قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە ئەرمان تۆپجو، کونسوڵی گشتیی تورکیا و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەممە (5/2/2025) لە هەولێر بەڕێوەچوو، لەبارەی دواگۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییەکانی ناوچەکەوە ئاڵوگۆڕی بیروڕا کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی جەختیکردەوە؛ پێویستە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە بەرپرسیارانە هەنگاو بنێن.
لە تەوەرێکی دیکەدا باسی دۆخی هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کرا. لەم بارەیەشەوە، جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گفتوگۆکانی یەکێتی و پارتی دا و روونیکردەوە کە تیمە تەکنیکییەکان گفتوگۆکانیان تەواو کردەوە و بەهیواین لە ماوەیەکی نزیکدا بگەنە رێکەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە لە ئاستی چاوەڕوانی هاووڵاتییانی هەرێمدا بێت.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغداش، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی کێشە داراییەکان، هەنگاوی زۆر باش نراوە و لە دوای پەسندکردنی هەمواری یاسای بودجەش زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکانی دیکەی نێوان هەرێم و بەغدا.