دیداری/ ئەیاز هەركی
لالیش ئۆسێف، ژنێكی دەستڕەنگینی خەڵكی بەدلیسی باكووری كوردستانە و یەكێكە لە نووسەرانی كتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەكانی ژنانی كورد، كە تیایدا بیست ژنی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستانەوە چیرۆكی خۆیان و ژنان بە شێوازی خۆیان دەگێڕنەوە.
لالیش ئوسێف بە دوالاپەڕەی وت: كتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەكانی ژنان، چیرۆكی بیست ژنی كورد لە هەموو بەشەكانی كوردستان لەخۆدەگرێت و بیست ژن بەشدارییان تێدا كردووە، كە چەندین بابەتی گرنگی جیاواز لەخۆدەگرێت. كتێبەكە چیرۆكی بیروباوەڕی ژنان و فشاری پیاوانە بۆ هاوسەرەكانیان و ئازادیی ژن و شەڕ و ژیان و چەندین چیرۆكی جیاوازی دیكە لەخۆدەگرێت كە رۆژانە رووبەڕووی ژنان دەبنەوە. ئامانجی ئێمە لە نووسینی ئەم كتێبەدا ئەوەیە كە ئەم ژنانە لە یەك پڕۆژەدا كۆبكەینەوە و نووسینی خۆیانی تێیدا بنووسن وجێگەی خۆیان لە ئەدەبی كوردیدا بگرن.
وتی: ئامانجێكی تری ئەم كارەمان بریتییە لە لێك نزیككردنەوەی ئەو ژنانە بۆ ئەوەی لە چالاكییەكانیان نزیك بن و ئاگاداری هەنگاوەكانی رۆژانەی یەكتر بن لە پێناو خزمەتی گشتی بە ژنانی كوردستان. ئەم كتێبە یەكەم نموونەی چیرۆكی بیست ژنی كوردە كە پێكەوە چاپ و بڵاودەكرێتەوە.
وتیشی: نووسین بە تایبەت بۆ ژنان، ئازادیی رەها بە ژنان دەبەخشێت و رێگە بۆ ژنان دەكاتەوە كە بە پێنووسی خۆیان وەك چەكێك داكۆكی لە ماف و باوەڕەكانیان بكەن. پێم وایە پێنووس باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی ژنانی كوردستان پێشبكەون و دیاربن.
كتێبی ئەنتۆلۆژیای ئازارەكانی ژنان لە 180 لاپەڕە پێكهاتووە و بە ئەلفوبێی كوردی ـ لاتینی چاپ و بڵاوكراوەتەوە.