لەبارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی لەگەڵ سودانی، قوباد تاڵەبانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت:
لەگەڵ بەڕێز محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق گفتوگۆمان کرد لەبارەی دواگۆڕانکارییەکان و رێکارەکانی چارەسەرکردنی ریشەیی گرفتە داراییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کە لە ئێستادا هەنگاوی زۆر باش نراوە لەلایەن هەردوو حکومەتەوە بۆ چارەسەرکردنی یەکجاریی کێشەکە.
هەروەها باسی هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستانمان کرد و سودانی بەڕێز پشتیوانی خۆی دەربڕی بۆ گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان و تەواوکردنی هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە گۆڕانکارییە ئەمنی و سیاسییەکانی ناوچەکە و چۆنییەتی پاراستنی ئاسایشی عیراق لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو جەختمان کردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگیی زیاتر لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ.