سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك:

دوای دەرچوونی رێنماییەكان، كاردەكەین بۆ گەڕانەوەی مافی جووتیارانی كورد و توركمان

01:37 - 2025-02-04
کوردستان
268 جار خوێندراوەتەوە

هێمن ئەحمەد


ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رایدەگەیەنێت: دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی رژێمی لەناوچووی بەعس، كار بۆ گەڕانەوەی زەوییە داگیركراوەكانی جووتیارانی كورد و توركمانی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەكەین.
لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، عەبدوڵڵا میروەیس ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی ئەنجومەنی قیادەی سەورەی لەناوچوو، ئێستا سەرقاڵی گەڕانەوەی مافین بۆ خاوەن مافەكان و وتی: ئێستاش كە چەند دەسەڵاتێك بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك گەڕاوەتەوە لە بەدواداچوون و یەكلاكردنەوەی پرسی كێشەی موڵكدارێتی، كشتوكاڵ، شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە، بەشێك لە فەرمانگەكان و لایەنەكان ناتوانن دەستتێوەردان بكەن، كە پێشووتر ستەمێكی زۆر بەتایبەتی لە فەرمانگەی كشتوكاڵدا و لەلایەن سوپای عیراقەوە لە جووتیارانی كورد و توركمان دەكرا، بۆیە دوای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكان لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە، ئەو فەرمانگە و لایەنانە دەسەڵاتیان نامێنێت و ناتوانن دەستتێوەردان لە كێشەی زەویوزاردا بكەن، كە پێش هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكە سوپا بەنیازبوو سەربازگەیەك لە ناوچەی تۆپزاوا دروست بكات، بەڵام ئێستا ناتوانێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا، باسی لەوەشكرد كە ئێستا چاوەڕێی دەركردنی رێنماییەكانین بۆ چۆنێتی كاركردن لەسەر گەڕاندنەوەی زەویوزارەكان بۆ خاوەنە رەسەنەكانیان، كە لەلایەن عەرەبی هاوردەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو.

بابەتە پەیوەندیدارەکان