت».
ئەو ئابووریناسە ئاماژەی بەوەشكرد: كۆنترۆڵكردنی ئەو دەروازانە، وادەكات داهاتی حكومەتی عیراق زیاتر بێت، ئەمەش بەشێوەیەكی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، كاریگەریی لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان و جێبەجێكردنی پڕۆژەكان دەبێت.
پێشتر، لیژنەی وەبەرهێنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاشكرای كردبوو: داهاتی ساڵانەی دەروازە سنوورییەكانی عیراق دەگاتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی گەندەڵییەوە، ساڵانە كەمتر لە دوو ملیار دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان