رۆژنامەی (الوطن) بڵاویكردەوە، یەكێتیی ئەوروپا پێشوازیكردووە لە راگەیەنراوەكەی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كە لەیەكەم لێدوانی دەستبەكاربوونیدا رایگەیاند: پابەنددەبن بە پێكهێنانی حكومەتێكی راگوزەری تەواو و هەمەلایەن.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە شاری برۆكسل، ئەنوەر ئەلعەنونی وتەبێژ بەناوی یەكێتیی ئەوروپاوە وتی «ئێمە بە گرنگییەوە چاودێری لێدوانەكانی ئیدارەی نوێی سوریا دەكەین، بەڵام گرنگتر لەوە كردارەكانێتی»، جەختی لەوەشكردەوە: ئێمە پێمانخۆشە تەواوی بەشەكانی كۆمەڵگەی سوریا بەشداری قۆناغی ئینتقالی سوریا بكەن.
ئەلعەنونی ئاماژە بەوەش دەكات: بوونی روسیا لە خاكی سوریادا، پاڵنەرێكە كە یەكێتیی ئەوروپا لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ سوریا رەچاوی دەكات، ئەم بابەتەش لە راداری یەكێتیی ئەوروپادایە كە بەم دواییانە لەسەر نەخشەڕێگەیەك رێككەوتن بۆ لابردنی بەشێك لە سزاكانی سەر سوریا بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ.