وێنەی‌ جەژنی‌ قوربان لای‌ بێسارانی‌

11:04 - 2022-07-26
کەلتور
925 جار خوێندراوەتەوە
لە ئیکۆسیستەمدا مرۆڤ و ئاژەڵ لەیەکتری ئازادن

د. ئاراس محەمەد ساڵح

وێنەی‌ جەژن و بەتایبەتی‌ جەژنی‌ قوربان و قوربانی‌ کردن رەنگدانەوەی‌ بەرچاوی‌ هەیە لە شیعری‌ شاعیرانی‌ کلاسیکدا، یەکێک لەو شاعیرانە مەلا مستەفای‌ بێسارانیە، ئەم شاعیرە لە چامەیەکی‌ زۆر بەرزیدا وێنەی‌ جەژن و قوربانی‌ و دیمەنی‌ حاجیانی‌ لە کێوی‌ عەرەفە تێکەڵ بە چرپەی‌ ژوانی‌ خۆی‌ و یاری‌ شۆخ و شەنگی‌ کردووە و وێنایەکی‌ زۆر ناوازەی‌ بەرهەمهێناوە، بە جۆرێکی‌ وەها خوینەر تێکەڵاو بە هەستی‌ شاعیر و دیمەنەکانی‌ جەژن و گۆڕەپانی‌ قوربانیکردنەکە دەکات.
چراغ قوربانەن
ئینە عیدی‌ نۆ جەژنی‌ قوربانەن

زەمزەمەی‌ تەوحید ڕای‌ حاجیانەن

شاعیر زۆر دڵی‌ خۆشە کە جەژنێکی‌ نوێ هاتووەتەوە و چاوی‌ بە خۆشەویستەکەی‌ دەکەوێت، هەربۆیە روو دەکاتە یارە نازدارەکەی‌ و دەڵێ: ئازیز وا دیسانی‌ جەژنی‌ نوێ و جەژنی‌ قوربانە، هاوار و نزای‌ تاک و تەنهایی خوا و ریگای‌ حاجیانی‌ دڵ پڕ لە عەشقی‌ سەرمەدی‌ خوا و پاڕانەوەی‌ بەکوڵی‌ بەرگی‌ سپی‌ پۆشانی‌ دەشتی‌ عەرەفە و نزاو لاڵانەوەیە لە خوای‌ تاک تەنها، هەتا خواست و داواکانیان قبوڵ بکات.
قوربانی‌ قوربان ئەمری‌ سوبحانەن
دارا و نەدارا مسکێن و دەروێش
هەرکەس مەکەرۆ قوربانی‌ پەی‌ وێش
تۆیچ ئەمن بەرە بۆ قوربانی‌ گاهـ


هەموو کەس سەرقاڵی‌ خۆئامادەکردنە بۆ قوربانی‌ کردن قوربان، ئەم قوربانیکردنەوەش بەجێگەیاندی‌ فەرمانی‌ خوایە، هەربۆیە دەوڵەمەند و هەژار و نەدار و دەروێش، هەموو  کەس قوربانی‌ خۆی‌ ئامادە کردووە و قوربانی‌ بۆ خۆی‌ دەکات، تۆش وەرە ئازیز من بەرە بۆ شوێنی‌ قوربانی‌ کردن و بمکە بە قۆچی‌ قوربانی‌ باڵای‌ خۆت، با من ببمە باڵاگەردانی‌ قوربانی‌ تۆ، چونکە بە هاتنت بۆلای‌ من شاد دەبم بە بینینی‌ تۆ، کە من تۆم بینی‌ ئیتر با چەقۆش بخەیتە سەرگەردنم من هەر شادومان.
قوربانیم کەرە چوون (خەلیل الله)
تیغی‌ بێ درێغ بنیەم نە گەردەن

وەرە ئازیز وەک حەزرەتی‌ ئیبراهیمی‌ خۆشەویستی‌ خوا من بکە بە قوربانی‌، چەقۆی‌ تیژت بخە سەرگەردنم، هەرچەندە دەمرم و دەبمە قوربانی‌ دەستی‌ یار، بەڵام شاد دەبم بە بینینی‌ رووی‌ جوانی‌ ئازیز و ئەو کاتە ئیتر هەست بە ئازاری‌ تیغی‌ دەستی‌ یار ناکەم، چونکە لەو کاتەدا مەستی‌ بینینی‌ رووی‌ جوانی‌ یاری‌ شۆخم، لێرەدا شاعیر دەیەوێت بڵێت: هەروەکو چۆن ئیسماعیل لەبەر خۆشەویستی‌ و خواو باوکی‌ کە حەزرەتی‌ ئیبراهیمە ملکەچی‌ فەرمانەکە بوو، گەردنی‌ خۆی‌ خستە ژێر چەقۆی‌ باوکی‌، منیش بەو شێوەیە تۆم خۆشدەوێت گەردنی‌ خۆم رادەستی‌ تۆ دەکەم نازدارەکەم.
تۆ صاحێب سەواب من شاد وە مەردەن
منیچ بەو قوربان منەت بارانانەن
قوربانی‌ قوربان باڵای‌ یارانانەن


ئەی‌ یاری‌ شۆخ و جوان بەو قوربانی‌ کردنەت تۆ دەبیتە خاوەن پاداشت لای‌ خواو منیش شاد دەبم بە مردن، مردن لە پێناوی‌ عەشقی‌ تۆدا خەڵاتە بۆ من، چونکە بوومەتە قوربانی‌ باڵای‌ یارانی‌ جوان.
مرۆڤ خۆشەویستی‌ بۆ هەر شتێک هەبێت حەزدەکات ببێتە قوربانی‌ ئەو شتە، بێسارانی‌ عەشق و خۆشەویستیەکەی‌ زۆر لە رادەبەدەری‌ هەیە بۆ یاری‌ جوان، هەربۆیە حەز دەکات بۆ سەلماندنی‌ راستێتی‌ ئەو عەشقەی‌ خۆی‌ بکاتە باڵاگەردانی‌ یاران، هەتا یاری‌ ئازیز بزانێت ئەم عارفە چەندێک سووتاوە بۆ مەعشوقەکەی‌ و هەست بە قوڵی‌ خۆشەویستیەکەی‌ بکات.
چراغ قوربانەن قوربان نیەن نان
غەیری‌ پەی‌ تۆ پەی‌ کەس قوربان نیەنان


ئازیز جەژنی‌ قوربانە و منیش لە تۆ زیاتر نابمە قوربانی‌ کەسی تر، جگە لە تۆ نابمە قوربانی‌ لە پێناوی‌ کەسدا و تەنها قوربانیم لە پێناوی‌ تۆدا، لێرەدا جارێکی‌ شاعیر جەخت دەکاتەوە و کە رازی‌ نیە لە پێناو هیچ شتێکی‌ تردا ببێت قوربانی‌ تەنها لە پێناوی‌ یاردا نەبێت، ئەو ئازیزەی‌ خۆشەویستیەکەی‌ پەردەی‌ دڵی‌ دڕیوە و چووتە ناو دڵی‌ و هەرگیزا و هەرگیز چۆڵی‌ ناکات.
دیدەم نیگەران تیغی‌ دەستی‌ تۆن
ئەڕواحم جۆیای‌ کوشتەی‌ قەستی‌ تۆن


چاوەکانم هێندە چاوەڕوانی‌ هاتنی‌ چەقۆی‌ دەستی‌ تۆیان کرد ئەی‌ یاری‌ ئازیز تەواو ماندوو نیگەران بوون لە درەنگ کەوتنی‌ چەقۆی‌ دەستی‌ تۆ، گیانم شوێنکەوتەی‌ خواستی‌ تۆیەو شەپۆل ئەدا بۆ مەبەستەکانی‌ تۆ، کە زوو بێت و قوربانیەکەت بکەیت، ئەوا گیانم لەسەردەستم داناوە چاوەڕێی هاتنی‌ تۆیە.
پەی‌ تیغت جەهوون، مەوجەن دەروونم
بێ تیغت رەوان نمەبۆ هوونم


بۆ چەقۆی‌ دەستی‌ تۆ دەروونم شەپۆل ئەداو بەبێ چەقۆی‌ دەستی‌ تۆ بیخەیەتە سەر گەردنم خوێنم فوارە نابەستێ ناڕژێت سەر زەوی‌، من دەمەوێت خوێنی‌ ئاڵم ببێتە خەنەی‌ دەست و پەنجەی‌ نازداری‌ تۆ، چونکە سبەینێ جەژنە و رۆژی‌ خۆ ئارایشتکردنی‌ نازدارانە، با دەست و پەنجەی‌ ناسکت بەو خوێنە ئاڵە جوانتربن، هەروەها لەم باریەوە مەحوی‌ شاعیر ئەڵێ:
کە دادی‌ یەئسی خۆم بردە لا، ئەم عارفە توتد بوو
وتی‌ ئاخر سبەینێ جەژنە ـ خوێنی‌ تۆ لە پێ دەگرم

شاعیر ئەڵێ: کە سکاڵا و شکاتی‌ حاڵی‌ خۆم بردە لای‌ یاری‌ نازدار لە رۆژی‌ عارفەدا، واتە: رۆژێک پێش جەژن، چونکە کە من دووربم لە یار جەژنم بۆچیە و جەژن لای‌ من زەهری‌ مارە، مادام بە دیداری‌ تۆ ناگەم ئەی‌ شۆخی‌ نازدار ئیتر بۆ نایەیت بمکوژی‌ و رزگارم بکەی‌، یاری‌ شۆخ توڕە بوو لێم، وتی‌: بۆ نازانی‌ سبەێنێ جەژنی‌ قوربانە و چەقۆ دەخەمە سەر گەردنت و خوێنەکەت لە پێ دەگرم لە بری‌ خەنە و بەو خوێنە ئاڵەی‌ تۆ خەنەبەندانی‌ جەژن دەکەم، مەحوی‌ خۆشحاڵە کە سبەینێ یاری‌ دەیکاتە قوربانی‌، چونکە لەلایەکەوە بە بینینی‌ یارەکەی‌ شاد دەبێت و لەلایەکی‌ تریشەوە دەبێتە قوربانی‌ باڵای‌ یارو لە ئازاری‌ عەشق ڕزگاری‌ دەکات.
 هەروەها تاهیری‌ بەگی‌ جاف ئەڵێ:
رۆژی‌ جەژنە چاوەکانم، مەوسیمی‌ ئازادیە
بۆ بەڵاگەردانی‌ باڵات قۆچی‌ قوربانم وەرە


شاعیر ئەڵێت سبەینێ رۆژی‌ جەژنەو رۆژی‌ ئازادیە، تۆش وەرە من لە دیلی‌ عەشقی‌ خۆت ئازاد بکە، ئیتر دەبمە قۆچی‌ قوربانی‌ باڵای‌ تۆ، بە مەرجێک تۆ بێیت و لەم دەردی‌ دووری‌ دابڕانە رزگارم بکەی‌.
 لە شیعرێکی‌ تریدا ئەڵێ:
دەزانن بۆچی‌ مەسرورم؟ ئیشارەی‌ کردمێ دڵبەر
وتی‌: حازربە بۆ کوشتن سبەینێ جەژنی‌ قوربانە


 لە رۆژی‌ عارفەدا شاعیر زۆر دڵخۆشبووە، ئەڵێ بۆچی‌ خەڵکی‌ ناپرسن من کە گیرۆدەی‌ دەردی‌ عەشق بووم هەموو کات شین و ناڵینم بووە بۆچی‌ ئەمڕۆ دڵشاد و بێ غەمم؟ چونکە سبەینێ رۆژی‌ جەژنی‌ قوربانە و یاری‌ نازدار و عەیار دێت بۆ ئەوەی‌ بمکاتە قوربانی‌، بەو هاتنەی‌ یار بەدیداری‌ روخساری‌ جوانی‌ شاد دەبم، لە هەمان کاتدا دەمکاتە قوربانی‌ باڵای‌ عەرعەری‌ خۆی‌ و لە دەردی‌ عەشق رزگارم دەکات و ئەو شەرەفەم پێ دەبڕێت دەبمە قوربانی‌ کاروانی‌ عاشقان و باڵای‌ جوانان.
سادەس وە قەبزەی‌ تیغی‌ ئەڵماس بەر
قوربانیی جە دەست قوربان خەلاص کەر


هەستە زوو کە ئازیز دەست بدەرە مشتوی‌ چەقۆی‌ ئەڵماسی تیژ و ئەم قوربانیە لە دەست خۆت بکەرەوەو سەرم ببڕە، هەرچەندە تاڵاوی‌ مردن ناخۆشە، بەڵام لە پێناوی‌ یاری‌ نازداردا هەست بەو ناخۆشیە ناکەم، چونکە مەست دەبم بە بینینی‌ رووی‌ یار و ئەو نازدارە دڵخۆش دەکەم بە خۆشەویستی‌ بێسنووری‌ خۆم لە پێناویدا، هەروەها ئیتر منیش لەم دەردو ئازار و سووتانی‌ عەشقە بۆ یەکجاری‌ رزگارم دەبێت هەربۆیە پەلەمەو یار بێتە پێشەوەو تەواوم بکات.
ئەرصەد کە وینۆ دەستت ئازارێ
سەواب تەر نیەن جەی‌ کارەکارێ


هەرچەندە دەستی‌ ناسک و نازدارت لە کاتی‌ گرتنی‌ مشتوی‌ چەقۆکە و سەربڕینی‌ قورانیەکەتا ئازاری‌ پێ دەگات، بەڵام هیچ کارێک لەو خێرتر نیە، با ئەو خێرە گەورە بۆ تۆ بێت، بێسارانی‌ سووتاوی‌ باڵای‌ جوانی‌ یار خەمی‌ گەردن بڕین و رژانی‌ خوێن و کۆتایی هاتنی‌ خۆی‌ نیە، لەو کاتەشدا لە خەمی‌ دەست و پەنجەی‌ ناسکی‌ یاردایە، ئەمەش ئەوپەڕی سۆز و خۆشەویستیە بۆ یاری‌ عەیاری‌.
تیغ بە دەستی‌ وێت بنیەم نەگەردن
تۆ صاحیب سەواب، من شاد وە مەردەن

 بەدەستی‌ خۆت یاری‌ نازدار چەقۆکەت بخەرە سەر گەردنم، بەو کارە تۆ پاداشتی‌ زۆر لای‌ خوا وەردەگری‌ و منیش لە ئازاری‌ عەشقی‌ تۆ ززگارم دەبێت و بەدیداری‌ بینینی‌ رووی‌ جوانی‌ تۆ شاد دەبم ئیتر ئەگەر بیشمرن قەیناکا.
 عەشقی‌ بێسارانی‌ هەموو سنوورەکانی‌  جەستە و گیانی‌ تیپەڕاندووە و گەیشتووەتە ئاستێک تەواو خۆی‌ لەبیرکردووەو تەنهاو تەنها یاری‌ جوان و نازدار و  شۆخ و عەیار دەبینێ، خۆ لە بیرکردنێک هەست بە ئازارەکانی‌ جەستە و گیانی‌ ناکات، سۆز و عەشقێک لەناو یاردا تواوەتەوە و خۆی‌ لەبیر کردووە، عەشق لەو پلەدا دەگاتە ئاستێکی‌ مەستی‌ هەموو هەستەکانی‌ عاشق لەکاری‌ تایبەتی‌ خۆیان دەکەون و لە پێناوی‌ مەعشوقدا دەگەنەوە خاڵی‌ نەبوون.

سەرچاوەکان/
1-دیوانی‌ بێسارانی‌، کیومرث نیک رفتار، چاپی یەکەم 1982 بەغداد.
2- دیوانی‌ بێسارانی‌، حەکیم مەلا صالح، چاپی یەکەم 1375 هەتاوی‌، ئێران.
3-دیوانی‌ مەحوی‌، مەلا عەبدولکەریمی‌ مودەڕیس، محەمەدی‌ مەلا کەریم، چاپی یەکەم 1977 بەغداد.
4-دیواتی‌ تاهیر بەگی‌ جاف، موحەمەد رەشیدی‌ ئەمینی‌ پاوەیی، کاروان عوسمان خەیات، جوتیار نەریمان، چاپی یەکەم 2021.

بابەتە پەیوەندیدارەکان