حەیدەر عەبدوڵڵا
نیچە بۆ دروستبوونی مرۆڤی باڵا، هەموو هەوڵێكی دا، بەڵام لە كۆتاییدا بەتەنیا مایەوە. ئەبو عەلائی مەعەڕیی شاعیریش، بە تاسەی پەیدابوونی مرۆڤی كامڵەوە سەری نایەوە. ئەوانەی تەنیا لە سوچێكەوە مەعەڕی دەخوێننەوە، باشتر وایە نەیخوێننەوە، چونكێ نازانن رەشبینیی مەعەڕی بۆ ئەوەبوو زیاتر بە ناخی ئینساندا شۆڕبێتەوە، نەك دژایەتی پێ بكات. مرۆڤ بۆ مرۆڤبوونی خۆی بگێڕێتەوە، چیتر شانۆی ژیان بە نواندنە ساختە و هیچەكانی، تێكنەدات. ئاخر چۆن مەعەڕیی رەشبین نەبێ؟ ئەی نابینی مرۆڤ لە مێژوودا، دەستی لە هەموو جوانییەكان وەشاندووە؟ غەدری لە خۆی و هەموو گیاندارێكی سەر زەوی كردووە، بۆ ئەوە بوو بە پاشای زەوی، چونكێ بڕیاربوو دادگەریی بەرپا بكات، نەك ماڵ لە خۆی و هەموو گیاندارهكانی دیكه وێران بكات.
ئەی ئەوە نییە مەسعود محەمەدیش دەڵێت: «لە شەش ملیار كەس، حەیف بە چوار ملیار كەس بگوترێت مرۆڤ!» ناكرێ كەسێكی وەك مەعەڕی بەم هەموو مرۆڤە دڵڕەق و ژینگەشێوێن و خوێنمژانە رازی بێت. مەعەڕی، بە رەشبینیی راستەقینە، دەیویست گەشبینیی درۆینە لەسەر رووخساری مرۆڤ بسڕێتەوە. لای ئەو، مرۆڤەكان ئەگەر لە هەژاری و دەوڵەمەندی و جوانی و ناشیرینیدا لە یەكتر جیاواز بن، لە سروشتی خراپیاندا دەچنەوە سەر یەك. رۆح لە دەستی شەهوەت و سروشتی ناجۆری جەستە هاوار و فیغانیەتی، خۆزگە دەخوازێت رۆژێك بێت لێی جیا ببێتەوە.
رەشبینییەکەی مەعەڕی بەرامبەر مرۆڤی بەدخووی زەمین، گەشتۆتە رادهیهك بڵێت: "ئەگەر كەسێكتان بینی هاوكاریی براكەی كرد، ئەوە بزانە دەیەوێت فێڵێكی لێ بكات! ئەگەر چاكەكردن ئەسڵە لە مرۆڤدا، ئەی بۆچی شانازیی پێوە دەكات و خۆی پێوە هەڵدەكێشێت؟ چۆن دەكرێ مرۆڤ لە چاكەكردندا زۆر لەخۆی بكات، كەچی كاری خراپەش بە شێوەیەكی ئاسایی و سروشتی بكات!"
هاوار و ناڵینی ئەو، بۆ ئەوەیە مرۆڤ چاك بێتهوه، نەك هیچ شتێك كاری لێ نەكات و بەردئاسا لهسهر دڵڕهقییهكهی بمێنێتەوە:
كم وعظ الواعظون منا وقام في الأرض أنبياء
فانصرفوا والبلاء باق ولم تزل داؤك العياء
"ئەرێ مرۆڤ! تۆ كەی چاك دەبیت؟ ئەو هەموو پەیامهێن و فەیلەسوف و حەكیمانە هاتن و تۆیان لاواندەوە، ئامۆژگارییان كردیت، راست و چەوتییان بۆ روون كردیتەوە، كەچی تۆ لە كەلی شەیتان نەهاتیتە خوارەوە، شەڕ و بەڵا و هەراش هەر وەك خۆیان مانەوە!" لای مەعەڕی ئەگەر بتەوێ لە شەڕی مرۆڤ بەدوور بیت، دەبێت خۆت لێیان بە دوور بگریت.
مەعەڕی لە خۆڕا تووشی ئەو رەشبینییە نەبووە، دوای ئەوەی دەیان جار مرۆڤە جۆربەجۆرەكانی ئەزموون كردووە، هەموو جارێك بە ئاگری شەڕیان سووتاوە، لە رێی چاكبوونیان شەكەت بووە. لەم دەرچەیەوە سەركۆنەی مرۆڤی كردووە و دژی سروشتی خراپی وەستاوەتەوە. ئەو، وەك هێندێك پەندیار و ئەدیب نەهاتووە بە شانوباڵی مرۆڤدا هەڵبدات و نەنگی و لەنگییەكانیان بپۆشێت.
أراني في الثلاثة من سجوني فلا تسأل عن الخبر النبيث
لفقدي ناظري ولزوم بيتي وكون النفس في الجسد الخبيث
ئەو، دەیەوێ پێمان بڵێت من لەنێو سێ زینداندا گیرم خواردووە: كوێری و گۆشەگیری و جەستەی پیسم، هەربۆیە نابێ چاوەڕێی ئەوەبن دونیاتان وەك بەهەشت بۆ وێنا بكەم. بەمە دەیەوێ خۆی لەوە بدزێتەوە، كە بڵێت: من لەگەڵ ئێوەدا ژیام، هەر لەبەرئەوەی عەقڵم كرد بە سەرداری جەستەم، تووڕتان دام، چەندان تۆمەتی جۆر بە جۆرتان بۆ هەڵبەستم. ئێوە لەژێر فەرمانی شەهوەت و سۆزدا ژیانتان بەڕێوە دەبن، منیش هەرچی ئارەزوو و سۆزێكی جەستەم هەیە دەستەمۆی عەقڵم كردووە، لە هەموو خۆشی و چێژێكی ژیان دووركەوتوومەتەوە. لای ئەو، دونیا وەك ژنێكە لە سووڕی مانگانەدا بێت، مرۆڤ هەر چەند حەز بكات، ناتوانێ چیژی لێ وەربگرێت. یاخود پێی وایە دنیا بە كچ خۆی نیشانی خەڵك دەدا، بەڵام وەختێك لێی نزیك دەبیتەوە، دەبێت بە پیرەژنێكی كەنەفت و لارەمل.
مەعەڕی زۆر به قووڵیی له ژیان دهڕوانێت، چەندان رەهەندی فەلسەفی و دەروونیی ئاوێتهی یهكتر دەکات. لە روانگەی مەعەڕییەوە، ژیان وەک دۆخێکی هاودژ دەبینرێت، کە تێیدا مرۆڤ گیرۆدەی نێوان هەبوون و نەبوونە. ژیان لای ئەو دۆخێکی ناچارییە، بێ ویستی خۆمان تێی کەوتووین، هەر وەک چۆن مردنیش دۆخێکی بێگارییه و بێ حهزی خۆمان بەرەو پیری دەچین. لەم نێوەندەدا مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی لاواز و بێ دەسەڵات دەبینێت لەنێوان دوو نەبووندا (پێش لەدایکبوون و دوای مردن) راگیراوە.
لە دیدی مەعەڕییەوە، ئەم بێ دەسەڵاتییەی مرۆڤ لەبەرامبەر سروشتی ژیاندا، گهرهكه ببێتە هۆی راچهنین. لای ئهو خۆشییەکانی ژیان وێنهی سەرابن، هەتا لێیان نزیک بیتەوە، زیاتر لێت دوور دەکەونەوە. ئەوەی لە فەلسەفەی مەعەڕیدا سەرنجڕاکێشە سەرەڕای ئەم رەشبینییە قووڵە، ئەو هەوڵی داوە مانایەکی قووڵتر بۆ ژیان بدۆزێتەوە، لە رێگەی عەقڵ و زانستەوە، كۆشاوه تێبگات چۆن دەکرێت لەم دۆخە دژ به یهكهدا ههڵبكهین. لای ئەو، مەعریفە و زانست تاکە رێگەی دهربازبوونن لە وەهمەکانی ژیان.
مەعەڕی گرنگییەکی تایبەتی بە پرسی دادپەروەری و ئەخلاق داوە، پێی وابووە زۆربەی ناعەدالەتییەکانی ژیان لە نەزانیی و دواکەوتووییەوە سەرچاوەیان گرتووه، لەبەرئەوە لە شیعر و نووسینەکانیدا بەردەوام رەخنەی لە کۆمەڵگهی خۆی گرتووە و هەوڵیداوە خەڵک بەرەو بیرکردنەوەیەکی قووڵتر و خنەگرانەتر ببات. ئەم هەڵوێستە رەخنەگرانەیەی وایکردووە زۆرجار لەلایەن دەسەڵاتدارانی سەردەمی خۆیەوە بە بێ باوەڕیی تۆمەتبار بکرێت، بەڵام ئەو بەردەوام لەسەر باوەڕە فەلسەفییەکانی خۆی بهردهوام بووه.
ئەو پێی وایە ژیان لە بنەڕەتدا بێمانایە، بەڵام دەکرێ لە رێگەی عەقڵ و زانستەوە، مانایەکی دەستکرد بۆ ژیانمان دروست بکەین.