سەرۆک بافڵ بۆ ئەمینداری گشتی یەکگرتوو: پەرۆشی یەکێتیی دووپاتدەکەمەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان

04:33 - 2025-02-06
کوردستان
1554 جار خوێندراوەتەوە

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، بەبۆنەی 31 ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد و تیایدا ستایشی ئەو رۆڵە میانڕەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی کرد و هیوای بەردەوامبوونی بۆ خواستن لەسەر ئەو رێچکەیە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان:

بەڕێز مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین محەمەد به‌هادین، ئەمیندارى گشتیی یه‌كگرتووى ئیسلامى كوردستان

بەڕێزانمان لە سەرکردایەتی و برایان و خوشکانمان لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان.

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت.

بەبۆنەی سی و یەکەمین ساڵەی راگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە، لەدڵەوە پیرۆزبایی گەرمتان ئاڕاستەدەکەین و هیوادارم رۆڵی میانڕەوانەی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەردەوام بێت لە پێناو بەهێزترکردنی قەوارەی هەرێم و بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان.

لەم دەرفەتەدا بەڕێزو پێزانینەوە لە رۆڵی جەنابتان و یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڕوانین، وەک هێزێکی کاریگەریی گۆڕەپانی سیاسی لەهەرێم، کە هەمیشە بەشێک بوون لە یەکڕیزی و یەکخستنی ماڵی کورد و تەبایی و برایەتی نێوان پێکهاتەکانی کوردایەتی.

 پەرۆشی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتدەکەمەوە لە گەشەپێدانی پەیوەندییەکانمان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو سەرخستنی هەنگاوەکان بۆ هێنانە کایەی حکومڕانییەکی تەندروست و خزمەتگوزار و چارەسەرکردنی کێشەکان و دابینکردنی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکە خۆشەویستەکەمان.

‏‎هەر شاد و سەربەرزو سەرکەوتووبن 

‏‎بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان