موزیک و بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکان

11:15 - 2025-02-06
ئەدەب و هونەر
183 جار خوێندراوەتەوە

کوردۆ سەردار


 
رۆڵی موزیک لە خەباتی نەتەوەییدا، هێندەی خودی بزووتنەوە شۆڕشگێرییەکان گرنگیی هەیە و بە درێژایی مێژوو موزیک پاڵنەرێکی بەهێز بووە لە داڕشتن و فراوانکردنی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییەکاندا. هەر لە وتنەوەی دروشەمەکانەوە لەسەر ریتم و میلۆدیی سادە کە بوونەتە هۆکاری فراوانبوونی گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان، تا دەگاتە میلۆدیی و گۆرانییە شۆڕشگێرییەکان کە دواجار بوونەتە ناسنامەی کەلتوری میللەتان. موزیک رۆڵێکی فرەلایەنە دەگێڕێت لە یەکخستنەوە و بەهێزکردنی تاکەکانی کۆمەڵگە کە هەوڵدەدەن بۆ گۆڕانکاریی لەنێو هەناوی گەل و نیشتمانەکەیاندا.
زۆرجار شۆڕشەکان بە کۆکردنەوەی هەموو لایەن و تاکە دژەکانی ناو کۆمەڵگە گەشە دەکەن، بۆیە موزیک وەک زمانێکی گشتگیر کاردەکات، تا ببێتە پردێک بۆ کۆکردنەوەی ئەو دابەشبوونە کۆمەڵایەتیی و کەلتورییانەی لە ژێر چەتری شۆڕش و خەباتە مەدەنیی و سەربازییەکاندا بۆ یەک ئامانج تێدەکۆشن. گۆرانی و سروودەکان کاریگەرییەکی هاوبەشیان هەیە و دەبنە هۆی گەشەسەندنی هەستی بەرگریی و سەربەخۆیی و ئازادیی و نیشتمانپەروەریی و.....هتد، لە نێو تاکەکانی کۆمەڵگەدا، بۆ نموونە لە سەردەمی بزووتنەوەی مافە مەدەنییەکانی ئەمریکادا، گۆرانییەکی وەک  We Shall Overcome بووە هێمای هیوا و خۆڕاگریی یەکخستنی گروپە جۆراوجۆرەکان لە هەوڵەکانیاندا بۆ گەیشتن بە دادپەروەریی، کە لە چەندین ناڕەزایەتی و رێپێوان و گردبوونەوەدا گۆرانیی دەگوترا و تێیدا پەیامی یەکگرتوویی و کۆڵنەدان و سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر نادادپەروەریدا بە قووڵی دەنگی دایەوە.
هەر بۆیە دەتوانین بڵێین موزیک هەڵگری پەیامێکە کە بە قووڵی کاریگەریی بەسەر مرۆڤەکانەوە هەیە، زۆرجار ناوەڕۆکێکی وروژێنەری موزیک و گۆرانییەک یان سروودێکی شۆڕشگێڕی، دەتوانێت بەها و ئامانج و بێزارییەکانی بزووتنەوەیەک بە شێوەیەک بخاتەڕوو کە هێندەی وتار و پەیامەکان یان مانشێتی راگەیاندنەکان کاریگەر بێت.
بۆ نموونە گۆرانیی (The Times They Are A-Changin)ی بۆب دیلان، کاریگەریی هەبوو لەسەر ئاڵۆزییە کۆمەڵایەتییەکانی چالاکوانان لە ساڵانی شەستەکاندا لە سەرانسەری جیهان. گۆرانییەکە لە قۆناغێکی هەستیاری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بەرچاو لە ئەمریکا، بوو بە سروودێکی بەهێزی  سیاسیی و لە نێو گەنجاندا دەنگی دایەوە.
لە زۆرێک لە شۆڕشەکاندا، موزیک وەک پارێزەری شوناسی کەلتوری، رۆڵ دەبینێت. پارێزگاریی لەو نەریتە کەلتوری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییانە دەکات کە رژێمە ستەمکارەکان هەوڵی سڕینەوەیان دەدەن. لە خەباتی نەتەوەیی گەلی کورددا، مێلۆدی و تێکستی نیشتمانیی بۆ پاراستنی شوناس و خۆڕاگریی، رۆڵی کاریگەریان بینیووە. ئەم گۆرانی و موزیکانە لە بەرامبەر سەرکوتکردنی گەلی کورددا، بەکارهێنراون. هەندێجار ئەم سروود و گۆرانییانە بە ناڕاستەوخۆ هەڵگری پەیامی شۆڕشگێڕیی بوون و رێنیشاندەر بوون بۆ بزووتنەوە و خەباتی نەتەوایەتی، ئەمە لەکاتێکدا لەژێر ناونیشان و تێکستێک پەخش و بڵاوکراونەتەوە، کە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە وەک گۆرانیی شۆڕشگێڕیی نەناسراون. 
بەدرێژایی شۆڕشە یەک لەدوای یەکەکانی کورد، هەمیشە موزیک و گۆرانیی ئامادەییان هەبووە و رۆڵی بەرچاویان بینیووە لە راپەڕین و خۆپیشاندانەکان و هاندانی جەماوەردا بەتایبەتی لە دژی رژێمی بەعس، هاوشان لەگەڵ هەڵگیرساندنی شۆڕشەکاندا، تیپی موزیک و سروود و گۆرانیی نیشتمانییش سەریانهەڵدا، هەروەک دروستبوونی تیپی موزیکی شۆڕش لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، ئەم تیپە بە نمایشی چالاکییە موزیکییەکانی لە یاد و بۆنەکاندا هەروەها تۆمارکردنی سروود و گۆرانیی نیشتمانی کە لە رادیۆکانەوە پەخشکراون، هاندەرێکی باش و کاریگەر بوون بۆ بەرزکردنەوەی رۆحی نەتەوەیی لای تاکی کورد و هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە راپەڕینەکانی گەلی کورددا تا راپەڕینی بەهاری 1991 کە سەرەنجام  دروستبوونی قەوارەیەکی کوردیی لە باشووری کوردستان لێکەوتەوە، گۆرانیی و موزیک و سروودە نیشتمانییەکان بەشێک بوون لە تەواوکاری ئەو پلان و نەخشە سیاسییەی بۆ راپەڕین و ئازادبوونی ناوچەکانی کوردستان داڕیژرابوون، هەر بۆیە هەمیشە لە کاتی ئازادکردنی ناوچەیەک لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی پێشوو، ئەو موزیک و گۆرانییانە پەخش دەکران لە کاتی سەرکەوتنەکاندا دەبوونە هۆی هەستی جۆشدان، لەکاتێکدا بۆ کۆست و شەهیدبوونی سەرکردەکان ئەو موزیکە خەمناکانە پەخش دەکران کە هەست و سۆزی تاکی کوردیان دەوروژاند و رۆحی تۆڵە سەندنەوەیان لە ناخیاندا دەچەسپاند. هەندێجار ناوی ئەو موزیکانە بەناوی خۆیانەوە نەدەناسران، بەڵکو بەپێی بەکارهێنانیان بۆ ئەو مەبەست و بابەتەی پەخش دەکران ناودەبران، وەک موزیکی (کاروانی نەمران یان کاروانی شەهیدان).
ساڵی 2003 لە سەروەختی رووخانی دەسەڵاتی پیشوو لە تەواوی عیراقدا، بەشیک لەو ناوچە کوردییانەش ئازادبوون کە هێشتا لەژێر گوشاری ئەو دەسەڵاتەدا بوون، موزیکژەن و گۆرانیبێژان لەو کاتەدا بە چەندین گۆرانی و موزیکی نیشتمانی، رۆڵی کاریگەریان بینی کە سەرەنجام بووە هۆی هێنانە کایەی دەیان بەرهەمی ناوازە و بەشێکیان تا ئەمڕۆش رۆڵ و کاریگەرییان هەروەک خۆی ماوە و بگرە لە تەواوی پارچەکانی کوردستاندا لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەییەکاندا هاوشانی سروودی نیشتمانیی (ئەی رەقیب) پەخشدەکرێن، وەک سروودی نیشتمانیی(هەر کوردبووین و هەر کورد دەبین) کە شیعری مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد -ە، هەروەها گۆرانیی(کوردستان)ی  هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا. 

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان