وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاگاداری وەزارەتی ناوخۆی كردووە، هەموو ئەو هێزانەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆن بەگوێرەی یاسای راژە و خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ ژمارە 18ی ساڵی 2011 خانەنشین دەكرێن.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی ، لەكاتی جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق ژمارە 9ـی ساڵی 2014 بۆ هاوتاكردنی مووچە و خانەنشینیی فەرمانبەران هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ تەمەنی خانەنشینی دەگەڕێنەوە سەر ئەو یاسایەی تایبەت بە خۆیانە.
بەگوێرەی یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، كارمەندانی ئەو هێزانە دەتوانن لە تەمەنی 45 ساڵی داوای خانەنشینبوون بكەن، بەڵام دەبێت 15 ساڵ خزمەتیان هەبێت، لەكاتێكدا بەگوێرەی یاسای خانەنشینی یەكگرتوو، فەرمانبەرانی شارستانی دەبێت تەمەنیان بگاتە 50 ساڵ و 20 ساڵ خزمەتیان هەبێت ئەوكات دەتوانن داوای خانەنشینبوون بكەن.